کوردستان
بەرپرسی نوێی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت، "دەبێت هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی 'ژیرانە' مامەڵە بکات".
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نوێی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە یەکەم لێدوانی دوای دەستبەکاربوونی، هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت: "یان دەبێت هەمووان بە ئارامی بژین، یان هەمووان لێی بێبەش دەبن."
شەوی سێشەممە، 17-03-2026، ئەبو موجاهید عەساف، کە وەک جێگرەوەی ئەبوعەلی عەسکەری لە پۆستی بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەستبەکاربوو، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تێلیگرام هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، دەبێت هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی "ژیرانە" مامەڵە بکات، "ئەگەرنا کۆمپانیا و دامەزراوەکانیان لە پارێزگاکانی عێراقدا دەگۆڕدرێن بۆ موڵکی گەلی بەشخوراو."
ئەبو موجاهید عەساف ئاماژەی بەوە کردووە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا هۆکاری ناسەقامگیریی عێراقە و گوتی: "ئاسایش لە عێراق بەدی نایەت تاوەکو دوا سەربازی بیانی لە خاکەکەمان نەچێتە دەرەوە."
بەرپرسی نوێی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا باسی لەوەش کردووە کە ئەو "خەڵاتەی" پێشتر لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامییەوە بۆ کوژرانی هەندێک کەس دیاریکرابوو، هێشتا بەردەوامە و هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پشت "پارێزبەندیی دیپلۆماسی یان کاری سیاسییەوە" کاری سیخوڕی دەکەن. عەساف دەڵێت: "ئەمانە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ سەربازانی داگیرکەر نییە."
هەر لە پەیامەکەیدا، عەساف هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە کەناڵ و پلاتفۆرمە میدیاییەکان و بە "میدیای فیتنە و بەکرێگیراو" ناوی بردوون و دەڵێت، ئەو میدیایانە لە خزمەت ئیسرائیل و ئەمریکادان و "چیتر بێدەنگییان بەرانبەر نانوێنرێت."
رۆژی دووشەممە 16-03-2026، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، کوژرانی ئەبوعەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی پێشووی گرووپەکەی راگەیاند و "حاجی ئەبو موجاهید عەساف"ی وەک جێگرەوەی ئەو دەستنیشان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ