رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دەڵێ، مانگی نیسان بۆ پرۆسەی چارەسەری دەبێتە قۆناخێکی چارەنووسساز؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت بوون و پێگەی کورد بە یاسا بناسێندرێ.
موراد قەرەیلان، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026 بۆ میدیای نزیک لە پەکەکە لەبارەی بابەتەکانی رۆژەڤ قسەی کرد و تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا.
قەرەیلان گوتی، چارەسەریی پرسی کورد گەیشتووەتە قۆناخێک کە چی دیکە ناکرێت دوابخرێت. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر پرۆسەکە پێش نەخرێ، ئەوان بۆ هەموو دۆخێک ئامادەن.
قەرەیلان دەڵێت، "دەبێت ئەوە بزانرێ کە ئێمە بێ بژاردە نین و جێگرەوەمان هەیە. ئێمە بزووتنەوەیەکی خاوەن ئەزموون، بەهێز و کۆمەڵایەتین. ئەگەر چارەسەری سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئێمە بۆی ئامادەین. ئەگەر سەرنەکەوێ، ئێمە بۆ ئەو دۆخەش ئامادەین. ئێمە بزووتنەوەیەکی تازە دەرکەوتوو نین، ئێمە خاوەن ئەزموونین. قووڵایی، هێز و ئەزموونی ئێمە کە دەتوانێ بە رێگەی جیاواز سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە ئاستێکی پێویستدایە."
قەرەیلان لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گوتی، ئەم شەڕە "شەڕی سێیەمی جیهان"ە و لە بەرژەوەندیی هێزە هەژموونخوازەکاندایە. باسی لەوەش کرد، بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە لەم شەڕەدا نییە، بۆیە ئەوان لایەنگری هیچ لایەنێک نین.
قەرەیلان گوتی، "ئەمڕۆ گەلانی ئێران و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم شەڕەدا بە قۆناخێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕن. چارەنووسی گەلانی ئێران پێکەوە بەستراوەتەوە. باوەڕم وایە کە گەلی ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاڵی خوێندنەوەی دروستی پرۆسەکەدا خاوەن ئەزموونە، بە هۆشیارییەوە دەجووڵێتەوە و ئەو ئەرکانەی دەکەونە سەر شانی جێبەجێیان دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ