گرووپێکی چەکداری عێراقی: لە 15 رۆژدا 110 هێرشمان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" بانگەشەی ئەوە دەکات، لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا 110 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، دەشڵێت، هێرشەکانی بەردەوام دەبن.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، گرووپی چەکداری "سەرایا ئەولیا دەم" راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەو هێرشانە وەک "تۆڵەکردنەوەیەک" بووە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو چەکدارە عێراقییانەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکادا کوژراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەو گرووپە ئاماژەی بەوە کردووە: "موجاهیدەکانمان لە ماوەی 15 رۆژدا، 110 ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی جەنگی 'وەعدی سادقی چوار' (الوعد الصادق 4)."
 
سەرایا ئەولیا دەم جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکان نەوەستاون و دەڵێت: "ئێستا لە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانمانداین و بەردەوامین لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا."
 
لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە چڕکردووەتەوە و رۆژانە بەرپرسیارێتیی چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی دەگرنە ئەستۆ، بە تایبەتی ئەو هێرشانەی دەیانکەنە سەر هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە