رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی چەلێ لە سەنتەری پارێزگای دهۆک ئاگری گرتووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی پەیامنێری رووداو، زیاتر لە 300 دووکان سووتاون.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕەکە کەوتووەتەوە. حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لەنێو بازاڕی دهۆک رایگەیاند، 24 تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئاگرەکە گەورەیە و نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
عەمید حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، زیاتر لە 360 کارمەندیان لە کاردان، لەگەڵ هاونیشتمانییان لە قۆناخەکانی کۆتایی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.
لەبارەی زیانی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، قەبارەی زیانەکان دیار نین، بەڵام جێی دڵخۆشییە کە تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، زیاتر لە کاژێرێکە ئاگر کەوتووەتەوە، چەند دووکانێک سووتاون، بەڵام هێشتا نازانرێت ژمارەیان چەندە و زیانەکانی چۆنن.
بەشێک لە هاونیشتمانییان لەنێو بازاڕی دهۆک هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 300 دووکان لە بازاڕی چەلێ سووتاون.
بازاڕی چەلێ یەکێکە لە بازاڕە دێرییەکانی پارێزگای دهۆک و پەیامنێری رووداو دەڵێت، زیاتر لە 60٪ـی بازاڕەکە بە تەواوی سووتاوە.
دووکاندارێکی بازاڕی چەلێ لە دهۆک دەڵێت، تەنیا بۆ ئەم وەرزە بە بەهای زیاتر لە 23 دەفتەر کەلوپەلی نوێی هێناوە، بەڵام هەمووی سووتاوە و هیچی بۆ دەرنەچووە. دەشڵێت، "بە بەهای زیاتر لە 50 دەفتەر دۆلاریش کەلوپەل لە دووکان و کۆگاکانی دا هەبووە و هەموویان سووتاون."
هێشتا هۆکاری ئاگرەکە ئاشکرا نییە، بەڵام بەشێک لە دووکانداران دەڵێت، بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ