سەرۆکی یانەی دهۆک داوای لێبووردن لە یانەی زاخۆ دەکات

01-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکە
کۆنگرە رۆژنامەڤانییە هاوبەشەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک دەڵێت، رێگە نادەن هیچ کەسێک ببێتە هۆکاری دروستبوونی جیاوازی لەنێوان شارەکانی دهۆک و زاخۆدا. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەڵێت، ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە یارییەکدا روویدا جێگەی نیگەرانییە و تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 01-04-2025 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەگەڵ سەرۆکی یانەکانی دهۆک و زاخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنانەڤانیی هاوبەشدا باسیان لە رووداوەکانی دوای یاریی نێوان دهۆک و زاخۆ کرد.
 
د. عەلی تەتەر رایگەیاند، "جیاوازی لەنێوان دهۆک و زاخۆ نییە، خەریکە دەبینە یەک شار؛ سەرکەوتنی زاخۆ سەرکەوتنی دهۆکە و بە پێچەوانەوە." گوتیشی، "هیچ کاتێک وەرزشی دهۆک و زاخۆ هێندە پێشنەکەوتووە؛ هیوادارین بتوانین جامی کەنداو و عێراق ببەین."
 
پارێزگاری دهۆک گوتیشی، "چەند کەسێک بێ رێزییان کردووە کە نوێنەرایەتیی هیچ یانەیەک و تەنانەت خێزانەکانی خۆشیان ناکەن. زۆرینەی خەڵک لەگەڵ ئەو رەفتارە نین کە کرا."
 
عەلی تەتەر رایگەیاند، چەند "کەسێکی تێکدەر" دەستگیرکراون و هەر کەسێک بەردەوامی بەو جۆرە کارانە بدات "رێکاری تووند بەرامبەری دەگیرێتەبەر. دهۆک و زاخۆ ناکەینە قوربانیی کەسانی تێکدەر؛ رێگەش نادەین جیاوازی بخەنە نێوان دوو شاری دراوسێ و برا."
 
هاوکات گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باسی لەوە کرد، ئەوانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەن "رۆحی وەرزشییان نییە" و گوتی، "ئەوەی روویدا جێگەی داخە و لیژنە پێکهێندراوە بۆ ئەوەی تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."
 
گوهدار شێخۆ داوای لە هاندەرانی هەردوو یانەکە کرد، بە شێوەیەکی دروست هانی یانەکانیان بدەن.
 
دوای یاریی دهۆک و زاخۆ کە لەنێو یاریگەی دهۆک بەڕێوەچوو و دهۆک بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر براوە بوو، چەند کەسێک هەندێک قسە و جووڵەیان کرد کە وەک بێ رێزی بە یانەی بەرامبەر لێکدرایەوە. 
 
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک رایگەیاند، لە بەرامبەر قسە و جووڵەکانی راهێنەری یانەکەیان کە بووە هۆی نیگەرانیی یانەی زاخۆ و هاندەرانیان "داوای لێبووردن دەکەین و سەرۆکی یانەش ڤیدیۆیەک دەکات و روونی دەکاتەوە کە مەبەستی بێ رێزێکردن نەبووە".
 
سەرۆکی یانەی زاخۆش سوپاسی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە هاتوونەتە سەر هێڵ و لیژنەیان پێکهێناوە و گوتی، "هاندەران رێز لە ماندووبوونی یاریزانان و تیمەکان بگرن و دەست لەسەر برینەکان دابنێن، ئێمە برای یەکدین و جیاوازیمان نییە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای گۆڕان، کوردستان و عێراق لە گردی زەرگەتەی سلێمانی. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

گۆڕان کۆنفرانس دەبەستێت؛ هەردوو ئاراستەکە بانگهێشت کراون

بڕیارە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆنفرانسی نیشتمانیی خۆی لە شاری کەرکووک ببەستێت. رێپێدراوی بزووتنەوەکە لە کۆمیسیۆن دەڵێت، هەردوو ئاراستەکە ئاگادارکراونەتەوە