رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی چەمچەماڵ و دەوروبەری.
د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاندووە، "لەپێناو بەشداریکردن و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵی ئازیز و دەوروبەریدا و بۆ بەدەنگەوە هاتنی قوتابیان و خوێندکارەکانیان لەم کارەساتە سرووشتییەدا" بڕیارەکەیان داوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا رایگەیاندووە، بڕیاری لێخۆشبوونیان دا "لە پارەی کرێی خوێندنی قوتابی/ خوێندکارانی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، کە بە پارالێل یان خوێندنی ئێواران وەرگیراون لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس)، خوێندنی باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا)، لە سەرجەم زانکۆکان بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی (2025 - 2026)."
د. ئارام محەممەد ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە خوێندکاران/ قوتابیان بە دۆکیۆمێنتی یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن، یان ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بۆئەوەى بڕیارى لێخۆشبوون لە کرێى خوێندن بیانگرێتەوە."

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ