رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی دەڵێ، قوتابخانەکانی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێنەوە، کتێبی نوێ دەدرێتە قوتابییان و کەلوپەلی قوتابخانەکانیش دابین دەکرێنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "سبەی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی چەمچەماڵ دەنێردرێ."
دوای لافاوەکەی رۆژی سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەم کە زیانێکی زۆری بە بەشێک لە قوتابخانەکان، ماڵ و دووکانی سنووری چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری گەیاند، دەوام لە قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیە راگیرا.
رۆژی شەممە، 13ی کانوونی یەکەمی 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداوی کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "سەرۆکی حکومەت هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بەدەم بابەتی لافاوەکەی چەمچەماڵەوە بچن. یەکێک لە وەزارەتە پەیوەستەکان، وەزارەتی پەروەردەیە. پێنجشەممەی رابردوو وەزیری پەروەردە و شاندێک سەردانی بەشێک لە قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵیان کرد و لەگەڵ پەروەردەی گشتیی سلێمانی و چەمچەماڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە."
بە گوتەی سامان سیوەیلی، بەپێی ئامارەکان، 12 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە؛ 10یان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە نۆژەن دەکرێنەوە و دووانی دیکەش لەلایەن دەزگا و سەرمایەدارانەوە نۆژەن دەکرێنەوە؛ باسی لەوەش کرد: "بەهۆی لافاوەکەوە بەشێکی زۆری قوتابییان، لە قوتابخانە و لە ماڵەکانیشیاندا کتێبەکانیان لەدەستداوە و لەنێوچوون. وەزیری پەروەردە بڕیاری داوە کتێب بۆ هەموویان دابین بکرێ."
چوار رۆژ بەسەر لافاوەکەدا تێپەڕیوە. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "ئەمڕۆ ئێوارە بەشێک لە ئامارەکانمان بۆ نێردرا، بەڵام هێشتا ورد نین. لە رۆژانی داهاتوودا ئاماری تەواوی بەردەست دەبێ. هەروەها داوامان لێکردوون لیستێکمان بۆ ئامادە بکەن و کەلوپەلەکانی وەک مێز، قەنەفە، کۆمپیوتەر و زۆپا تێیدا بنووسرێت. وەزارەتی پەروەردە جگە لەو 50 ملیۆن دینارەی بۆ نۆژەنکردنەوە تەرخان کراوە، تێچووی پێداویستییەکانیش خەرج دەکات."
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ تەرخان کراوە. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "سبەی ئەو 50 ملیۆن دینارە دەنێردرێت کە تەنیا بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانە."
رۆژی 15ی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات. سەبارەت بە چەمچەماڵ، سامان سیوەیلی گوتی: "وەزیر دەسەڵاتی داوەتە پەروەردەی سلێمانی و چەمچەماڵ کە هەر کارێک بە گونجاوی دەزانن بیکەن. ئەمڕۆ کۆبوونەوە کراوە و بڕیاردراوە تاوەکو 4ی شوبات دەوام لە قوتابخانەکانی چەمچەماڵ نەبێ. دوای ئەوەی دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن، لە 11ی هەمان مانگ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دەستپێدەکات."
لە سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ 203 قوتابخانە هەن و بەشێکیان بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ