زانکۆی جیهان تاقیکردنەوەکانی دوادەخات و پەیمانگەی ناشناڵ گۆڕانکاری لە خشتەکانی دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بارودۆخی ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی شارەکان نیشتەجێن و گەڕانەوە بۆ سیستمی خوێندنی ئۆنلاین، زانکۆی جیهان لە هەولێر تاقیکردنەوەکانی بۆ کاتێکی نادیار دواخست و لە سلێمانیش پەیمانگەی تەکنیکیی ناشناڵ گۆڕانکاریی لە خشتەی تاقیکردنەوەکاندا کرد.
 
سەرۆکایەتیی زانکۆی جیهان لە هەولێر بڕیاری دا تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران کە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە دەست پێبکەن، بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.
 
د. ئەمجەد دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، رۆژی چوارشەممە، یەکی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانمان نیشتەجێی پارێزگاکانی دیکەن و لە دەرەوەی شارن، بۆ رەچاوکردنی بارودۆخیان بڕیارمان دا تاقیکردنەوەکان دوابخەین."
 
سەرۆکی زانکۆی جیهان جەختی لەوەش کردەوە کە تاقیکردنەوەکان دەبێت لەنێو کەمپی زانکۆدا بکرێن، نەک بە شێوەی ئۆنلاین، هەر بۆیە چاوەڕێی باشتربوونی بارودۆخی هاتووچۆی خوێندکاران دەکەن بۆ دیاریکردنی کاتێکی نوێ.
 
لەلایەکی دیکەوە و لە شاری سلێمانی، ژمارەیەک لە خوێندکارانی پەیمانگەی تەکنیکیی ناشناڵ نیگەرانیی خۆیان لە چڕیی خشتەی تاقیکردنەوەکانیان نیشان دا، بەتایبەتی کە تاقیکردنەوە بۆ رۆژی هەینیش دانرابوو.
 
لە بەرامبەردا، د. حەکیم عوسمان، راگری پەیمانگەی تەکنیکیی ناشناڵ لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ بەرژەوەندیی خوێندکاران و دوای بیستنی داواکارییەکانیان، بڕیارمان دا تاقیکردنەوەی رۆژی هەینی دوابخەین و گۆڕانکاری لە خشتەکەدا بکەین."
 
راگری پەیمانگەکە ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ئەوەی بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین کتوپڕ بووە، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی خوێندکاران زیانیان بەرنەکەوێت و بتوانن بەبێ گوشار ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی کۆرسی یەکەم بکەن.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گازی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر-رووداو

لە هەولێر دابەشکردنی گازی ماڵان 80% کەمیکردووە و لە سلێمانی و هەڵەبجە بووە بە پسوولە

بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی گاز، پرۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گرفت بووەتەوە، لە هەولێر بڕی گازەکە 80% کەمیکردووە و لە سلێمانی و هەڵەبجەش شێوازی دابەشکردن گۆڕدرا بۆ "پسوولەی خۆراک".