رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، ساڵانە دوو ملیار دۆلار لە ئەنجامی بەرهەمهێنانی نەوت لە چیای گاباری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەچێتە گەنجینەی دەوڵەت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەرتە هەلی کاری بۆ 3200 کەس لە شرنەخ رەخساندووە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە گوتەیەکدا لە لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی ئاکپارتی لە پارێزگای ئەسکیشەهیر قسەی کرد.
بایراکتار گوتی، رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوت لە گابار بەرهەم دەهێندرێت، ئەوە لەکاتێکدایە سەردەمانێک ئەو ناوچەیە شەڕی تێدا بوو.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: "ساڵانە دوو ملیار دۆلار لەو (نەوتەی چیای گابار) دەستدەکەوێت؛ هیوادارین لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم، داهات زیاد بکات. لە سایەی ئەم پڕۆژەیە، ئێستا لە شرنەخ و گابار هەلی کارمان بۆ سێ هەزار و 200 کەس رەخساندووە".
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا باسی لە هەوڵەکانی بۆ سەربەخۆیی وزەی تورکیا کرد و گوتی: "لە 22 ساڵی رابردوودا ئەو پارەیەی بۆ هاوردەکردنی وزە خەرجمان کردووە، یەک ترلیۆن دۆلار بووە. چیرۆکی سەربەخۆیی وزەمان لە راستیدا چیرۆکێکی یەکسانە بە چیرۆکی سەربەخۆیی ئابوورییمان".
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023، دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. ئەوکات تورکیا رایگەیاند، بەرھەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن؛ لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەیە. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ