رووداو دیجیتاڵ
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار لە پێش جەژن بە رووداوی گوت، "هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی مووچە، بەڵام تائێستا ئاماژەی ناردنی پارەمان بۆ نەهاتووە".
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج رایگەیاند: "ناتوانم زانیارییەک بدەم کە لێی دڵنیا نەبم. لە هیچ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە هیچمان پێنەگەیشتووە، لەنێو عێراق و دەرەوەی عێراقیش کار لەسەر ئەوە دەکرێت پێش جەژن مووچە بدرێت."
وەزیری دارایی دەشڵێت: "هێشتا پشکی خۆمانمان پێنەدراوە." هاوکات، باس لەوە دەکات، هەر کاتێک پارە بنێردرێت، "لە 24 کاژێردا مووچە دابەش دەکەین. بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بە وەزارەتی دارایی عێراق نەدراوە بۆ ناردنی مووچە."
بەغدا وا هەژماری کردووە کە "ئێمە هەموو رۆژێک نەوتمان بە 70 دۆلار فرۆشتووە، دەڵێت، پشکی خۆتان تەواو بووە."
ئاوات شێخ جەناب باس لەوە دەکات، "ئەوەی لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا تێگەیشتووین، عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت. دژی پێشمەرگە و سەربازییمانە، دژی پەیوەندییەکانمانە."
دەشڵێت، "دەتوانم بڵێم 90٪ـی داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردووە. زۆر بە شەفافیەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بەغدا کردووە."
وەزیری دارایی لەبارەی پلانی جێگرەوە لە ئەگەری نەناردنی پارە لە بەغداوە، دەڵێت: "بەدڵنیایی تەسلیمی بەغدا نابین و ئەگەر مووچەش نەنێرن، لەگەڵ هەناردەکردنەوەی نەوت، دەتوانین بە داهاتی نەوت و نێوخۆ خۆمان بژیێنین و پلانی جێگرەوەمان هەیە.. ئەوەی تەیف سامی داوای دەکات نایاساییە."
هاوکات، لەبارەی هەناردەکردنی نەوت قسەی کرد: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، عێراق کێشە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ دروست دەکات."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەشی هەواڵەکان پێم دەڵێن لە جەنابی وەزیر بپرسە کەی مووچە دێت؟ پێش جەژن یان دوای جەژن؟
وەزیر: خۆشحاڵم بەم دیدارە. ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ ئێوە دانەنیشتووین. کەی مووچە دێت؟ پرسیارێکە خۆم لەم ماوەیە جۆرێک لە گەشبینی هەمە دەتوانم بڵێم خێرەمەندان و پیاوچاکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقی خەریکن بۆ ئەوەی دەرچەیەکی بۆ بدۆزنەوە و ئەم کێشەیە چارەسەر بێت. پێموایە بە جۆرێک چارەسەر بکرێت. ئومێدم هەیە بە جۆرێک چارەسەر بکرێت. بەڵام لە قسەکانی بەڕێزتان باست لە دوو رەهەند کرد.
رووداو: بەڵام ئەم وەڵامە گیرفانی خەڵک گەرم ناکاتەوە. پێش جەژن یان دوای جەژن دێت؟ یان هیچ نایەت؟
وەزیر: نامەوێ نە لەگەڵ بەڕێزتان و نە لەگەڵ هیچ کەسێک زانیارییەک بدەم کە 100٪ لێی دڵنیا نەبم. ئەوەندەی من دەزانم ئەو دۆخەی ئێستا دروست بووە دۆخێکی دەستکردە. هیچ راستییەکی تێدا نییە.
رووداو: خەڵکێک دەڵێت سێشەممە دێت. خەڵکێک هەیە دەڵێت پێش جەژن دێت. ئەمانە پشتڕاست ناکەیتەوە؟
وەزیر: لە سەرچاوەیەکی دروست هیچ زانیارییەکمان پێ نەگەیشتووە. لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوام لەسەر هێڵین. ئەوەی پێمان گەیشتووە تا ئەم ساتە رێنماییان بۆ نەهاتووە بۆ خەرجکردنی مووچە. ئەوەی مەبەستمە باسی بکەم ئەو جموجۆڵە سیاسییەیە کە هەیە لەسەر ئاستی ناوەوە و دەرەوەی عێراق کە کار لەسەر ئەوە دەکرێت پێش جەژن مووچە بێت. جۆرێک لە گەشبینی هەیە کە سەربگرێت. ئومێدەوارم سەربگرێت.
رووداو: ئەویش بۆ یەک مانگ؟
وەزیر: ئیدی با بزانین چی بەدواوە دێت؟ بەڕێزتان لە پێشەکی بەرنامەکەتان باستان لەوە کرد کە هەندێک پێیانوایە ئەمە رەهەندی سیاسیی هەیە و هەندێکیش پێیانوایە رەهەندی تەکنیکی و هونەری و شتی دیکەی هەیە. تەنانەت بابەتی نەبوونی شەفافییەت و گەندەڵی.
رووداو: دەکرێ مووچە بە قەرزیش نەدرێت؟
وەزیر: وشەی قەرز، نابێ قبووڵ بکرێت چونکە تۆ لەسەر شایستەی خۆتە قەرزی چی؟ ئەو مانگانەی پێشوو و لە پار و پێراریشەوە هەندێکجار پارەکە گوایە بە قەرز پێت دەدات بۆ تەواوکردنی مووچەکانمان. هەموو ئەمانە دەتوانم بەبێ دوو دڵی بڵێم ستەممان لێکراوە. چونکە لە شایستەی خۆمان قەرزیان پێداوین. ئەمە لەم رێکارە خۆ بەزڵزانەیە کە لە بەغداوە بەرامبەر ئێمە کراوە. ئەگینا تۆ لە 100٪ی شایستەت وەرنەگریت قەرزی چی؟ ئێمە لەناو شایستەکانی خۆماندا بەمشێوەیە بۆمان تەرخان کراوە لە یاسای بودجە کە هاتووە و بە تەواوەتی پێمان نەدراوە و ئەو زیادەیەی کە پێمان دراوە ناویان ناوە قەرز.
رووداو: کەواتە ئامادەنین بە قەرز وەریگرن؟ ناتانەوێ ناوی قەرز پێوەی بلکێندرێت؟
وەزیر: بەهۆی ئەوەی دۆخی خەڵک خراپە، حکومەتی هەرێم ئەوپەڕی نەرمی نواندووە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت. ئێمە لە مانگی دووەوە لەگەڵ بەڕێز خاتوو تەیف دانیشتین. دوو رۆژ لە بەغدا ماوینەوە و تەواوی تیمی تەکنیکیمان خستە خزمەتی خاتوو تەیف و دانیشتین و خۆی تا کاژێر 9:00ـی شەو لەگەڵیان دانیشت و لەسەر هەموو شتێک رێککەوتن. رێککەوتنەکەش بە نووسراو هەیە. ئەمە نووسراوی رێککەوتنەکەیە.
رووداو: خۆت چەند دەبێت لەگەڵ تەیف سامی قسەت نەکردووە؟
وەزیر: لەو سەفەرەوە قسەمان نەکردووە واتە لە مانگی دووەوە قسەمان نەکردووە. لەنێوانماندا تیمی هەردوولایەنمان هاموشۆی یەکدی دەکەن ئەوان بۆ لای ئێمە و ئێمەش دەچینە لای ئەوان. ئەم کارەمان بۆیە کردووە بۆ ئەوەی بیانووەکان ببڕین. هەموو سەرە مانگێکی مووچە ئێمە بەڕێوەبەری ژمێرکاری و راوێژکاری وەزارەتی دارایی بە لیستەکانیانەوە دەچنە بەغدا بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک هەبێت دەستبەجێ چارەسەری بکەن.
رووداو: بە قسەی خۆت ئەگەر خێرەمەند چارەسەریان کرد، سێشەممە مووچە هات...
وەزیر: ناڵێم خێرەمەند، مەبەستم هەوڵە چاکەکارەکانە
رووداو: ئەگەر هەوڵە چاکەکارەکان لە ئاستی سیاسیدا سەریگرت، ئەگەر مووچە سێشەممە هات، چوارشەممە تیمە تەکنیکییەکانتان دابەشی دەکەن؟
وەزیر: تیمەکانمان هەمیشە ئامادەن. هەر کات بگاتە سەر هەژماری ئێمە پارەکە کەمتر لە 24 کاژێر دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: هیچ ئەگەرێک هەیە بڕیارەکەی تەیف سامی هەرچەندە تۆ دەڵێیت بڕیاری تەیف سامی نییە بڕیاری پشت تەیف سامییە، هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ حەوت مانگی دیکەش بودجە و مووچە نەنێرن؟
وەزیر: خۆی ئەو پاساوەی نووسراوە، پاساوێکە تەنیا بۆ پێکەنین باشە. ئەو نووسراوەی خاتوو تەیف کردوویەتی دایناوە کە تا مانگی چوار مووچەی بۆ رەوانەکردووین. نەک حەوت مانگ ئەگەر نەینێرن دەبێتە هەشت مانگ. بەشێوەیەک حیسابی کردووە کە ئەگەر تا کۆتایی ساڵ مووچەمان پێ بدات دەکاتە 13 ترلیۆن. ئەوەی بۆمان دابینکراوە 13 ترلیۆنە. بەمشێوەیە دایناوە ئێمە نەوتمان فرۆشتبێت بۆ هەموو رۆژێک 400 هەزار بەرمیلی هەژمار کردووە جارانی 70 دۆلاری کردووە و جارانی 30 رۆژی کردووە و جارانی 12 مانگی کردووە و کۆی گشتی کردووەتە 10 ملیار و پاشان کردوویەتییە دیناری عێراقی و کردوویەتییە 14 واتە 14 لێرە و 13 لەوێ ئەمەی کردووەتە 27. هەروەها بۆ کۆتایی ساڵ داهاتی نێوخۆیی کردووەتە 4 ترلیۆن و شتێک هەموو ئەمانەی کۆکردووەتەوە و کردوویەتییە 30 ترلیۆن. لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێت هەرێم شایستەی نەماوە. باوەڕتان هەبێت، شتێکی دروستکراوی تا رادەیەکی زۆر ناشیرینە.
رووداو: گلەییت لە تەیف سامی هەیە یان ئەوانەی لە پشت تەیف سامین؟
وەزیر: ئەوانەی پشت تەیف سامین. تەیف سامی خۆی مرۆڤێکی باشە و کادیرێکی دارایی سەرکەوتووە. فەرمانی پێ دەکەن ئەویش جێبەجێی دەکات و ناتوانێت پێچەوانەکەی بکات. دەتوانێت یەکەم و دووەمیش چارەسەر بکات.
رووداو: خەڵکی کوردستان دەڵێت هەردوو وەزیرەکە فەرمانیان پێ دەکرێت کەسیان وەکو وەزیرەکانی دارایی ئەورووپا سیاسەتی دارایی داناڕێژن لەسەر ئەمە قسەت چییە؟
وەزیر: لە ئەورووپا و ئەمریکا و لە هەموو شوێنێک وەزیری دارایی بەشێکە لە سیستمی ئەنجوومەنی وەزیران. لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا فەرمانی پێ دەکرێت، وەزیر فەرمان بەسەر حکومەت ناکات. بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی وڵاتەکەی جێبەجێ دەکات. وەزیر ئەو لایەنە نییە فەرمان بدات، بەپێچەوانەوە.
رووداو: فەرمان جێبەجێکردن لە کاری دەوڵەتداریدا سروشتییە، بەڵام من مەبەستم ئەوەیە وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو چەند پلانی دارایی وڵاتەکە دادەڕێژن؟ تاوەکو چەند قووڵایی ستراتیژییان هەیە، جێپەنجەیان دیارە بە سیاسەتی دارایی وڵاتەکەوە، و بەگوێرەی سێکتەرەکان تێڕوانینیان ڕەنگدانەوەی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: وەزارەتی دارایی کاری ئەوەیە ساڵانە بودجە ئامادە بکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی دیکەیدا، هەندێک بنەما کاری تێدا کرا لەوانە بەر لەهەموو شتێک خەرجییەکانی چەند دەبێت؟ خەرجی حکومەت چەندی بۆ مووچە دەڕوات و چەندی بۆ تەرخانەکانی دیکە دەڕوات؟ ئەمانە هەژمار دەکرێت لەگەڵ پێداویستی وەزارەتەکان لە مووچەوە بۆ هەموو پێداویستییەکانی دیکە، پاشان دێتە سەر داهات کە داهاتی ساڵانەی چەندە و سەرچاوەکانی داهاتی چییە و چەندی بۆ دێت و لە ئەنجامدا کە دەردەچێت زیادەی دەبێت یان کورتهێنانی دەبێت، ئەگەر کورتهێنانی دەبێت لەڕێگەی قەرزەوە چارەسەری بکات و ئەگەر زیادەشی هەبوو دەچێتەوە ناو بودجەی گشتیی.
رووداو: کاک ئاوات سێجار ویستم لەسەر بەشی دووەمی پێشەکییەکەم قسە بکەیت کە بۆچوونێک هەیە وا دەڵێت و من ڕامگرتیت لەسەر پرسی مووچە، حەز دەکەم بۆچوونی خۆت بڵێیت لەسەر ئەو پێشەکییەم.
ئاوات شێخ جەناب: سەرەتا با بەوە دەستپێبکەم کە لە هەرێمی کوردستان وەک عێراق کێشەی گەندەڵی هەیە، چونکە تۆ باست لە شەفافیەت کرد و پێچەوانەکەشی ڕوونە کە چییە، لە هەرێمی کوردستان کاتی خۆی بۆچوونی خۆم و دەتوانم بڵێم حکومەتیش لەسەر گرێبەستەکان بۆچوونێکی ئەرێنی نەبوو، لە پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی خۆمم بە ڕاشکاوانە گوتووە کە ئەو گرێبەستانە بە باش نازانم، بۆ ئەوەی نەچێتە نێو کێشەیەکی دیکە کە بڕینی بودجەیە، سەرەتای بودجەبڕین بۆ ساڵانی 2013 و 2014 دەگەڕێتەوە، ساڵی 2013 و 2014 لە بۆنەیەکدا یادی بەخێر جەنابی مام جەلال و کاک مەسعوود قوفڵی بۆڕی نەوتەکەیان کردەوە لەو ڕۆژەوە کاردانەوەی عێراق دەستبەجێ دەستیپێکرد کە 17%ی پشکی هەرێمی کوردستانی کرد بە 12%، 2014 و 2015 و 2016 بودجەی بڕی، لە 2017 ئیبداعێکی دیکەیان کرد کە یاسای خەرجی کرداریی بوو، کە دیسان بۆ سنووردارکردنی هەرێمی کوردستان دانرا، لە ڕێگەی ئەو یاسایەوە 12.67% دانرا بەبێ ئەوەی بۆچوونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و لەم ڕێگەیەشەوە جارێکی دیکە بودجەی هەرێمی کوردستانیان لە قاڵب دایەوە و بووە 4% و 5% و 6% و ئەم ڕێژەیە بەگوێرەی میزاجی سیاسی و چۆنێتی پەیوەندی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە، ئەگەر کەشەکە باش بووبێت باشتر بووە و ئەگەریش خراپ بووبێت خراپتر بووە و بە ئەنجام لەو ڕێگەیەوە ئابڵووقە و چەوسانەوەیەکی بەردەوام لە 2013 خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی خوێندنەوە و شارەزاییم لە مێژووی کۆن و نوێ، هیچ کاتێک فەرمانڕەوایانی عێراق ئاوا ستەمی لە میللەتەکەی خۆی نەکردووە بۆ ماوەی 11 بۆ 12 ساڵ کە ئابڵووقە بخاتە سەر میللەتی خۆی کە شەش ملیۆن کەسە، بۆ زانیاری کە 12.67% دانراوە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەرێمی کوردستان 14% دەبێت، لەوەتەی من لە وەزارەتی داراییم ئەم زانیارییەمان لەلایە و هەر جارێکیش کە چوین بۆ گفتوگۆی بودجە باسمان کردووە و یەکجار ئەوە لە ئێمە وەرنەگیراوە کە 14% دەبین، ئەمجارەش کە سەرژمێری کرایەوە جارێکی دیکەش چووینە ناو هەژماری عێراقەوە کە پشکەکەمان لە 12.67% بۆ ڕاستبکاتەوە بۆ 14%، لەگەڵ ئەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر سەرپەرشتی سنووری دهۆکن و لە ڕووی کارگێڕییەوە لەسەر نەینەوان، یان لەژێر سەرپەرشتی سلێمانیدایە، کە لەسەر سنووری ماددەی 140ـە و خەرجی لەسەر ئێمەیە ئەگەر ئەوانەش بخرێنە سەری ئەگەر هەیە 15% و 16% تێپەڕێنین، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراقی ئەو جۆرە حیساباتەی نەکردووە و گوشاری دروست کردووە، ماوەی شەش ساڵە ئێمە هاتوچۆی بەغدا دەکەین، ئەوەی تێیگەیشتووین لەو سەردانانەمان ئەوەیە عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان پێشکەوێت، عێراق بەو سیاسەتەی ئێستای دەیەوێت بچێتە پێش ڕووخانی حکومەتیش، پێش ڕووخانی حکومەت زۆر شتمان هەبوو کە بەرەبەرە دەیەوێت لەژێر دەستت دەریبهێنێت و دەیەوێت ئابووری و داراییشت لە ژێر دەست دەربهێنێت و لە دژی پێشمەرگە و دژی پەیوەندییەکانتە، ئەمانەش بە ڕوونی لەو بەرخۆدانەی کردوومانە دیارە، بەبێ دوودڵی سیاسەتەکە بۆ لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستانە، لەم ماوەیەی پێشوودا لە وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشی هەرەزۆری داواکارییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە، بەڵام ئەگەر لە بیانوو بیت بیانوو زۆرە.
رووداو: لەسەدا چەندی داواکارییەکانی بەغداتان جێبەجێکردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: دەتوانم بڵێم زیاتر 90% ، بۆچی وادەڵێم، سروشتی کاری ژمێریاری وایە کە ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و کێشە دروست دەبێت لە بەرزە مووچە و سەرەمووچە و خەرجی نوێ و هەندێک دۆخی لەناکاو کە دێتە پێشەوە.
رووداو: داهاتی نەوت و نانەوتیشتان بە شەفافانە ناردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەموو لەڕێگەی تەرازووی پێداچوونەوە بە شەفافانە بۆیان چووە، تۆ باسی دیلۆیتت کرد، تاوەکو نەوت ڕۆیشتووە لەڕێگەی دیلۆیتەوە پێیان گەیشتووە و دوای ئەوەش لە ڕێگەی تەرازووی پێداچوونەوە پێیان گەیشتووە و شتێک نییە لەلای ئێمە شاردبێتەوەمان، هەندێکجار لەنێوان خۆماندا باسی ئەوە دەکەین کە ئەوەندەمان زانیاری داوەتێ بەشێکی بۆمان بووە بە سەرئێشە.
رووداو: ماوەی پێشوو وەفدەکانتان لەسەر کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ ئەو ژمارەیەی پێتان گوتوون دواتر لەوە کەمترتان ناردووە.
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە نییە کە ژمارەیەکمان دانابێت و کەمترمان نیشاندابێت، دەستووری عێراق پشکی پارێزگاکانی دیاری کردووە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی کۆتایی پێداویستی بەڕێوەبردنی هەرێم و پارێزگاکان دابین بکرێت و ئەمە مافی ئێمەی پاراستووە، لە یاسای کارگێڕی دارایی ئەوەی دیاری کردووە کە 50% ڕسووماتی گومرگ و باج دەچێت بۆ عێراق و تێکڕای داهاتی ئێمە ناچێت بۆ بەغدا، بۆ نموونە کە 320 تاوەکو 350 ملیار داهاتی مانگانەمان هەیە ئەمە مانای ئەوە نییە کە بکرێتە دوو بەشەوە بچێت بۆ بەغدا، ئەوەی داهاتی فیدراڵییە نەک لێمان نەشاردووەتەوە تاوەکو دەگاتە دینارێک دیاریمان کردووە و بۆمان ناردوون.
رووداو: ئێستا ژمارەیەکتان هەیە کە بۆ داهاتی ناوخۆی نانەوتی؟
ئاوات شێخ جەناب: بەدڵنیاییەوە، خاتوو تەیف دواین بیانوو کە لێی گرتووین دەڵێت دەبێت هەموو داهاتی نەوتیم ڕادەست بکەیت، ئێ یاسای کارگێڕی دارایی بەرگری لە ئێمە دەکات.
رووداو: ئەوان داوای هەنگاوی نایاساییتان لێ دەکەن؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ بەدڵنیایی نایاساییە.
رووداو: ئەوە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەشتان؟
ئاوات شێخ جەناب: بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەشمان نایاساییە، ڕەنگە هەندێک قسە هەبێت باش نەبێت بکرێت، بەڵام ناچار بێت مرۆڤ بیکات، دواجار هەردوو بەڕێزان د. ئامانج و د. ئومێد بەتایبەتی چوون بۆ لای بەڕێز سوودانی لەسەر داهاتی ناوخۆ قسەیان لەگەڵ کرد ڕێک گوتوویەتی بەگوێرەی یاسای کارگێڕی دارایی مامەڵە بکەن، پێیان گوتووە نووسراوێکمان بدەنێ، گوتوویەتی پێویست بە نووسراو ناکات بەو مانایەی کە خۆی فەرمانەکە دەدات، لە یاسای کارگێڕی دارایی دیاریکراوە کە (تؤول لحساب المحافظة (بما فيها محافظات الإقليم) الإيرادات المالية التالية:- 50 % من الرسوم والضرائب الاتحادية التي يتم استيفائها من الدوائر الممولة مركزيا في المحافظة ويستثنى من ذلك المبالغ المستحصلة من ايرادات الضرائب والرسوم الجمركية، (ئەم داهاتە داراییانەی خوارەوە دەچنە سەر حیسابی پارێزگا (پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە) 50٪ـی ئەو باج و رسووماتە فیدراڵییانەی کە لەو فەرمانگانەی پارێزگاوە وەردەگیرێن کە بودجەیان لەسەر حکومەتی فیدراڵییە) جگە لەو بڕە پارانەی کە لە داهاتی باج و ڕسووماتی گومرگییەوە بەدەست دێن.) کە ئەو دێت و دەڵێت من هەموویم دەوێت، ئەم یاسایە پارێزەری منە.
رووداو: کاک ئاوات شتێکت پێ دەڵێم بەڵام دڵت لێم نەیێشێ. تۆ دەڵێیت ئەم یاسایە من دەپارێزێت، بەڵام رەنگە ئێستا بینەران بڵێن بەخودا جوان تۆی پاراستووە. لە جێبەجێکردندا کوا تۆی پاراستووە؟
وەزیر: لە جێبەجێکاریدا ئاوی زاڵم سەرەو ژوور دەڕوات.
رووداو: بۆ هەموو جار رێککەوتن دەکرێت، ئەوان براوە دەبن؟
وەزیر: نەک براوەن، ئەوان پابەند نابن. بۆ ئەوەی بە وردی هەندێک زانیاریت پێ بدەم. پاساو نییە بۆ ئەوەی هەرێم پێشێلکاری یان هەر شتێکی دیکەی کردبێت. ئێمە لە ساڵانی 2019 - 2020 چووینە بەغدا لەگەڵ بەڕێز عادل عەبدولمەهدی لەسەر بودجە رێککەوتین. لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی درا، بەڵام لەو کاتە ئەو دەستی لەکارکێشایەوە و پەشیمان بووەوە و نەیکرد. لە ساڵی 2020 لە کاتی کۆرۆنا پشکی ئێمەی بڕی. دیقەت بدە، لە کاتی کۆرۆنادا ئەو کارەیان کرد. ئەوە لە کاتێکدایە، هەر چۆن لێکدانەوەی بۆ بکەیت، داهاتی هەرێم بووە سفر. رۆژی وەها هەبوو بە کەمتر رۆیشتووە. عادل عەبدولمەهدی کە بە دۆستی کورد ناسراوە، ئەو کارەی کرد. دوای ئەوە لەگەڵ کازمی و ماڵی شیعەش رێککەوتین و لە ساڵی 2021 دەنگی پێدرا، بەڵام دووبارە پابەند نەبوون.
رووداو: ئێستا سوودانی هەڵوێستی چییە؟
وەزیر: بەداخەوە هەمان شتە. ئێمە رێککەوتین و لەسەرجەم راگەیاندنەکانیش بڵاوکرایەوە کە لەسەر دەستی بەڕێز سوودانی و بەڕێز مەسرور بارزانی رێککەوتن کرا، لە بەغدا واژۆمان کرد و راگەیێندرا. بڕیاری دادگەی پاریس دەرچوو، ئەوانیش دەستبەجێ لە رێککەوتنەکە پەشیمان بوونەوە. ئەمجارەیان لە یەکی دوو.
رووداو: ئەم سوپرایزە هۆکارەکەی چی بوو؟
وەزیر: سەیرکە ئەمجارە لە یەکی دوو.... دەزانی کاری سەیروسەمەرە لە بوونەوەرەکانی خوای گەورە هەیە. ئەمجارە چۆن دۆخەکە دەوروژێنن و چۆن بڕیار دەدەن ئەمە زانستی غەیبە. پێم وایە هەموو ئەمانە سیاسەتن و هیچ شتێکی دیکە نییە.
رووداو: هەندێک کەس دەڵێن، ئەمە ئەنجامی چوون بۆ ئەمریکای حکومەتی هەرێم و گرێبەستی نەوت و گازە. ئەمە راستی تێدایە؟
وەزیر: هەر کەسێک بەدوای بیانوودا بگەڕێت، دەتوانێت لە هەموو شتێکدا بیانوو بدۆزێتەوە. ئەم گرێبەستانەی لەگەڵ ئەم دوو کۆمپانیانە کە لەمدواییە لە ئەمریکا واژۆیان لەسەر کرا، بە دانپێدانانی بەشێک لە عەرەبەکانیش شتی تازە نییە و هیچ شاراوە نەبووە کە ئاگاداری نەبووبن. هەردوو کۆمپانیاکە 15 ساڵە لە کوردستان کار دەکەن. بەهۆی ئەوەی لە کوردستان کاریان کردووە، بەدڵنیاییشەوە مامەڵەیان لەگەڵ عێراقیش هەبووە و لەلایەن عێراقیشەوە ناسراون. دواتر هەموو گرێبەستەکان لەلایەن دادگەکانی عێراق پەسندکراون. ئەمەی کراوە پەرەپێدانی کێڵگەکانە کە خۆیان ئێستا کاریان تێدا دەکەن و نەوت و گازیان تێدا بەرهەم دەهێنن. پەرەپێدان و گەشەپێدانی کێڵگەکە بۆچی تاوانە؟ ئەمە بەهیچ شێوەیەک پێشێلکاری نییە، تەنیا بیانووی سیاسییە.
رووداو: گریمان ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام، تۆ بڕیاربەدەستی یەکەمی لە ئابووری کوردستان و وەزیری پەیوەندیداریت. پلانت چییە؟ پلانی (بی)تان چییە؟ چۆن میللەتەکەتان رزگار دەکەن؟ چۆن دەیانژیێنن؟
وەزیر: ئێمە لە کابینەی نۆیەم ئەزموونێکمان هەیە. ئەو کاتەی چاومان بە گرێبەستەکانی نەوتدا گێڕا، داهاتی ناوخۆشمان زیاد کرد. نزیکەی 21 مانگ بە داهاتی ناوخۆ و بەو نەوتەی کە هەمان بوو، بەو بڕەی کە دەمانفرۆشت توانیمان بەبێ کەموکوڕی 21 مانگ مووچە دابەش بکەین. ئێستاش ئەگەر هەرێم ناچار بێت بە هەمان ئەزمووندا بڕوات بەپێی ئەو توانایەی کە لە نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان دەستی دەکەوێت و هەموو ئەو داهاتانەی کە توانای پێدەدات ژیانی بۆ رێکبخات و پێی بژین، دەگرینەبەر. بەدڵنیاییەوە هەرێم خۆی رادەست ناکات (تەسلیم نابێت).
رووداو: ئێوە بەردەوام دەڵێن کازمی بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و سەرۆکوەزیرانی پێش کازمی و سوودانی و عادل عەبدولمەهدیش پابەند نەبوون. بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا دەڵێن، ئەو وەزیرەی ئێمە رۆژێک بە شەفافی پێی نەگوتین داهاتی نەوتی ئەم وڵاتە چەندە؟ نەوت لە تەنکەردا دەبینین لە لیستی وەزارەت نایبینین.
وەزیر: ئەگەر چاو لە دەربڕینەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و بەرپرسانی عێراق بکەین لەسەر شەفافییەتی نەوت، لەسەرگرانی قسەت لەگەڵ ناکات، لەسەر دزی قسەت لەگەڵ ناکات. پێت دەڵێ نەوتەکەم پێ بدە. واتە گوێ بەوە نادات بە گران یان بە هەرزانت فرۆشتووە واز لە هەموو ئەمانە دەهێنێت و پێت دەڵێت، نەوتەکەمان پێ بدە. دەبێ سۆمۆ بیفرۆشێت. بۆچی چونکە بەشێکی سەرەکیی ئەوەی بۆرییەکە کراوەتەوە ترسی لەوەیە ئەگەر تۆ ئابووریت هەبێت، کەواتە تۆ بیر لە دەوڵەت دەکەیتەوە. بۆیە یەکێک لە کۆڵەکەی دەوڵەت کە ئابوورییە، ئەو نایەوێت تۆ خاوەن ئابووری بیت. ئیدی خەیاڵی بۆ راست و چەپ دەچێت.
رووداو: خەڵک دەڵێت ئەگەر لە رێگەی سۆمۆ بفرۆشرێت دوو هێندەت دەست دەکەوێت بەراورد بەوەی خۆت دەیفرۆشیت.
وەزیر: سەیرکە، کە لە رێگەی سۆمۆوە فرۆشتت داهاتەکەی دەچێتە دەستی حکومەتی فیدراڵی و لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە جارێکی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێیت و کۆنترۆڵی هەموو جموجووڵەکانت دەکات. بۆ زانیاریت، من لایەنگری ئەوەم لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت. تەنانەت لە ئەنجوومەنی وەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رازین لە رێگەی سۆمۆوە نەوت بفرۆشرێت. بۆ ئەمەش رێککەوتنمان هەیە و باسمان لەوەشکردووە داهاتەکانی چۆن دابەش بکرێت. هەروەها لە رێگەی یاسای بودجەی 2023-2024-2025یش ئەم دۆخە جێگیرکراوە. ئێستا لەوێش پاساویان داناوە. لە ساڵی 2023 راگەیێندراوێکم لەبارەی یاسای بودجە دەرکرد، چونکە زۆر زاڵمانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کورد دەکات. ئەگەر وا نەکەی، مووچەت پێنادەم؛ ئەگەر ئەمە بکەی، مووچەت پێ نادەم ئەگەر ئەم بڕگەیە جێبەجێ نەکەیت، مووچەکەت پێنادەم. دەبێ ئەم بڕگەیە جێبەجێ بکەیت و مادەی دواتریشی جێبەجێ نەکەیت دیسان مووچەت پێ نادەم. بەکورتی بە مووچە هەڕەشەت لێ دەکات بۆ ئەوەی ئابوورییەکەت 100٪ لەدەست دەربهێنێت. ئێمە هەرچەند لە بۆرییەکانەوە نەوتمان دەرهێناوە، کۆمپانیای دیلۆت یەکە بە یەکە بڵاوی کردووەتەوە. لەوەتەی لە 2023 کە هەناردەی نەوت راگیراوە، بەم ژمارانە بۆمان هاتوون. لە 2021دا پێنج ترلیۆن و 557 ملیارمان بۆ هاتووە؛ لە 2022 هەشت ترلیۆن و 531 ملیارمان بۆ هاتووە؛ لە 2023 یەک ترلیۆن و 895 ملیۆنمان بۆ هاتووە؛ لە داهاتی ناوخۆ کە بەڕێزتان باسی دەکەن. بۆ مووچە لە داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2021 دوو ترلیۆن و 740 ملیارمان خەرجکردووە. لە داهاتی ناوخۆ لە ساڵی 2022 یەک ترلیۆن و 869 ملیارمان بۆ مووچە خەرجکردووە. لە 2023دا یەک ترلیۆن و 690 ملیارمان بۆ مووچە خەرجکردووە. لە 2024 تاوەکو ئێستا 960 ملیارمان بۆ مووچە خەرجکردووە. ئەمە ئەو زانیارییانەیە کە تۆ هەرگیز لە وەزارەتی داراییەوە نایانبیستیت کە بڵێن ئەمانەیان شاردووەتەوە. ئەمانە هەموویان زانیاری تۆمارکراون لەلای وەزارەتی دارایی عێراق. تۆ دەزانی وەزارەتی دارایی عێراق چی کردووە؟ وەکو مشار لەم سەرەوە بۆ ئەو سەرە دێت و دەڕوات. ئەو خۆی لە پشکی تۆی بڕیووە کە تۆ خەرجی دەکەیت، ئەویش هی خۆی حیساب کردووە. ئێستا بۆچی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2024 بەم دەردە رۆیشت؟ ئێستاش بۆ نموونە ئەگەر تێبینی بکەیت لە ساڵی 2024دا 960 ملیارمان خەرجکردووە و لە 2025یش گوژمەیەکمان بۆ مووچە خەرج کردووە. بۆچی؟ رەنگە 50-60 هەزار گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن. ئەو هیچت پێ نادات، بەڵام کە لە رێگەی میزانی موراجەعە ئاماژەی پێ دەدرێت کە ئێمە ئەم خەرجیانەمان کردووە و نایشارینەوە و سەرچاوەی پارەکەش لە کوێیە ئەویش نایشارینەوە. بەڵام ئەو کە لە پشکەکەی خۆتە و تەرخانی نەکردووە، بەڵام لە خەرجکردنەکەدا لەسەر خۆی و بە هی خۆی هەژمار دەکات.
رووداو: ئەوەی کە لە میزانی موراجەعە هەیە، پێتوایە بە شەفافیەتی تەواوی داهاتی نەوتە یان لەملا و ئەملاوە سەرە مەقەستی لێدراوە؟
وەزیر: ئەوەی سەرە مەقەستی لێداوە، ئەرکی پەرلەمانی کوردستان و دیوانی چاودێرییە وردبینی لەوانە بکات.
رووداو: دەبێ یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بنێرنە پەرلەمان.
وەزیر: لێرەشدا دەمەوێ زانیارییەکت بۆ راست بکەمەوە. ئێمە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی خۆمانەوە پەسندمان کردووە. بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی کێشەی سیاسییەوە وەک خۆشتان دەزانن لە چ دۆخێکدایە، نەچووەتە پەرلەمان کوردستان. بەڵام ئەم بودجەیە بە پەسندکراوی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە چووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و رێککەوتنی لەسەر کراوە و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە. ئەو مووچەیەی مانگانە بۆ هەرێم دێت وەک ئەوە وایە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر درابێت. بەڵام ئەوەی باس دەکەم شتێک هەیە ناوی بودجەیە، بەڵام ئەو بودجەیەی هاتبێت 100٪ لە پەرلەمانی کوردستان پەسند کرابێت، نەکراوە، بەهۆی ئەو کێشانەی لە پەرلەمانی کوردستان هەن. بەڵام وەکو داتا هەمووی لە وەزارەتی داراییە و هیچکامیان شاراوە نیین. وەزارەتی داراییش لە بەرژەوەندیدا نییە هیچ ژمارەیەک لە کەس بشارێتەوە. ئەگەر ئێوە بێنە فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتەکەمان و داوای زانیاریمان لێبکەن، بەوپەڕی شەفافییەتەوە دەدرێت.
رووداو: لەبەرچاوی ئێوە، هەندێک پارە هەیە نایەتە ناو گەنجینەی گشتی. بێگومان ئەمە بەپێی زانیارییەکانی پەرلەمانتاران و هەندێک شارەزایانە کە باسی دەکەن. بە بەرچاوی ئێوە سەرانە لە خەڵک دەسەندرێت. 400 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێک دەسەندرێت. کار گەیشتووەتە ئاستێک لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شتێک هەبێت پارەی لێ دەسەنن.
وەزیر: ئەمە راستکردنەوەیەکی پێویستە. ئەم پارانەی بەڕێزتان باسی دەکەن ئەگەر لە دەروازە و گومرگە فەرمییەکانی وەزارەتی داراییەوە هەیە و دەکرێ، مافی خۆتانە رەخنە و گلەیی بکەن. بەڵام ئەمە لە سووچێک و لە رێگەی قاچاخ و ئەملاو ئەولا وەردەگیرێت، ئەمە لە پسپۆڕی وەزارەتی داراییدا نییە. هەموو ئەوەی بە فەرمی لە دەروازەکانەوە دێتە ناو هەرێم، وەزارەتی دارایی ئاگای لێیەتی. بەڵام رۆژێک لە رۆژان باسی ئەوەم نەکردووە لە 100٪ی ئیشوکاری گومرگەکانی ئەم وڵاتە تەواو و بێ کێشەن. بۆچی؟ چونکە قاچاخچییەتی لە کوێ نییە؟
رووداو: لێخۆشبوون لە گومرگی جگەرە و بابەتەکانی دیکە نییە؟
وەزیر: نەخێر
رووداو: داهاتی مەشرووب چەندە؟
وەزیر: بە دیاریکردنی بڕگە بە بڕگە ئەم کارە ناکرێت. زۆر جار لە هەندێک هاوڕێ گوێم لێ دەبێت کە داهاتی جگەرە و مەشرووب بڵاودەکەنەوە. ئەمانە زانیارییان نییە، ئێستا بەشێکی زۆری جگەرە و مەشرووب لەناوخۆ دروست دەکرێت. جاران کە لە دەرەوە دەهات، گومرگەکەی زۆر بوو و بەشێکی بۆ شێرپەنجە و هەندێک نەخۆشی دیکە خەرجدەکرا؛ ئێستا بەهۆی ئەوەی لە ناوخۆ دروست دەکرێت، ئەو رسومات و گومرگانەی وەردەگیران، ئێستا وەرناگیرێن. ئێستا ئەو بەشەی لە دەرەوەی هەرێم دێت زۆر زۆر داکشاوە.
رووداو: ئەمە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتەکانییەتی؟
وەزیر: بەدڵنیایی
رووداو: لە یاسای بودجەدا سوودانی رۆڵی هەبوو تێچووی نەوتی لە 6 دۆلارەوە زیادکرد بۆ 16 دۆلار. هەروەها دانی بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمیش نا. هەر هەموویان هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان خراپ بووە؟
وەزیر: ئەو شتانەی بەڕێزت ئاماژەت پێدان لە ئەنجامی خەباتی کورد بووە. کورد گوشاری کردووە و تووشی نەهامەتی بووە و برسییان کردووە و گەمارۆیان خستووەتە سەری و دەنگی بەرزکردووەتەوە و دەنگی گەیشتووەتە دنیا. هەندێک گۆڕانکاری بووە، بەڵام ئەنجامەکە گرنگە. سەیرکە لە مانگی سێیەوە نەوتی هەرێم راگیراوە.
رووداو: بۆچی لە رێگەی سۆمۆ نەڕۆیشتووە؟
وەزیر: هەندێک قسە هەیە 10 بارەیە و 10 بارە دەکرێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشانداوە بەوەی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرێت. ئەمە بە فەرمیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە.
رووداو: کێ رێگرە؟
وەزیر: با ئەمە تەواو بکەم. حکومەتی هەرێم بەشێکی هاوکێشەکەیە. حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان هەیە. باسم لەوە کرد کە گلەییم لە بودجەکانی 2023-2024-2025 هەیە، چونکە زۆر بە ستەمکارانە کراوە. یەکسەر بڕیاریداوە تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان 6 دۆلار بێ. تێچووی بەرهەمهێنان لەسەر کۆمپانیاکانە و دەبێ کۆمپانیاکان رازی بن بە 16 دۆلار. چەندجارێک خۆم لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بووم و کۆمپانیاکانیش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووینەتەوە. کۆمپانیاکان جۆری خەرجییەکان و تێچووەکانیان لەسەر شاشە بە وەزارەتی نەوتی عێراق پیشاندا. ئەو میکانیزمەی هەیە عێراق تاوەکو ئێستا نایەتە پێشەوە. بەڵێ بڕیارەکە دەرچووە بەڵام جێبەجێ نەکراوە. هەموو ساڵێک ئێمە لە هەرێمی کوردستان گوتوومانە ئەوەی حکومەتی عێراق دەیکات ملیاران دۆلار زیان بە خۆی و گەلی عێراق دەدات بە کوردیشەوە. بەڵام کەمتەرخەمییەک هەیە، چونکە سیاسەتێک هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیی هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان تێکبدرێت و چانسی کورد بۆ داهاتوو لەبارببردرێت.
رووداو: ئێستا کورد ئامادەیە نەوتەکەی لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت، بەڵام عێراق تەگەر دەخاتە بەردەمییەوە؟
وەزیر: بەڵێ، با بەروونی شتێکی دیکەت پێ بڵێم. یەکێک لە بڕگەی دووەم یان سێیەمی یاسای بودجەی عێراق دەڵێت، ئەگەر نەوت نەڕۆیشت و وەزارەتی نەوت داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرد نەوتی پێ بدات، نزیکەی 15 ملیۆن نەوتیان پێداوە یەک دیناری تێچووی نەوتەکەیان نەداوە. تۆ نەوتی پێ دەدەیت بۆی دەنێریت ئەمەش بە هەوا دەرنەهێندراوە؛ لە بەرامبەردا عێراق پارەی تێچووەکەی نادات. بۆیە هەرێم بە ناچاری رایگرت.
رووداو: کەواتە ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە بۆ 16 دۆلارەکە جێبەجێ نەکراوە؟
وەزیر: تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. راستییەکەش وایە ئێوە لەسەر بابەتی نەوت دانیشتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت بکەن، چونکە ئەوان کەسانی پسپۆڕن. ئێمە لە وەزارەتی دارایی چاومان لە هاتنی پارەکەیە کە دێتە سەر هەژماری بانکیمان و ئێمەش بەکاری دەهێنی.
رووداو: تۆ 300 هەزار و منیش بنووسم 600 هەزار هەر رازی دەبیت؟ مەبەستم رازیت بە هەموو ژمارەیە؟
وەزیر: نەخێر، سەیرکە سیستمێک هەیە ئەم گرێبەستانەی رێکخستووە. بە تێکڕا 56٪ی پارەکەی دەچێتە کۆمپانیاکان و قەرز و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بابەتی دیکە. ئەوەی دەمێنیتەوە دەچێتە ژێردەستی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەمەش ناشاردرێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی راگرتنی دیلۆت بەهۆی یاسای بودجەیە. بەپێی یاسای بودجە دەبێ دوولایەن رێکبەکەون لەسەر وردبینییەکان.
رووداو: عێراق گوتوویەتی رازی نیم بە وردبینی دیلۆت؟
وەزیر: عێراق لەسەر دیلۆتیش رازی نەبووە، دەڵێت پێویستە کۆمپانیایەکی بێلایەنی بیانی ئەم کارە بکات، ئینجا دیلۆت بێت یان هەر کۆمپانیایەکی دیکە بێت ئەم وردبینییە بکات. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی راگرتنی دیلۆت. ئەگینا هەرێم رازی بووە نەوتەکە بڕوات و داوای بڕگەیەکی کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی کە 15 ملیۆن بەرمیلیان پێدا و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دینارێکیشیان پێنەدا. مامەڵە لووتبەرزانەی خۆ بەزلزانەیە وایکردووە ئەم کارە بەم ئاستە بگات.
رووداو: ئەگەر لەوە زیاتر گاڵتە بە کورد و شاندە بەڕێزەکەی ئێوە بکەن. یان بڕیارێک بدەن تا حەوت مانگی داهاتوو بۆ کوردستان نانێرن ئایا ئێوە چارەسەری دەکەن. چۆن چارەسەری دەکەن؟
وەزیر: وا باوە درەختی ژیان هەمیشە سەوزە. کورد لەوەتەی بە نەگبەتییەوە بە عێراقیان گرێداوە 100 ساڵە خوێنی دەچۆڕێت، 100 ساڵە رەنج دەدات. نە دانیشتووە، نە چۆکی داداوە، نە وازی هێناوە! ئێمەش نامێنین و ئەم کاروانە هەر بەردەوام دەبێت. ئەوەی تۆ دەیبینیت لەسەر ئاستی حیزبەکان و تەنانەت لەسەر ئاستی کەسایەتییە عەرەبەکانیش کەس رازی نییە. کێشەی عێراق ئەوەیە بڕیاری سیاسی عێراق 100٪ بەدەست خۆی نییە. پێم وانییە ئەمە شتێکی شاراوە بێت.
رووداو: بۆچی لە پڕ وای لێهات؟ بۆچی لە پڕێکدا ئەم برایەتییە تێکچوو؟
وەزیر: لە دیوێکەوە رەنگە پێم خۆش بێت، گفتوگۆکانمان بە ئاراستەی سیاسەتەوە دەڕوات. بەڵام لە دیوێکی دیکەوە رەنگە باش نەبێت. ئەمە پەیوەندیی بە تەرازووی هێزەوە هەیە. تەرازووی هێز رەنگە ئێستا لە قازانجی کورد نەبێت؛ رەنگە شتێکی دیکە هەبێت. با نموونەیەک بهێنمەوە، سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ئەو کاتە بوو مام جەلال سەرۆککۆمار بوو. لە ئەنجوومەنی حوکمدا کاک مەسعود و کاک نەوشیروان هەبوون. هەر ئەو کات سەردەمی زێڕینی پەیوەندییەکانی کورد و شیعە بوو. کە لە 2013 قفڵەکەیان کردەوە بە حزووری مام جەلال و کاک مەسعودیش بودجەکەیان قفڵ دا. ئەی ئەو کاتە چی بوو؟ ئەو کات لە 17٪ی بودجە بە تەواوەتی دەنێردرا. ناڵێم 100٪ بەڵام بەشێکی زۆری بەدەستمان دەگەیشت. کاتێک بابەتی نەوت هاتە ئاراوە برایانی شیعە زەنگی مەترسییان لێدا.
رووداو: ئێستا خەڵک دەڵێت، نەوت هەر دەڕوات و کۆمپانیاکان پارەی خۆیان وەردەگرن، ژمارەکان هەر وەک ئەوەی کاک ئاوات دەچن، داهاتی نێوخۆ و ئەوە کۆ بکەنەوە.
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە ئەو ماوەیەی کە ئێمە لە رێگەی بۆرییەوە نەوتمان دەنارد.
رووداو: باسی ئەم چەند رۆژە ناکەم
ئاوات شێخ جەناب: باسی ئەم چەند رۆژە دەکەین. ئەگەر بڕیاری دادگەی فیدراڵی بیگرێتەوە، دەبێت بە سیغەیی قسە بکەین، ئەگەر تۆ تەنیا لەسەر بودجە قسە بکەیت کە تاوەکو ئێستا هەر لەسەر بودجە قسە دەکەین.
رووداو: تەیف سامیش پشتی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بەستووە و کوردیش هەروا. بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، نابێت مووچەی خەڵک تێکەڵ بە بابەتی سیاسی بکرێت.
ئاوات شێخ جەناب: کردوویانە. تێدەگەیت؟ مووچەی خەڵک دەبێت بەپێی ئەو خشتانەی بودجە کە بەرزکراونەتەوە خەرج بکرێت. دوایین جار ئێمە لەگەڵ خوشکە تەیف خۆمان رێککەوتووین، ئەوە پیشانم دایت کە ئەمە واژۆکەی خۆیەتی. بەپێی واژۆکەی خۆی لە مانگی دوو، لە یەکی دوو خۆی واژۆی کردووە، پیشانم دای، ئێستا ئەوە ناکەوێتەوە بەر دەستم.
رووداو: خۆ بەڕاستی تەیف سامیتان لە کورد کردووە بە مۆتەکە
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر. سەیر بکە، ئەمە بە واژۆی ئەم خاتوونە بەڕێزە، بیخوێنەوە.
رووداو: واتا هەر 12 مانگەکە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ. بە واژۆی خۆی بۆ ئێمەی داناوە، 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587.
رووداو: ئێستا چەندی هاتووە؟
ئاوات شێخ جەناب: چەندی مانگە؟ یەکی دووی 2025ـە؛ شاندەکەی ئێمە کە لەگەڵی دانیشتووین کێ بوون؟ بەڕێز د. ئامانج، د. عەبدولحەکیم، د. هاوڕێ، کاک کۆڤان، کاک ئەبوبەکری بودجە، مریەم خان، و خەڵکەکەی خۆیشی ماهیر حوسێن، د.، حەیدەر، د. جەبریل ساچب و دکتۆرە وەسەب. واژۆکەش واژۆی جەنابیانە. ئەو هاوکێشەیەی بۆ تۆ دروست کردووە کە لە داهاتوودا دەگەن بە 30 ترلیۆن و تێپەڕیون، لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار ترلیۆنی بۆ ئێمە خەرج کردووە.
رووداو: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە لە مانگی 02ـی 2024 دەرچوو، دڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی زۆر خۆش کرد، ساڵی پار 11 مووچە و ئەم ساڵ چوار مووچە لەسەر بنەمای ئەم بڕیارە دراوە. پێت وایە دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری سالارانە دەربکات و بگەڕێتەوە بۆ جەوهەری بڕیارەکەی خۆی و ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی قبووڵ نەکات؟
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە، تەنیا دادگەی فیدراڵی وەک بڕیاری یەکەم جاری، مووچە کە کێشەی سیاسی دەربهێنێت، تەواوە. کە لە کێشەی سیاسی دەرهێنا، دەبێت جارێکی دیکە، چونکە تەیف باسی خەرجیی کردەیی کرد، خەرجیی کردەیی تەنیا بۆ کورد داناوە، خەرجیی کردەیی بۆ 15 پارێزگاکەی دیکە مووچە ناگرێتەوە، خەرجیی کردەیی تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان مووچە دەگرێتەوە، خەرجی کردەیی بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنانی 15 پارێزگای خواروو و نێوەڕاستی هەژمار کردووە بەبێ سێ پارێزگاکەی ئێمە، خەرجیی ساڵەکەیان چەندە، کۆی دەکاتەوە، دابەشی 15ـی دەکات، چەند دەرچوو، بە تۆ دەڵێت؛ تۆش لەسەر یەک لەسەر 15ـی ئەوانی، نەوەک یەک لەسەر 18، خەرجیی تۆ لەگەڵ خەرجیی ئەوانە کۆ بکاتەوە، کۆی ناکاتەوە. 15ـەکە کۆدەکاتەوە و دابەشی 18ـی دەکاتەوە و بۆ تۆی دەنێرێت. من لە نێو قسەکاندا باسم کرد وەکو مشار لەم سەر دەیبڕێت، لەو سەر دەیبڕێت. تۆ باسی ئەوەت کرد چۆن دەتوانێت، ئەی سەرچاوەی پارەکە لای ئەوە.
رووداو: پێت وایە دادگەی فیدراڵی پشتگیریی کامەتان بکات؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر بێلایەن بمێنێتەوە، 100٪ دەبێت بەرگری لە حەق بکات، چونکە هیچ مەنتقێکی تێدا نییە دوو مامەڵە هەبێت لە عێراق، بۆ شەش ملیۆن کەس مامەڵەیەک و بۆ ئەوانەی دیکەیش مامەڵەیەکی دیکە. ئەو مامەڵەیەی تاوەکو ئێستا دەکرێت، کورد لە عێراقی فیدراڵدا، بەداخەوە هاووڵاتیی دەرەجە دووش نییە.
رووداو: راستە دادگەی باڵای فیدراڵی دەڵێت مافی مووچەخۆرانی پاراستووە، بەڵام کۆمەڵێک پابەندیشی خستووەتە سەر ئێوە.
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان هەرێمی کوردستان هەمووی جێبەجێکردووە.
رووداو: کەواتە ئێستا گەیشتووەتە بنبەست؟
ئاوات شێخ جەناب: کاتێک رێککەوتنەکەی مانگی دوومان کرد لە بەغدا، من خۆم بۆ تەلەڤزیۆن قسەم کرد. چەند جارێک ئێمە لەگەڵ خاتوون تەیف دانیشتین، هەموو جارێک جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەمە بۆ دەکەین؟ بۆ ئەوەی بۆ ساڵی 2025 هیچ کێشەیەک نەبێت. ئەمەمان کردووە هیچ کێشەیەک نەماوە. دوایین شت کە جەنابی واژۆی کردووە، [گوتم] خاتوو تەیف ئیدی هیچ کێشەیەکمان نامێنێت بۆ 2025؟ [گوتی] نەخێر. ئەم قسەیە 10 جار دووپات کراوەتەوە. من هاتم گوتم ئومێدەوارم ساڵی 2025 بۆ مووچە، ئەوەی کە ئێمە لەسەری رێککەوتووین، کە لە 2025 ئێمە کێشەی مووچەمان نەبێت، بەڵام ئەوە هی یەکی مانگی دووە، بۆ مانگی پێنج جەنابی نووسراوێک دەنووسێت کە پێچەوانەی ئەم رێککەوتنەیە، شتێکی کردووە واتە ئەو کۆکردنەوەی ئەو کردوویەتی، لە هەموو کەس دەوەشێتەوە لە ئەو نا، چونکە ئەو سێ ژمارەیە کۆبکەیتەوە لە ئێستاوە نەوت 400 [هەزار] بەرمیل کە بێگومان 400 هەزار بەرمیل بوونی نەماوە لەبەر ئەوەی لەوانەیە زۆر بیر هەر بەرهەمی نەمێنێت، ئەو کردی بە 400 هەزار، جارانی 70ـی کرد، ئەی خۆ نرخی نەوت بە 70 دۆلار نەماوە.
رووداو: ئێستا 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەمان گەرەنتی کردووە لە بەرهەمهێناندا؟
ئاوات شێخ جەناب: باوەڕ ناکەم، چونکە دەبێت کۆمپانیاکان بکەونەوە کار؛ هەندێکیان زۆر ئەستەمە بچنەوە ئەو بەرهەمهێنانەی پێشوو.
رووداو: لەو 27 مانگەی رابردوودا پێت وایە چەندە بەرهەمی نەوتمان هەبووە؟
ئاوات شێخ جەناب: ناتوانم، ئەمە دەبێت لە رێگەی تەرازووی پێداچوونەوەکەوە سەیری بکەین.
رووداو: ژمارەیەک مووچەخۆر دووبارە رێگەی بەغدایان گرتەوە بەر. پێت وایە دادگەی فیدراڵی بە دەمیانەوە بچێت؟
ئاوات شێخ جەناب: من خۆم زۆرم پێخۆشە ئەو جووڵەیە و ئەو جۆرە سکاڵایانە هەیە، چونکە قەبارەی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی ئێمە پیشان دەدات کە بەرەو دیموکراسی و خەباتی مەدەنی دەچێت. واتە من خۆم زۆرم پێخۆشە کە ئەمە هەیە، دەستیان خۆش بێت، هەر کەسێکی دیکەیش کە دەچێت سکاڵا تۆمار دەکات، تەنانەت ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیش سکاڵا تۆمار بکات دەستیان خۆش بێت. لە مانگی دوو یان سێ تەیف نوسراوێکی بۆ دادگە کردووە، وابزانم، یان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، داوای روونکردنەوە دەکات لەسەر [بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی]، جارێکی دیکە دادگە جەختی لەسەر بڕیارەکەی خۆی کردووەتەوە، واتە بەر لە تۆمارکردنی ئەم سکاڵایەش، دادگە جەختی لە بڕیارەکەی خۆی کردووەتەوە. بڕیاری وەلاییش دەربکات هەر خراپ نییە؛ ئەوەی کە بکرێت و لە تواناماندا بێت، بێگومان لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی سیاسی ئاگاداری کە کۆبوونەوە هەیە لەلایەن حیزبەکانەوە؛ سەرۆکی حکومەتتان بینیوە، راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانتان بینیوە کە لەسەر ئەم بابەتە دەرچووە؛ هاوشانی ئەمەش، لە پەرلەمانی عێراق هەڵوێستێک هەبوو، شتێکی زۆر باشە و دەستیان خۆش بێت، هەڵوێستی مەدەنی و ئەم سکاڵایانە دەکەن، دەستیان خۆش بێت شتێکی زۆر چاکە، من خۆم زۆرم پێخۆشە.
رووداو: ئێستا چارەسەرتان بۆ مووچەخۆران چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە، جارێ ئەرکی عێراقە دەبێت دابینی ژیان بکات بۆ هەموو هاووڵاتییانی خۆی، هەموو مووچەخۆران خۆی، چۆن لە سەردەمی داعشدا هاووڵاتییانی موسڵ، ئەنبار و فەللوجە لە دەستی داعشدا بوون و مووچەی بۆ دەناردن، نە باسی داهاتی نەوتی دەکرد، نە باسی داهاتی گومرگی دەکرد، نە شوێنەوار و مووچەکەی بۆ دەناردن، یان دەبێت [بۆ هەرێمی کوردستان] ئەوەیان بکات، ئەگەر نایکات، واتە وەکو هاووڵاتییانی دیکەی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، کەواتە نابێت رێگریش بێت لەوەی تۆ بچیت بەدوای دابینکردنی ژیانی خۆت بکەویت؛ ناکرێت لە رێگەی دادگەوە رێگری لە هەناردەکردنی نەوت بکات، تۆ بچیت نەوت بەرهەم بهێنیت، رێگری بکات؛ هەناردەی بکەیت رێگری بکات.
رووداو: پێت وایە بتوانێت رای بگرێت ئەم گرێبەستە؟
ئاوات شێخ جەناب: بە یاسا، نەخێر.
رووداو: بە یاسا نەتوانێت، خۆ بە زۆر رایناگرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: هەندێک عەقڵییەتیش هەیە لەنێو حکومەتی عێراق، خۆ ئاگاداری لە رێگەی درۆنەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکانی نەوت و گاز هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵێ ئەو عەقڵییەتەش هەیە.
رووداو: ئێستا دەتوانین بە داهاتی نێوخۆ و بەرهەمهێنانی نەوتی خۆمان ئەوەی کە لە دەرەوەی سۆمە هەیە مووچە دابین بکەین؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە ئەزموونی 21 مانگمان هەیە. دەتوانین بیکەین. بە ئەزموونی 21 مانگ ئێمە خۆمان، بۆم باس کردی ئێمە گەڕاینەوە بۆ نەوت، لەگەڵ ئەوەی داهاتی نێوخۆمان زیاد کرد، ئەوکاتە توانیمان 21 مانگ مووچە بدەین. بێگومان دەزانیت کە هیچ کارێک بەبێ ئاڵنگاری نییە واتە بۆ هەموو ئەو قسانەی کە دەیکەین خەبات پێویستە.
رووداو: ئەگەر هەموو داهات کۆبکەینەوە خەرجیمان چەند دەبێت بەگشتی؟ چەندەمان کورتهێنان دەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە ئێمە دیاریمان کردبوو بۆ 2023، 16 ترلیۆن دینار بوو؛ بۆ ساڵی 2024، 20 ترلیۆن دینار بوو، ئەوەی کە لەگەڵ عێراق رێککەوتبووین لەسەری.
رووداو: داهاتمان؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، ئەوە تەرخانی ئێمە بوو. بۆ ساڵی 2025 بە رەزامەندیی تەیف سامی، ئێمە هەموو شتێکمان برد بۆ مووچە، 13 ترلیۆن بوو. ئێمە ئەمەمان پێویست دەبێت، ئەوە قسەی تێدا نییە، واتە لە هەموو مانگێک ئێمە لانیکەم بۆ بەردەوامیی ژیان پێویستمان بە ترلیۆنێک و 200 یان 300 ملیار دینار دەبێت، چونکە هەندێک خەرجیمان هەیە و ناتوانین وازیان لێ بهێنین. تۆ ئەگەر سەیر بکەیت، کێشەی سەرەکیی ئێستای هاووڵاتییانی کوردستان هاتەوە سەر مووچە، کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی، ئەگەر نا باقیی ژیان لە هەموو هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە چووە، لە هەموو هەرێمی کوردستان ئەو گلەییانەی جاران لەسەر رێگەوبان و شتی دیکە هەبوو، 70٪ یان 80٪ چاک بووە.
رووداو: نازانم بڵێم 70٪ و 80٪ یان نا. ئێستا کێشەی نەخۆشخانەکان و دەرمان زۆرە.
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە. ئێستا تەلەفۆنەکەت هەڵبگرە بۆ نموونە تەلەفۆن بکە بۆ بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بڵێ جیاوازیی ژیانی ئێستای تۆ لەگەڵ کابینەکەی پێشوو چییە؟ من دەڵێم 60٪ یان 70٪، مەبەستم لەوە نییە 100٪ هەموو شتێک چاککراوە، چونکە تۆ بەو گوشارەی کە ئێستا عێراق لە ئێمەی دەکات، ئێمەش گوشارمان لەسەر داهاتی نێوخۆیە، کە گوشار لە داهاتی نێوخۆ دەکەیت، هەموو ئەوەی کە دەمێنێتەوە کەمە، بەڵام ئێستا بڕۆ لە زانکۆ پرسیار بکە، بەراوردی بکە لەگەڵ کابینەی پێشوو، دوو کابینە پێشووتر، بەو میکانیزمەی کە من دەیڵێم بڕۆ لە هەموو کەرتەکانی ژیاندا [پرسیار بکە] ئەگەر وەڵامی ئەرێنیت وەرنەگرتەوە گلەیی لە من بکە. ئێمە هەندێک شتمان کردووە خۆمان لە وەزارەتی داراییەوە.
رووداو: من زۆر رێز لە قسەی جەنابت دەگرم، بەڵام من لە هەردوو...
ئاوات شێخ جەناب: با قسەکەم تەواو بکەم. کۆپییەکت بۆ دەنێرم، ئێمە بۆ ئەم چەند ساڵەی کارکردنمان لە وەزارەتی دارایی شتێکی رێکوپێکمان دروست کردووە، کۆپییەکت بۆ دەنێرم، لەو سەتان و هەزاران چاوپێکەتنەوەی کراون، 70٪ بۆ 80٪ـی مەدحە نەوەک پێچەوانەکەی.
رووداو: جا بە دڵ مەدحیان کردووە؟
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان.
رووداو: تۆ سیاسەتی دارایی دادەڕێژیت، سەتان دەوڵەمەند لەم وڵاتە رادەکەن..
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە قسەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت، (قدرت المکانی بل مکید) من و تۆ لەسەر کوردستان قسە دەکەین، من و تۆ باسی سویسرا ناکەین.
رووداو: چەندین شیعر و سروودم بەم کوردستانەوە نووسیوە و لە سەنگەری کەسیشەوە شەڕی کەس ناکەم کە پرسیاریش دەکەم حەز دەکەم بزانیت کە پرسیاری دووژمنانە ناکەم، بەڵام حەز دەکەم بزانیت، چەندین خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان زۆر خراپن. هەر خانەنشینی خۆت لە بەرنامەکەمدا بە قەرز نەشتەرگەریی دڵیان بۆ کردووە، ئەویش لە کەرتی تایبەت کردوویانە، خودا نەکات پێویستیمان بە نەخۆشخانە هەبێت، هەر چەندە بەهۆی ناسراوی و پێگەکەمانەوە بۆ ئێمە جیاوازە لە خەڵکی هەژار.
ئاوات شێخ جەناب: کاک رەنج، روخسەت بدە. بۆ ئەوەی هەر شتێک بە شێوەی خۆی بێت یان با بڵێین دوو هێندە بخەینە سەر (حروف)، من باسی ئەوەم بۆ نەکردووی من لە سویسرام و سیستمی تەندروستیی کوردستان وەک سویسرا یان ئەڵمانیایە.
رووداو: جا من داوام لێکردووی کە دەبێت وەکو سویسرا بێت؟
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە، تۆ داوام لێ دەکەیت، بەڵام (قدرت مکانی بل مکید) لە قەدەر ئەو ئیمکانییەتەی لەم هەرێمە هەیە تۆ داوا لە من دەکەیت، داوای موستەحیل ناتوانیت لە من بکەیت، واتە نە مەنتقی عەقڵ و نە مەنتقی باوەڕ و نە خوداپەرستی، هیچ رێگەیەک؛ من و تۆ دانەنیشتووین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان قسە بکەین؛ من و تۆ لە نێو هەرێمی کوردستاندا قسە دەکەین، هەموو کێشە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر هەموو شتێک هەیە.
رووداو: موزایەدە بەسەر تۆدا ناکەم و ناتوانم بیکەم، تۆ گەنجییەتی خۆت بە کوردستان بەخشیوە، بە خراپی بیانوو مەهێنەوە.
ئاوات شێخ جەناب: بە گۆڕی شەهیدان بۆ ئەوە نییە. ئێستا تەلەفۆنێک بۆ تەندروستیی سلێمانی بکە بڵێ جیاوازیی ئێوە لەگەڵ چوار ساڵ لەمەوپێش چییە، یان لەگەڵ کابینەی پێشوو جیاوازییەکە چەندە؟
رووداو: باسی کابینەی ئێستا و کابینەی پێشوو ناکەین، لە هەردوو کاتەکان دۆخیان خراپ بوو.
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە باسی پەرەپێدان دەکەین.
رووداو: چاوپێکەوتنم لەگەڵ کاک بەرهەم کردووە کە سەرۆکی حکومەت بوو، چەندین بەرنامەم لەسەر کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی کردووە، چەندین بەرنامەم لەسەر کابینەکەی مەسرور بارزانی کردووە لە کەرتی تەندروستیدا، سوێند بە خودا یەک بە یەک کابینەکانیان لە کەرتی خزمەتگوزاریدا لە تەندروستی خراپتر بووە.
ئاوات شێخ جەناب: دەزانیت بۆچی من ئەو قسەیە بۆ تۆ دەکەم؟ کە من پێم گوتی کە خۆت بڕۆ تەلەفۆن بکە، وەڵام وەردەگریت، ئەمە یەکەم. دووەم، ئێمە هاتین لەم حکومەتەدا بۆ چاکسازی.
رووداو: بەرنامەی خۆم کردووە، بەڵام لەبەر تۆ هەر [تەلەفۆن] دەکەم.
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە، ئێمە ناومان ناوە حکومەتی چاکسازی. یەکێک لەو چاکسازییانەی کردوومانە لە خەرجیدا بووە، لە خەرجییەکانی حکومەتدا. ئەم خەرجییەی حکومەت مانگانە نزیکەی پێنج بۆ حەوت ملیۆن دۆلار ئەگەر زیاتر نەبێت، لەو خەرجییە ناپێویستییانەی کە هەیە گەڕاوەتەوە، لە ساڵێکدا نزیکەی 60 بۆ 70 ملیۆن دۆلار دەکات، هەموو ئەمانە چووەتەوە نێو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ئەمە لە ساڵی شەشەمدایە. بێگومان ژیانی سلێمانی، تەندروستیی سلێمانی، گەرمیان و شوێنەکانی دیکەی گۆڕیوە. بەڵام تۆ بە من بڵێیت بەڕێزێک خانەنشین بووە
رووداو: نا نا من ئەوانە ناڵێم.
ئاوات شێخ جەناب: تۆ باسی بەڕێزێکت کرد کە تووشی نەخۆشییەک بووە و نەشتەرگەریی دڵیان بۆ کردووە کە خانەنشینە. عێراق لە یاسای یەکگرتووی خانەنشینیدا فەرزی کرد بەسەر ئێمەدا کە [فەرمانبەرانی] سێ ساڵی لەدایکبوون پێکەوە خانەنشین بن، لەو 13ترلیۆنەی تەیف واژۆی لەسەر کردووە، تەرخانی شەش مانگەکەیان و 12 مانگەکەشیانی تێدایە، فەرزی کردووە لە 1ـی مانگی یەکەوە ئێمە جێبەجێی بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا لە 1ـی یەکەوە تاوەکو ئێستا یەک دیناری بۆ نەناردووم، کە ئەوەی بۆ نەناردووم شتەکانی دیکە بێنە بەر چاوی خۆت. ئێمە دەستمان پێکردووە لەسەر شەش مانگەکەی، وەردە وردە لە داهاتی نێوخۆ دەستمان کردووە بە خەرجکردنی.
رووداو: من گەنگەشەی شتێک لەگەڵ جەنابت ناکەم، رێز لەوە دەگرم کە دوو جارە داوام کردووە و دێیت بۆ بەرنامەکەم، تاوەکو ئێستا باست لەوە نەکردووە کە پرسیار لەم بابەتانە مەکە یان باسی نەوت مەکە، بەڵکو بە شەفافییەتەوە وەکو دوو برادەر دانیشتووین قسەمان کردووە، رێز لەوە دەگرم؛ بەڵام ئەو بابەتانەی دیکە کە لەگەڵ وەزیری تەندروستی، پێشتر گەنگەشەم کردووە، وەڵامەکانی قەناعەتی بە ئێمە و خەڵک نەهێناوە، بۆیە هەندێک دۆسیە هەن حەز دەکەم ئەگەر باش بوون یان قسەیەکی گەشبینانەت کرد کە رێگە نادەین کوردستان پەکی بکەوێت، ئەگەر بە داهاتی نێوخۆش بێت رێگە نادەین ئاواتی دووژمنانی کوردستان وەدی بێت، لە هەر دوو حاڵەتەکە ئەمانەت لەیاد بێت، هەندێکیم نووسیوە، کێشەی نییە بیکەم بە دوایین تەوەر؟
ئاوات شێخ جەناب: شتێکی دیکەت لە من پرسی تەواومان نەکرد. گوتت لەلایەن عێراقەوە هەندێک ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە. تەنانەت ناوت بە تووندڕۆیانە و دزی هێنا.
رووداو: ئەی وانییە؟
ئاوات شێخ جەناب: لای من وایە.
چەند ساڵە بودجەیەک هەیە، (ئیحتیات)ـی پێدەڵێن کە حاڵەتی فریاکەوتنی هەیە، 500 ملیار دینار دانراوە، ئەم 500 ملیارە لەوەتەی هەرێمی کوردستان هەیە یەک دیناری بۆ خەرج نەکراوە.
لە ساڵی 2005 کە دەستکراوە بەو دەسەڵاتە نوێیە، خەرجییە سیادییەکان دانراون، ئەو کات تەنیا 25 بڕگە بوو، ئێستا بووە بە 57 بڕگە (فقرە).
ئێستا پێم وایە خەرجییە سیادییەکان ساڵانە ژمارەکەی لەنێوان 50 بۆ 60 ترلیۆنە کە یەک دینار نادەن بە کورد.
لەسەر خەرجیی حاکیمە شتێکی ئەوتۆمان نادەنێ.
قەرز دێت بۆ عێراق. لە پارەی قەرز لە پشکی ئێمە دەبڕێت بۆ قەرزەکە، بۆ ئەوەی پێی بدەنەوە، بەڵام یەک دینار قەرز نادەن بە هەرێمی کوردستان.
رووداو: پارەی گوندە وێرانبووەکانمان، پارەی هەڵەبجە...
ئاوات شێخ جەناب: قەرەبووکردنەوەی ئەنفالکراوان نییە، قەرەبووی گوندەکان، شەهیدان، هەموو ئەو قەرەبووکردنەوانەی لەنێو دەستووردا هاتووە و دەبێت بیدەن، بەڵام خۆیان لێ نەکردووەتە خاوەن.
رووداو: کاتێک قەرز دەکەن ئێمە لە دانەوەیدا هاوبەشین، بەڵام لە قەرزەکە هیچمان نادەنێ؟
ئاوات شێخ جەناب: نەخێر، ناماندەنێ.
رووداو: کاک ئاوات دانبەخۆداگرتنتان زۆرە کە نایکەن بە شەڕ لە چوونی شاندەکاندا.
ئاوات شێخ جەناب: جار جارە شەڕیشمان دەبێت، جار جاریش دەنگە دەنگمان دەبێت.
یەکێک لە پرەنسیپەکانی کە لەنێو دەستووری عێراقدا هاتووە باسی بنەماکانی دادپەروەری دەکات کە هیچیان بەرامبەر کورد جێبەجێ ناکرێن، لە هیچ بڕگەیەکدا. ئێستا گوایە دۆستی ستراتیژیی کورد شیعەکانی برامانن.
ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ کورد دەکرێت، مامەڵەیەکی شۆڤینیانەیە بە مانای وشە، من بێ دوودڵی ئەو قسەیە دەکەم.
ئەو هاوکێشەیە چۆن دەبێت راست بکرێتەوە؟
بە هەر شێوەیەک، دەبێت راست بکرێتەوە. بە تێگەیشتنی من، ئەو دۆخەی یارمەتیدەر بوو کە بڕیاری 388ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربچێت، لای من بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە [ئێستا] هەمان شت هەیە، بە هەمانشێوە دۆخەکە ئامادەیە. ئەو کات، بێگومان تۆ زۆر گەنجیت، بەڵام پێم وایە لەیادت بێت، عێراق لە ساڵانی 1991 و 1992ـەوە سەحبی ئیداراتی کرد، گەمارۆی خستەسەر ئێمە، نەوتی بۆ نەناردین، دەرمانی بۆ نەناردین، مووچەی لێبڕین؛ ئێستا هەمووی [ئەو بابەتانە] هەیە.
رووداو: واتە هەڵسوکەوتی بەعس بە تەواوی گەڕاوەتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەراوردیان بکە. ئەمیان بەرواردی ئەو بکە، ئەویان بەراوردی ئەم بکە. بەو شێوەیە بەراوردی بکە. لەبەر ئەوە یەکێک لەو شتانەی من خۆم زۆر جار بیری لێ دەکەمەوە، ئەو بڕیارەی کە 688ـی هێنا، دەبێت نەتەوە یەگرتووەکان لە چاککردنەوەی نێوانی ئێمە و عێراق، دەوری لەوەی کە تاوەکو ئێستا هەیە، زیاتر بێت.
یان دەستووری عێراق چۆن نووسراوەتەوە؟ لەژێر چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا نووسراوەتەوە، دەبێت ئەوان بێن بڵێن بۆچی جێبەجێ ناکرێت، چونکە لە ئەزموونی ئێمە دەرکەوتووە، لە 2005ەوە بەعەرەبکردن، کۆچکردنی زۆرەملێ و جیاکاری بەردەوامە.
رووداو: هەندێک زانیاری لەسەر ئەم گرێبەستە نوێیانە بخەڕوو کە لەگەڵ ئەمریکا کراون.
ئاوات شێخ جەناب: وردەکاریی ئەم گرێبەستانە لای من نییە. وەزیری نەوت خۆی باسی وردەکارییەکانی کردووە، کاک مەسرور باسی کردووە، کۆمپانیاکانی خۆشیان باسیان کردووە، ئەوانەی کە لە ئەمریکاوە....
رووداو: کەی دەگاتە بەرهەم؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە من بیستوومە نزیکەی 18 مانگی دیکە لەوانەیە بکەوێتە بەرهەمهێنان. پەرەپێدانی بیرەکانی دیکەیش کاتێکی پێویستە؛ بێگومان ئەوەی کە کۆیان کردووەتەوە و بایی 110 ملیار دۆلارە، لەو 10 ساڵەی کە گرێبەستەکەی تێدایە، واتە پێشبینی ئەوە دەکرێت لەو 10 ساڵەدا بایی 110 ملیار دۆلار بێت.
رووداو: واتە دەمانبووژێنێتەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەگەر کێشەی گازی سووتەمەنی و ئەوانە هەبێت، لەوانەیە ئەوە چارەسەر بکات، بەڵام ئەوەی 100٪ هەموو ژیانت بگۆڕێت و هیچ کێشەیەک نەمێنێت، ئەوە نازانم. بەڵام ئەوەی گرنگە و ئێمە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران باسمان کردووە، ئەگەر ماوەیەکی ئارامی تێپەڕێت بیرکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەیە لەبری بازرگانیی نەوت....
رووداو: واتا ئەم گرێبەستانەی جەنابی سەرۆک مەسرور بارزانی عێراقیش رزگار دەکات لە هەندێک شت؟
ئاوات شێخ جەناب: بێگومان، چونکە تۆ ئێستا کارەبات لە هەرێمی کوردستانەوە دەچێت بۆ عێراق. ئەگەر بڕی ئەو کارەبایە زیاتر دەبێت، بێگومان زیاتری بۆ دەچێت، ئەوە قسەی تێدا نییە.
رووداو: کاکە حەمە زوو زوو دەڵێت با ئاوەکە بگرینەوە. جگە لە ئاوەکە کارتی گوشاری دیکە شک دەبەیت؟
ئاوات شێخ جەناب: کارتی گوشاری دیکە، ئێستا ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەنێوان هەموو لایەک هەیە ئەگەر ئەوە گەرەنتی بێت وەک خۆی، کارتێکی گوشاری گەورەیە.
رووداو: ئەی کارتی ئاوەکە؟
ئاوات شێخ جەناب: کارتی ئاو، رۆژێک لە رۆژان کورد بیری لەوە نەکردووەتەوە ئازاری ئەوەی کە خۆی ناوی ناوە....
رووداو: تۆش تینوویەتیی تەیف سامی بە تینوویەتیی خۆت دەزانیت؟
ئاوات شێخ جەناب: تەیف تینووی نابێت، جووتیاری هەژار تینووی دەبێت.
رووداو: هەست دەکەیت شەفاف بوویت لەگەڵ خەڵکەکەت؟
ئاوات شێخ جەناب: من قەت [هیچ] نییە بشارمەوە.
رووداو:خەڵکێکی زۆر هەیە خانەنشین بووە و مووچەی بۆ نەبەستراوە. چی دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی مووچەکانیان کە دواکەوتووە و هەروەها بۆ زوو تێپەڕاندنی مامەڵەکانیان؟
ئاوات شێخ جەناب: لەسەر بابەتی خانەنشینی، خانەنشین لە حاڵەتی ئاساییدا لە هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا کە 12 مانگە لە نزیکەی چوار هەزار و 500 بۆ 5 هەزار کەسێک ساڵانە خەڵک خانەنشین دەبن. مامەڵەی ئەم 4 یان 5 هەزار کەسە لە 12 مانگدا تەواو دەبێت. ئەو حاڵەتەی ئێستا دروست بووە، هۆکارەکەی چییە؟ خۆی ئەم خانەنشینییە هەیە، واتە چوار یان پێنج هەزارەکە هەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا سێ ساڵی لەدایکبوون هات، ئەم سی ساڵی لەدایکبوونە کێ سەپاندی؟ عێراق سەپاندی بەسەرماندا، لە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوودا سەپاندیان بەسەر ئێمەدا کە وەزارەتی دارایی عێراق نەهات لە دەرچوونی بڕیارەکەوە جێبەجێی بکات، بەڵکو هات سەپاندی بەسەر ئێمەدا لە 01-01-2025ـەوە، لەبەر ئەوە گوشارێکی یەکجار زۆر کەوتە سەر دامەزراوەکانی ئێمە. ژمارەکە ژمارەیەکی زۆرە و نزیکەی 31 هەزار کەسن.
ئێمە دەستمان پێکردووە، واتە شیفتی دەواممان زیاد کردووە، دەسەڵاتمان دابەزاندووە بۆ هەموو لقەکان، جاران بەشی زۆری دەهاتەوە گشتی و لە گشتییەوە دەکرا، ئێستا وابزانم لە 16 بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەوە ئەم کارە دەکرێت. هەموو فەرمانبەرمان بۆ گواستوونەتەوە، خەریکین تەنانەت لە رێگەی سیستمی ئایتی و ئەوانە خێراتری بکەین.
رووداو: سێ مانگە وەریاننەگرتووە
ئاوات شێخ جەناب: دەزانیت چۆنە؟ رێکارەکان کاتیان پێویستە، تاوەکو ئێستا لەو ژمارەیە نزیکەی 10 هەزارمان خستووەتەوە نێو خشتە، واتە مامەڵەی 10 هەزار [خانەنشین] تەواو بووە.
رووداو: لە 30 هەزار خانەنشینەکە؟
ئاوات شێخ جەناب: سەیر بکە لە 30 هەزار کەس، مامەڵەی 17 هەزاریان هاتووە و لە وردبینیدایە. 10 هەزاریان خراونەتە نێو لیستی مووچەوە، واتە ئەمجارە مووچە خەرج بکرێت، 10 هەزار کەسیان مووچە وەردەگرن. کێشەی 10 هەزار کەس تەواو دەبێت، پێشبینی دەکەین لە ماوەی مانگێک یان دوو مانگ ئەگەر بەم شێوەیە بچێتە پێشەوە، چونکە پڕۆسەکەمان زۆر خێرا کردووە، لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ تەواوی بکەین.
لەسەر (ئیکرامیی) شەش مانگەکە، هێشتا نە شەش مانگ و نە 12 مانگەکە لە عیراقەوە نەهاتووە بەڵام ئێمە....
رووداو: بەڵام شەش مانگەکە لای هەرێمی کوردستانە.
ئاوات شێخ جەناب: خۆی هەردووکیان دەبێت لە عێراقەوە بێن، خۆی لە تەرخانەکەدایە، لە تەرخانی پارەکەیە کە لە عێراقەوە دێت. ئێمە سەبارەت بە شەش مانگەکە بۆ ئەوەی هاوکارییەک بکەین، ئەوانەی کە مامەڵەکانیان تەواو دەبێت، بە گەنجینەکانمان گوتووە بە قۆناخ، چونکە گوشارەکە زۆر زۆرە لەسەر داهاتی نێوخۆ، پێمان گوتوون بە قۆناخ دەستمان کردووە بە خەرجکردنی لە ناوچەی سلێمانی خەرج دەکرێت و لە هەولێر و دهۆکیش وا بڕیارە لەمەودوا بۆ ئەوانیش بکرێت بە قۆناخ و بەپێی بوونی نەختینەکە بۆیان خەرج بکرێت.
رووداو: لە دهۆک گلەییان زۆرە و بۆ رووداو دەنووسن لە سەر مووچەی خانەنشینییەکەیان. لە سلێمانی و هەولێر گلەییان زیاترە.
ئاوات شێخ جەناب: وەک بۆم باس کردی، مووچەکە ناحەقیان نییە، بەڵام بە یەکجار بوو بە 30 بۆ 35 هەزار مامەڵە. لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە کاتی دەوێت، کێشەکەش هەر ئەوە نییە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەکان بێت، واتە کێشەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆیەوە دەستپێدەکات.
رووداو: لە دوو مانگی دیکەدا تەواو دەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: وا پێشبینی دەکەین کە لە دوو مانگی دیکەدا تەواو دەبێت. ئەوەی بکرێت ئێمە دەیکەین. سەبارەت بە خانەنشینان کردوومانە بە بنەما سۆزمان زیاترە.
رووداو: ویستت چی بڵێیت؟
ئاوات شێخ جەناب: کێشەی خانەنشینیی ئێرە لە سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێمەکەوە دەستپێدەکات، بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی و دەفتەری خانەنشینیییەکەی بۆ دروست نەکردووە کە خانەنشین بووە ئینجا دەستیپێدەکات. ئیدی دەبێت ئەم ئەوراقانە هەموو کۆبکرێنەوە، ساڵەکانی خزمەت، بڕوانامەکان، [دەرماڵەی] خێزانی و پلەبەرزکردنەوە، دەبێت هەموو ئەوانە کۆبکاتەوە، بۆنموونە 25 ساڵی [خزمەت] هەیە، دەبێت هی 25 ساڵەکە کۆبکاتەوە، واتە پڕۆسەیەکی زەحمەتە، ئینجا دێتە خانەنشینی، لەوێش دەبێت جارێکی دیکە رێکارەکان بگرێتەبەر.
رووداو: ئەگەر بەغدا هەر لەم دووژمنایەتییەی کورد بەردەوام بێت، لێرە خۆت بە داهاتی نێوخۆ و نەوت دەست دەکەیت بە پڕکردنەوەی ئەمانە؟
ئاوات شێخ جەناب: ناچارین. بەپێی توانای هەرێم. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئەم بابەتە باسکراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش سۆزی لەگەڵ ئەم بابەتە زۆرە.
رووداو: واتە جەنابی سەرۆکی حکومەتیش گوتی ئەگەر هەر بەو شێوەیە بێت، پەکی ژیانی خەڵک مەخەن و بە داهاتی نێوخۆ پڕی بکەنەوە؟
ئاوات شێخ جەناب: بە دڵنیاییەوە.
رووداو: هەر بۆ خانەنشینان یان بۆ هەموو چین و توێژێک؟
ئاوات شێخ جەناب: دەزانیت، بەرپرسیارێتیی سەرۆکی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییە کە ئەوەی کێشەی مووچەی هەیە بۆی چارەسەر بکەن، ئەوەی کێشەی گرێبەستی هەیە بۆی چارەسەر بکەن، ئەوەی کێشەی تەندروستییەکان کە باست کرد، دەبێت هەوڵ بدەن چارەسەری بکەن. ئێستا ئێمە، بۆ نموونە، زیاتر لە هەزار کەسێکمان هەبوو لە [مووچەخۆرانی وەزارەتی] کارەبا، دەرفەتێک هەبوو لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە هەموومان کێشەکەمان بۆ چارەسەرکردن، بۆ گرێبەستەکانی تەندروستیش هەروا. هاتوونەتە لای من و قسەم لەگەڵ کردوون؛ ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی کێشەی خەڵکەکە چارەسەر بکەین، چونکە ئەوە ئەرکی ئێمەیە.
رووداو: ئایا سێ یەکەمەکان دەرفەتی دامەزراندنیان هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: یەکێک لە شتەکانی کە من پێت دەڵێم، من باسی ئەوەم بۆ کردی، بەرواردێکم بۆ کردی لەسەر پێشوو و ئێستا. یەکێک لە کێشەکان لەسەر بابەتی دامەزراندنە، لە سەردەمی پێشوودا دوو بڕیاری ئەنجوەومەنی وەزیرانی بەعس هەبوو بە 737 و 738 ئەمە گەنجی کورد بۆی نەبوو دابمەزرێت، بۆی نەبوو خێزان دروست بکات، بۆی نەبوو پارچە زەوییەک بکڕێت، بۆی نەبوو ئۆتۆمبێلێک، ماتۆڕسکیلێک یان شتێکی هەبێت، ئێستا بەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێندراوە لە 2013 و 2014ەوە میلاکی ئێمە 682 هەزار کەسە. لەم دواییانەدا 20 هەزاریشیان لێ کەم کردینەوە لەبری ئەوەی کە زیادی بکەن و بووە بە 650 هەزار کەس.
رووداو: کەواتە وەڵام چییە بۆ یەکەمەکان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێمە توانای هەرێم یان تەرخانکراوی هەرێم لە 16 ترلیۆن دینار، نزیکەی 13.5 ترلیۆنی دەچێت بۆ مووچە، بۆ خەرجیی وەبەرهێنان و ئەوانە، بۆ هەر هەمووی نزیکەی دوو یان سێ ترلیۆنی تەرخانکراو ماوە. ئێمە داوامان کردووە بە نووسراوی فەرمی داوای زیادکردنی میلاکمان کردووە. بۆچی؟ چونکە لە عێراق خۆی لە دوو یان سێ ساڵی رابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن کەسی دامەزراندووە.
رووداو: شتێکیت گوت گرنگە. خۆی چەندی دامەزراندووە؟
ئاوات شێخ جەناب: نزیکەی دوو ملیۆن کەسی دامەزراندووە لەم دوو یان سێ ساڵەدا. تەنیا بۆ ساڵی 2023، 700 هەزار کەسی دامەزراندووە.
رووداو: پێتوایە چەند بندیواریان هەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: بندیواری عێراق وەکو نوکتەی لێهاتووە، پیاوی وا هەیە 67 مووچە وەردەگرێت.
رووداو: بەراستى 67 مووچە؟
ئاوات شێخ جەناب: 67 ، 30 مووچە ، 20 مووچە.
رووداو : واتە رۆژى دوو مووچە؟
ئاوات شێخ جەناب: بەڵێ هەیانە، چەندین شتى سەیر و سەمەرەیان هەیە، رەفحاوییان هەیە.
رووداو: ئەوە چییە؟
ئاوات شێخ جەناب:ئەوە کاتى خۆى لە جەنگى ئازادى عێراق کۆمەڵێک رایان کردووەتە سعودیە و لە شوێنێک بوون ناوى رەفح بووە، لەوێ مووچەیەکیان بۆ بڕدراوەتەوە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، لە ئەورووپا دەژى و 60 مووچە و 30 مووچە و 20 مووچەى هەیە، 10 مووچەى هەیە، هەندێک جیاوازى دیکە هەیە و بەگوێرەى ئەوەى بەئێمە گەیشتووە، بۆ پێشمەرگە داواى بایۆمەتری و یوپی ئێن و ژمارەى وەزیفییان لێکردووین، بەڵام بۆ حەشدى شەعبی هیچ ئەوەلیاتێک لە خشتەى بودجەى عێراقدا نییە.
رووداو: حەشد چەند بودجەى عێراق دەبات؟
ئاوات شێخ جەناب: مەگەر خوا بیزانێت، چونکە یەکێک لەو نەنگی و ئەو رەخنانەى ئێمە هەمانە لە وەزارەتى دارایی زانیاریەکانى پەیوەست بە خەرجى سیادیمان لێ دەشارنەوە.
رووداو: ئەى تەیف خان کە پرسیارى لێدەکەن ئەویش ژمارەى لا نییە؟
ئاوات شێخ جەناب: بە نووسراوى فەرمى بۆمان ناردووە و بۆى نەناردووین، ئێمە لە 28-5-2024 نووسراومان بۆ کردووە، داواى لێدەکەین خشتەى خەرجى سیادى لە بودجەى گشتى ساڵى 2024 دیاری بکەن و بۆمان بنرێن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامى نەداوینەتەوە، زانیاریمان نادەنێ.
رووداو: ئەگەر ئەنجوومەنى هەرێمەکان هەبووایە وەک ئەوەى لەدەستوور هاتووە، ئەو کاتە مافى چاودێرییمان نەدەبوو؟
ئاوات شێخ جەناب:زۆر شت هەیە کە لە دەستوور هاتووە بەو ئەنجوومەنەشەوە و لیژنەیەکیش دەبوو بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەت فیدراڵى دروست نەکراوە، زۆر شتى ناو دەستوور هەیە، یاسایەکى لەلاوە دەرکردووە کە دەستوورى کەلەپچە کردووە ، وەک خەرجى کردەیی، زۆرشت هەیە لە دەستوودا هاتووە کە جێبەجێنەکراوە.
رووداو: سێ یەکەمەکان بەکوێ گەیشت؟
ئاوات شێخ جەناب: بۆ سێ یەکەمەکان ئێمە بە نووسراوى فەرمى داوامان کردووە، بۆ دکتۆرەکان داوامان لە وەزارەتى دارایی کردووە کە خۆتان هەزاران کەستان دامەزراندووە و بۆ ئێمەش کە لە سنوورى 700 کەسدان دابمەزرێن، بۆ ئێمە بە رەتکردنەوە وەڵامیان دایەوە ، چونکە واى داناوە بۆمیلاک ئێمە لە 2013 وە نە زاوزێ هەیە و نە مردن و نە هیچ.
رووداو: یەکەمەکان دەمێکە چاوەڕێى ئەم دەرکەوتنەتن، قسەى روونت بۆیان چییە؟
ئاوات شێخ جەناب: قسەى روونم دوو بڕگەیە، لە ئەنجوومەنى وەزیران تاوتوێى ئەوە دەکەین کە داهاتى ناوخۆ بەرگەى ئەوە دەگرێت کە ئەمانى بخەینەسەر.
رووداو: بە گوژمە دەکرێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە دەکەوێتە سەر تواناى هەرێمى کوردستان کە ئایا بەرگەى دەگرێت؟ چونکە ئێمە دەستمان پێکردبوو، یەک دووساڵیشیمان لێ دامەزراندن، بەڵام ئەو دۆخە نوێیانەی بەسەردا هات، رۆژێک بەقەرز مووچەت دەداتێ و رۆژێک لێت دەبڕێت و جۆرها فیڵى شەرعیشت بۆ دەدۆزێتەوە .
رووداو: دانوستان لەگەڵ بەغدا دەستپێبکاتەوە، یەکەمەکان کارى لەپێشینەتان دەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: لەئێستاوە ئێمە خۆمان ئامادە کردووە بۆ تاوتوێکردنى لە گفتوگۆکانى یاسای بودجەى 2026
رووداو: مامۆستایانى گرێبەست ئەنجوومەنى وەزیران خۆى بڕیارى لەسەردا، کەى دەکرێنە هەمیشەیی؟
ئاوات شێخ جەناب: ئێستا کێشەى مووچەمان هەبوو کە خەریکى چارەسەرکردنیین لە داهاتى ناوخۆ، ئەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لێدا بێت هەمووى جێبەجێدەکرێت .
رووداو: پزیشکانى 736 کەسن و حەوت مانگ بەسەر وەرگرتنى بڕوانامەیان تێپەڕیوە و دانەمەزراون. بەگوێرەى یاسا دەبێت راستەوخۆ دابمەزرێندرێن، ئەمە وەک هیچ پرسێکى دیکە نیە و سیستمى نەخۆشخانە تێک دەچێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەو دکتۆرە بەڕێزانە هاتوونەتە لاى من و لەگەڵ هەندێک لە دکتۆرەکانى دیکە قسە کراوە کە پلەبەندیەکە دەبێت چۆن بڕوات، ئەگەر لێرەوە داخڵ نەکرێت لەو سەرەوە کورتهێنان دروست دەبیت. ئەوە لە ئەنجوومەنى وەزیران لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، داوامان لە عێراق کرد بە نەرێنى وەڵامى داینەوە و مانگى پێشوو وەڵامى داینەوە. ئەمە یەکێکە لەو پرسانەى کە ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوونى بۆ دەکات.
رووداو: دکتۆرەکان ئومێدیان هەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: من یەک کەس نائومێد ناکەم.
رووداو: لەگەڵ رێزم ئومێدێکى پوچەڵ نا و ئومێدێکى واقعى؟
ئاوات شێخ جەناب: ناکرێت من پێیان بڵێم سبەى دادەمەزرێیت و بڕۆ فەرمانەکەى دەرچوو و سبەى مووچە نەبێت بیدەمێ.
رووداو: تێیدایە دەیەوێت بیکەیت بە ئەمرى واقیع.
ئاوات شێخ جەناب: ئەنجوومەنى وەزیران خۆى نووسراوى کردووە بۆ حکومەتى فیدراڵ و رەتیکردووەتەوە، کەوتووینەتە سەر ئەوەى تاوتوێى ئەوە بکەین ئەگەر لە داهاتى ناوخۆ بەرگە بگرێت بەدڵنیایی دەیکەین، کێشەشمان لەگەڵ داهاتى ناوخۆ چییە، هەموو رۆژێک کێشەیەکت بۆ دروست بکات دەچێتەوە سەر داهاتى ناوخۆ، بەڵام وەک باسم کرد، درەختى ژیان هەمیشە سەوزە و نیەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە پرسى دامەزراندن و گرێبەست و کارمەندانى تەندروستى مامۆستا وانەبێژەکان زوو چارەسەربکرێت.
رووداو: بەڵام زوو دکتۆرەکان چارەسەر نەکەن ، 700 دیکەى بۆ زیاد دەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوە پرسێکە جێگەى گرنگىپێدانى پلە یەکى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى داراییە.
رووداو: بەڵام گوتت بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى پەیوەست بە گرێبەستەکان 100% جێبەجێ دەکرێت.
ئاوات شێخ جەناب: هەرچى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى لەسەر دەرچووبێت بەبێ جیاوازى جێبەجێ دەکرێت.
رووداو: واتا دەستی لێ بەرنادەن تاوەکو پڕۆژەکە تەواو دەبێت؟
ئاوات شێخ جەناب: پێموایە ناوی کاک هیوایە. بە کاک هیوا بڵێیت، دەڵیت وەزیر پشتیوانمانە.
رووداو: کاک هەڤاڵ دەڵێت نیوەی پارەی کاشی عێراق لە سلێمانییە، شتی وا هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: داهاتی مانگێکی سلێمانیلە داهاتی نێوخۆ لە نزیکەی 120 ملیار دیناردایە. دەبێت داهاتی کاشی عێراق 120 ملیار بێت؟
رووداو: لە شارەکانی کوردستان کامە شار زۆرترین داهاتی نێوخۆی هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: دەتوانین بڵێین بەهۆی گومگری ئیبراهیم خەلیلەوە دهۆک.
رووداو: زانیاریت لەسەر داهاتی دەروازە سنوورییەکان هەیە؟
ئاوات شێخ جەناب: هەمووی لە رێگەی تەرازووی پێداچوونەوە دێتە لای ئێمە بە وردی.
رووداو: تەرازووی پێداچوونەوە یەکسانە بە داهاتی فیعلی؟
ئاوات شێخ جەناب: 100٪. داهاتی فیعلی دەزانیت چییە لای من؟ لای من ئەوەیە لە کەناڵە فەرمییەکانەوە بێتە ناوەوە.
رووداو: بینەرانی بەڕێز هیوادارم پرسیارەکانی ئێوەم لە وەزیری دارایی کردبێت. تاوەکو ئێستا کاک ئاواتم ئاوا گەشبین نەبینیوە کە بە داهاتی نێوخۆ مووچە بدرێت و هەروەها بەو شێوەیە رەشبینیشم نەبینیوە بەرامبەر بە بەغدا.
ئاوات شێخ جەناب: هەردوو راستن. بێگومان داهاتی ناوخۆ بە مەرجێک ئاستەنگەکانی بەردەمی نەوت، ئەمەی کە ئێستا هەیە نەیهێڵن، چونکە ئەو کێشانەی کە بۆ هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی هەیە، دروستکراوە. من هاتم قسەیەکیش بکەم، تەواوم نەکرد، لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوۆنیەتیی بیرکردنەوە، دەبێت بەو شێوەیە بێت کە لەبری بازرگانیی نەوت، ئێمە خەریکی پیشەسازیی نەوت و پترۆکیمیا بین، بۆ ئەوەی لەم بەزمی گۆشار و بەزمی رێگری و سۆمۆ و ئەم سەرهێشانە رزگاریمان بێت. ئێستا بیرکردنەوەی حکومەت بەرە ئەوە دەڕوات.
رووداو: خۆت چیت هەیە بۆ خەڵکی کوردستان؟
ئاوات شێخ جەناب: ئەوەی کە من دەمەوێت هەموو کەس بیزانێت، ئەوەی کە هەیە، هۆکارەکە پەیوەندی بە ناشەفافییەت و دوو مووچەیی و ئەوانەوە نییە، لە وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەو بیانوویانە هێچیان نەهێڵدراون. هەندیک تێنەگەیشتن هەیە، با وا بڵێم، ئەگەر تێنەگەیشتن بێت، چونکە من بە بیانووی دەزانم چونکە یاسای بودجە تێیدایە 50٪ـی داهاتی فیدراڵی بۆ عێراقە، بەڵام ئەو دەڵێت من هەمووم دەوێت. ئەوانە ناڵێن تۆ بەرمیلێک نەوتت هەناردە نەکردووە لە 2025ـدا، 14 ترلیۆنی لەسەر هەژمار کردبیت، ئینجا بە خەیاڵ پێت بڵێت تۆ پشکت نەماوە و لە مانگی پێنجەوە هیچت بۆ نانێرم. هەشت مانگ من هیچت بۆ نانێرم تۆ پشکت نەماوە، بە خەیاڵ. تۆ داهاتی نێوخۆ هێشتا لە مانگی چواردایە و داهاتی مانگی پێنجم کۆنەکردووەتەوە و بۆم نەناردوویت، تۆ چۆن داتناوە من چوار ترلیۆن و ئەوەندە داهاتی نێوخۆ و 14 ترلیۆن داهاتی نەوت؛ خۆ هیچی نەفرۆشراوە، یەک دیناری لێ دەرنەکردووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و کۆمپانیاکان، هیچی لێ دەرنەکردووە، جارانی کردووە و دایناوە، تۆ خۆت بەو شێوەیە لەگەڵ عێراق مامەڵە دەکەیت؟ نەخێر. 150 ترلیۆنی داناوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و چی و چی لە عێراق، لەمە نەوەک هیچی بەشی تۆ نادات، ئەوەی کە دەریشیدەهێنێت، هەمووی کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بیانوو بهێنێتەوە و مووچەکەت نەدات. ئەم بیانووە سیاسییانە تێکەڵی ناشەفافییەت و گەندەڵی نەکرێت. گەندەڵی و ناشەفافییەت و چی و چی، کە من ناڵێم نییە، ئەو هۆکارە نییە کە ئەوان وا لە ئێمە دەکەن. هۆکارەکە شتێکە بچووککردنەوەی (تەحجیم) هەرێمە، ئەمە دەبێت هەموو کوردێک بیزانێت. ئەمە بەرگری نییە نە لە پارتی نە لە یەکێتی، نە لە هیچ لایەنێکی دیکە، ئەمە تەنیا بەرگرییە لە کورد. دەیانەوێت دۆخێک بەسەر تۆدا بسەپێنن، بەر لە رووخانی سەددام ئێمە لەوەی ئێستامان زیات هەبوو. ئەمە دوا قسە بوو سوپاس.
رووداو: دوا قسە خۆت دەچیت یان شاند دەنێریت بۆ بەغدا؟
ئاوات شێخ جەناب: هەر کاتێک پێویست بکات، من ئێستاش لە دڵی خۆمدا پێشمەرگەم لە کوێ پێویست بکات بۆ کورد، دەچم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ