رووداو دیجیتاڵ
ئاگری دارستەکانی سەردەشت کۆنترۆڵکراوە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە. رۆژی هەینی چەند جار کۆنترۆڵکرا و سەریهەڵدایەوە.
فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی سەردەشت رایگەیاندووە، لە ناوچەکانی نەڵاس، سیسێر، شیواشان و سۆروێ پێنج هێکتار دارستان سووتاوە و زیان بە زەوی و باخەکانیش گەیشتووە، بەڵام ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، 12 هێکتار دارستان، رەز و زەوی کشتوکاڵی گرتووەتەوە.
موحسین شێخە، هاونیشتمانییەکی سەردەشتە و دەڵێت، " ئێمە لە کاژێر 10:30ی بەیانییەوە خەریک بووین، ئاگرەکە نەدەکوژایەوە. کەسیش بەهانامانەوە نەهاتووە. بێجگە لەوەی گەنمەکەمان سووتاوە، هەزاران ئاژەڵ و خشۆک لەنێو ئاگرەکەدا سووتاون."
ئاگرەکان هۆکاری جیاواز، بەڵام لێک نزیکیان هەبووە. هۆکاری هەموویان مرۆییە. سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، لە شوێنێک بە هۆی ناکۆکی لەسەر زەوی و لە شوێنێکی دیکە بەهۆی نەکوژاندنەوەی ئاگری چای شوانێک بووە؛ کەمتەرخەمییەک کە زۆرجار کارەساتی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.
کاکەمەم بەریاجی، ژینگەپارێزێکی سەردەشتە و باس لەوە دەکات، کۆمەڵگای سڤیل بۆ گەشتوگوزار سەردانی ئەم ژینگە جوانە دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ بایەخێک بەو شوێنەوارانە بدات کە بەڕاستی هەر خۆی کەڵکی لێوەردەگرێت، وەکو کردنەوەی ئاگر و جێهێشتنی ئەو ئاگرە، کە داوتر دەبێتە هۆی کارەساتێکی زۆر زۆر گەورە."
زۆرترین و چڕترین دارستانەکانی پارێزگای ورمێ لە سەردەشتن. رووبەریان 90 هەزار هێکتارە. ژینگەپارێزانی سەردەشت دەڵێن، فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی شارەکە 11 فەرمانبەری هەیە بۆ چاودێریکردن و پاراستنی دارستان و لەوەڕگەکان. ئەوانیش کەرەستە و پێداویستیی تەواویان لەبەردەستدا نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی رووداوی وەکو ئاگرکەوتنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ