رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 184 هەزار و 591 گەشتیار روویان لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان کردووە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا، کە رۆژی دووشەممە، 31-7-2023 بڵاوکراوەتەوە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 22 ملیۆن و 945 هەزار و 402 گەشتیار روویان لە باکووری کوردستان و تورکیا کردووە. 184 هەزار و 591 کەس لەو گەشتیارانە چوونەتە پارێزگای وانی باکووری کوردستان.
پارێزگای وان، کە خاوەن بەرزترین ژمارەی گەشتیارە لە باکووری کوردستان، تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا پێشوازیی لە 46 هەزار و 796 گەشتیار کردووە.
محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیاریی تورکیا باسی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) باسی لەو ئامارە تازەیە کرد و رایگەیاند: "تورکیا لە یەکەم شەس مانگی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022، رێژەی گەشتیاران 17.5٪ زیادیکردووە و تورکیا پێشوازی لە 22 ملیۆن و 945 هەزار گەشتیار کردووە. تورکیا لەو شەش مانگەدا 21.7 ملیار دۆلار داهاتی گەشتیاریی دەستکەوتووە".
وەزیری کولتووری و گەشتیاریی تورکیا ئاماژەش بەوە دەکات بۆ ئەمساڵ ئامانجیان دەستخستنی 56 ملیارە لە کەرتی گەشتیاریدا و تائێستا 20.5٪ی ئامانجەکەیان پێکاوە.
گرنگیی پارێزگای وانی باکووری کوردستان
بوونی دەریاچەی وان یەکێک لەو هۆکارانەیە کە پارێزگاکە لە کەرتی گەشتیاریدا مەودایەکی زۆری بەراورد بە پارێزگاکانی دەوروبەری بڕیوە. دەریاچەی وان دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی وان و بەدلیسی باکووری کوردستان. گەورەترین دەریاچەی کوردستان و گەورەترین دەریاچەی سۆدەیی جیهانە. رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە.
ئەو پارێزگا گەشتیارییەی باکووری کوردستان خاوەن شوێنەواری دوورگەی ئاختامار، چارپاناک، قەڵای وان، قەڵای خۆشاب، سۆلافی بێگر و سۆلافی کانی سپییە و وێستگەی سەرەکیی گەشتیارانە. بەهۆی هاوسنوورییەوە، زۆربەی گەشتیارانی ئەو پارێزگایە هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن.
فەوزی چەلیکتاش، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی وان رۆژی 14-7-2023 رایگەیاند: "ئێمە ئەمساڵ لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵدا، پێشوازیمان لە 137 هەزار گەشتیاری ئێرانی کردووە. ئامانجمان ئەوەیە ساڵانە میوانداری یەک ملیۆن گەشتیار بکەین."
گرنگییەکی دیکەی دەریاچەی وان بوونی ماسییەکە بە ناوی دارەخ کە (ئینجی کەفالی) ناوە تورکییەکەیەتی. ئەو جۆرە ماسییە تەنیا لە وان هەیە و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە. ساڵانە لەکاتی کۆچی پێچەوانەی ئەو جۆرە ماسییەدا گەشتیاران بە تایبەت دەرۆنە وان بۆ ئەوەی ساتی کۆچی ماسییەکان ببینن، بەتایبەتی کە بەشێکیان دەبنە خۆراکی ماسیگرەکان.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، تەمەنی دەریاچەی وان 600 هەزار ساڵە. ئەو دەریاچەیە 103 جۆر رووەک و 36 جۆر ماسی تێدایە. زانایان دەڵێن دەریاچەی وان بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی گەورە لە چیای نەمروود دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ