پارێزەرەکەی: لاهوور شێخ جەنگی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

01-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رایدەگەیێنێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لاهوور شێخ جەنگی لە کەرکووک لیستی نابێت و دەستبەرداری لیستی گەل بووە، هۆکارەکەشی بۆ وەڵام نەدانەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پێشنیازی یەک لیستیی دەگەڕێنێتەوە، دەشڵێت: "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سوپرایزی دەبێت و لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی دەکات."
 
رۆژی سێشەممە، 1-8-2023 سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک ئەو لیستەی بەنیازبوو بەناوی لیستی گەلەوە لە کۆمیسیۆن تۆماری بکات تۆمارنەکراوە و ناکرێت، چونکە ئەو پێشنیازی یەک لیستیی خستە بەردەم زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەڵام لایەنەکان نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر وەڵامیان نەدایەوە."
 
بەگوتەی پارێزەرەکەی، لاهوور شێخ جەنگی کە بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتییەوە لە دوای هەشتی تەممووزی 2021ەوە دوای دوورخستنەوەی لە یەکێتی نەگەڕایەوە نێو ئەو حیزبە، بۆ لایەنە کوردستانییەکان پێشنیازی ئەوەی کردبوو ئامادەیە هیچ بەربژێرێکیشی نەبێت لە کەرکووک ئەگەر یەک لیستی هەبێت، تەنیا بانگەشە بکات و دەنگ بۆ لیستەکە کۆبکاتەوە."
 
لاهوور شێخ جەنگی لە مانگی ئادار و دواتر ئایار سەردانی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی کرد و پڕۆژەی یەک لیستی پێدان و پڕۆژەکە بە یەکێتیش دراوە، بەڵام لە ناو یەكێتیدا بەشێکیان هاوڕا و بەشێکیان دژی بوون.
 
بڕیارە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا لایەنە کوردستانییەکان هیچ هاوپەیمانێتییەکیان بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە تۆمارنەکردووە، هەرچەندە تەنیا رۆژی 6ـی ئەم مانگە دوایین وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکانە.
 
سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو بکرێت، بۆ رووداو ئاشکرایکرد: "کاک لاهوور بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام دیارنییە بەچی ناوێکەوە دەبێت، ئەوەی هەیە بەهێزەوە بەشداری دەکات و سوپرایزیشی دەبێت، چونکە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان  دەکات و بەدڵنییایەوە دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنێت."
 
سەیوان سیروان جاسم، گوتیشی: "چاوەڕوانی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکەین، هەرچەندە هەڵبژاردن بەیاسا کۆنەکە دەکرێت، بەڵام روون نییە کە بەچ ناوێک و چ لیستێکەوە بەشداریی دەکات و چەند بەربژێری دەبێت، ئەوە بۆ کاتی خۆی دەمێنێتەوە."
 
رووداو پەیوەندیی بە دەزگاکانی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتییەوە کرد، بێ ئاگایی خۆیان لە بابەتی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی راگەیاند، وەڵامی دوو بەرپرسی هەردوو دەزگاش ئەوەبوو کە زانیارییان نییە حیزبەکانیان هاوپەیمانێتی لەگەڵدا بکەن.
 
هاوکات نووسینگەی رۆژنامەوانیی لاهوور شێخ جەنگی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "دەرباری بڕیاری بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی بەرێز لاهور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، تائێستا هیچ لێدوانێکی رەسمی نەدراوە، هەر بڕیارێکیش هەبێت دەربارەی ئەو پرسە، بە رەسمی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە."
 
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوون، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
 
دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەدژی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
 
رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا، کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە. دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.
 
رۆژی 22-2-2023 لاهوور شێخ جەنگی، خۆی بە "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "دوای ساڵ و نیوێک لە پشوودرێژی، سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە