رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی مهاباد رایگەیاند، قەبارەی ئاوی هەڵگیراو لە بەنداوی مهاباد بۆ 86 ملیۆن مەتر سێجا کەمبووەتەوە و بەراورد بە پار 24 ملیۆن مەتر سێجا کەمترە.
رۆژی سێشەممە، 01-08-2023، خالید رەحمانی، بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی مهاباد رایگەیاند، "ساڵی رابردوو لە مانگی تەممووزدا قەبارەی ئاوی هەڵگیراو لە بەنداوی مهاباد 106 ملیۆن مەترسێجا بووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمبوونی باران و ئەو سەرچاوانەی دەڕژێنە ئەم بەنداوە، قەبارەی ئاو کەمیکردووە".
هەروەها رەحمانی دەڵیت، "ئێستا ئاستی ئاوی بەنداوی مهاباد بۆ هەزار و346 مەتر دابەزیوە، لە کاتێکدا پار ئەم بڕە سێ مەتر زیاتر بووە، بە هۆی گەرمای هاوین ئەمساڵ زیاتر لە حەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە رووی دەریاچەی بەنداوەکەوە بەهەڵم بووە کە بەراورد بە پار 500 هەزار مەترسێجا کەمتر بووە".
سەبارەت بە کەمبوونی باران بارین لە مەهاباد، رەحمانی باسی لەوە کرد: "پار تا مانگی تەممووز 431 ملم باران لە وێستگەی بارانبارینی بەنداوی تاجی مهاباد تۆمارکراوە، بەڵام ئەمساڵ بۆ 344 ملم دابەزیوە." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، پار 82 ملیۆن مەترسێجا ئاو لە کۆگەی بەنداوی مەهابادەوە بۆ دەریاچەی ورمێ و ئاودێریکردنی کیڵگە کشتوکاڵییەکان دەرچووە.
گوتیشی: لەمساڵدا شەش هەزار مێگاوات کارەبا لە ئاوی بەردراو بەرهەم هێنراوە کە پار نۆ هەزار مێگاوات بووە و بۆ یارمەتیدان و پاراستنی ژینگە و گەڕاندنەوەی تاڵاوەکانی مەهاباد، یەک ملیۆن مەترسێجا ئاو بۆ تاڵاوی نێودەوڵەتی "کانی برازان" تەرخانکراوە.
ئامادەکردن: ژیلا ئەسعەد
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ