رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی بڵاوکردەوە و راگەیاند، "کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین." دەشڵێت: "قووڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە."
بەبۆنەی بڕیاردانی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 27ــی ئەم مانگە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لە رێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە 26 هەزار شەهید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە پێمانوایە باشترین رێگەی خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکێکشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر."
سەبارەت بە دیدگەی یەکێتییەوە، سەرۆکی ئەو حیزبە دەڵێت: "یەکێتی بە دیدگە و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش هەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و هاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قووڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم[ی کوردستان]، بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین."
لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، کە بڕیارە 27ـی ئەم مانگە لە سلێمانی ببەسترێت، بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین."
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئەوان بڕوای تەواویان بە نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێن و خۆیان نوێ دەکەنەوە.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بە کاریگەری و پەیوەندییەکانی یەکێتی دەکات و دەڵێت: "هێز و کاریگەریی یەکێتی لە هەرێم[ی کوردستان] و ناوەندی فیدراڵ لای هەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەهێزیی یەكێتی واتە بەهێزیی هەرێم[ی کوردستان] و عێراق، بۆیە دەبێت هەموو هەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت هەموو هەوڵ و هەنگاوێکتان هاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت."
بڕیارە کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام لە 27ی ئەیلوول لە شاری سلێمانی دەست بە کارەکانی بکات و سێ رۆژ بخایێنێت.
بافڵ تاڵەبانی بەشێکی لە پەیامەکەی بۆ کەسوکاری شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر تەرخانکردووە و رایدەگەیێنێت: "ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان... دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی هەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر هەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا هەڵگرتووە و بەهیواوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەهێزتر و نوێگەر هەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حیزبی شەهیدان دەنووسینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ