دەیان هەزار دەنگدەری مادەی 140 لە هەولێرەوە دەچنەوە مەخموور بۆ دەنگدان

01-11-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
پۆستەری بەربژێرێکی پارتی لە بازنەی نەینەوا
پۆستەری بەربژێرێکی پارتی لە بازنەی نەینەوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرنجی بەشێکی زۆری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەو خێزانانەی خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن، لەسەر بەڵێنی بەربژێرە کوردستانییەکانە. 
 
دەیان هەزار دەنگدەر، کە لە ساڵی 2006ەوە بەهۆی نائارامییەکانەوە لە مەخموور و دەوروبەرییانەوە ئاوارەی هەولێر بوون، خۆیان بۆ گەڕانەوە و بەشداریکردن لە پڕۆسەی دەنگدان لە زێدی خۆیان ئامادە دەکەن.
 
ئەڵماس ئیسماعیل، یەکێک لە دەنگدەرانی مادەی 140 بە رووداوی راگەیاند: "تەلەڤیزیۆنی ماڵەکەی ئێمە ئەم رۆژانە زیاتر لەسەر هەواڵە. چاوی من لەوەیە بانگەشەکان ببینم و گوێم لە بەڵێنی بەربژێرەکانی پارتە کوردستانییەکان بێت لە مەخموور." دەشڵێت: "خێزانی خۆمان رەنگە 25 کەس بن بە زڕمنداڵ و بووک و کوڕ و کچەوە، هەموومان دەگەڕێینەوە و خۆمان حازر کردییە بۆ دەنگدان."
 
لە گەڕەکی مامزاوەی شاری هەولێر، لە کۆی 14 ماڵی گەڕەکەکە، 8 ماڵیان خەڵکی مەخموور و دەوروبەرین. شادان جەلال، دەنگدەرێکی دیکەی مادەی 140، باس لە گرنگیی بەشداریکردنیان دەکات: "لە بەرنامەماندایە ئەگەر بۆمان رێکبکەوێ و بگونجێت حەزدەکەین بڕۆینەوە دەنگبدەین، لە 2005ەوە ئەوە دووەمجارە من دەنگدەدەم."
 
هەڵمەت ئەحمەدیش جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە: "زۆر زەروورە خەڵکەکە بگەڕێتەوە و دەنگبدات، یەک تۆژە، دەنگەکەی دەدات و دێتەوە." 
 
فوئاد تەها، دەنگدەرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "خەڵک بڵێ لەبەر ئەو حیزبە ناچم یان لەبەر ئەو حیزبە، بەڕاستی ئەوە لەگەڵ عێراقە شتەکە. چەندی دەنگمان زیاتربێت مافەکەمان دیارتر دەبێت لە هەموو جیهان."
 
بەشێکی زۆری شاری هەولێر تەنراوە بە پۆستەری بەربژێرەکانی بازنەی نەینەوا و بەتایبەت مەخموور لە حیزبە کوردییەکان. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 50%ـی دەنگدەرانی مەخموور لە هەولێر دەژین. پارتی دیموکراتی کوردستان بە گرنگییەوە سەیری دەنگی ئەم 50% دەکات بۆ هاوسەنگیی هێز لە ناوچەیەکی کێشە لەسەری وەک مەخموور.
 
سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی 23ـی پارتی بە رووداوی گوت، "تیمەکانی ئێمە شەو و رۆژ لە ئەرکدان بۆئەوەی بتوانن خەڵکی ئەو ناوچەیە بگێڕنەوە، چونکە هەموومان دەزانین بەتایبەت لە ماوەی رابردوو چەندین هەڕەشە لە چەندین حیزب و لایەنی سیاسی عێراقی ئاراستەکراو بە مەبەستدار لەسەر ئەم ناوچەیە هەبووە."
 
تەنیا لە سنووری مەخموور، کە لە بازنەی نەینەوایە، 70 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 36 هەزار کەس لەوانە لە هەولێر دەژین. ئەم ژمارە زۆرە، کارتێکی بەهێزی کورد دەبێت لە چارەسەرکردنی پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان و سەپاندنی ئیرادەی خۆیان لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.