پەروەردەی حەسەکە بۆ رووداو: 19 هەزار و 400 مامۆستای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چوونە سەر سیستمی وەزارەت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نالین حەسەن
نالین حەسەن
لە راستەوە، عەدنان بەڕی، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە و نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو
لە راستەوە، عەدنان بەڕی، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە و نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەروەردەی حەسەکە بۆ رووداو: 19 هەزار و 400 مامۆستای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چوونە سەر سیستەمی وەزارەت
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی یەکخستنی سیستمی پەروەردەدا، بۆ ماوەیەک پڕۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی پڕۆگرامێکی یەکگرتوو ئامادە دەکرێت.
 
دکتۆر عەدنان بەری، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداودا، کە نالین حەسەن پێشکەشی دەکات، جەختی کردەوە کە نزیکەی 19400 مامۆستای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، وەک فەرمانبەری هەمیشەیی دەچنە سەر سیستمی وەزارەتی پەروەردە و "هیچ مامۆستایەک لە دەرەوە نامێنێتەوە."
 
سەبارەت بە پڕۆگرامەکانی خوێندن، بەری رایگەیاند، تاوەکو ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی نوێی نیشتمانی لە ساڵی 2028دا، پڕۆگرامی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە لە پڕۆگرامە نوێیەکەدا تایبەتمەندیی هەموو پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد، دەپارێزرێت و ئەو پڕۆگرامە بۆ زمانی کوردیش وەردەگێڕدرێت.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە پارێزگاکەدا زياتر لە 700 هەزار خوێندکار و 2000 قوتابخانە هەن، بەڵام سەدا 70ی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە بارودۆخێکی خراپدان و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو  و بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە
 
رووداو: لە دۆسیەی پەروەردە و تێکەڵکردنەوەدا، تاوەکو ئێستا گەیشتوونەتە چ ئەنجامێک و چ خاڵێکی ناکۆک ماون؟
 
عەدنان بەری: سەبارەت بە لایەنی پەروەردە، ئێستا ماوەیەکی درێژە کار بۆ ئەوە دەکەین. لە لایەنی کارگێڕییەوە، نزیکەی 19 هەزار و 400 فەرمانبەر کە لەژێر چەتری دەستەی پەروەردەدا کاریان دەکرد، ئێستا بە گشتی چوونە ناو سیستەمی وەزارەتی پەروەردە. بۆیە کارەکانمان لە لایەنی کارگێڕییەوە خەریکە کۆتایی دێت، واتا لە لایەنی کارگێڕییەوە بە سیستەمی گشتیی وەزارەتی پەروەردەوە بەستراوینەتەوە. بەڵام ئەوانەی لەسەر سیستەمی دەستەی پەروەردە بوون، لایەنی فێرکارییان ماوە. ئەو لایەنە پەروەردەییەش لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دیاری دەکرێت، بەتایبەتی دۆخی زمان بە چ شێوەیەک دەبێت.
 
رووداو: مامۆستایانی دەستەی پەروەردەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە هەموویان لە لایەنی کارگێڕییەوە چوونەتە ناو سیستەمی وەزارەتی پەروەردە؛ ئایا وەک مامۆستای هەمیشەیی دامەزراون یان بە گرێبەست؟
 
عەدنان بەری: ئێستا چەندین لیژنە لەسەر ئەمە کار دەکەن. لیژنەکان کار لەسەر بەڵگەنامەکانی ئەم مامۆستایانە دەکەن بۆ ئەوەی پشتڕاست بکرێنەوە، هەندێک بەڵگەنامە داوا کراون. تا کەمتر لە هەفتەیەک ئەو کارەش کۆتایی دێت. وەک نموونە، ئاستی هەر مامۆستایەک چۆنە و ئەو مامۆستایە لە چ شوێنێک کار دەکات، ئەمانە هەمووی روون دەکرێنەوە. بەگوێرەی ئەم پێوەرانە، ئەو مامۆستایانە دەبنە مامۆستای هەمیشەیی.
 
رووداو: هەموو مامۆستاکان شوێنی خۆیان لە کەرتی پەروەردەدا دەبێت؟
 
عەدنان بەری: بەڵێ، هەر مامۆستایەک کە پێشتر لەسەر میلاکی دەستەی پەروەردە کاری دەکرد و لە سنووری پارێزگای حەسەکەیە، لە ناو سیستەمی بەڕێوەبردنی پەروەردەدا شوێنی دەبێتەوە. واتا، تەنانەت یەک کەسیش نابێت لە دەرەوە بمێنێتەوە و بەو پێیەش رێککەوتنمان کردووە.
رووداو: بە گشتی چەند مامۆستا هەن؟
 
عەدنان بەری: ئێستا، ئەوانەی پێشتر لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون و ئەوانەی پێشتر لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بوون، نزیکەی 33 هەزار مامۆستان.
 
رووداو: ئەم ژمارەیە بۆ پارێزگاکە زۆر نییە، یان هێشتا پێویستیتان بە مامۆستا هەیە؟
 
عەدنان بەری: کاتێک ئەم کارە تەواو دەکەین و دۆخەکە روون دەبێتەوە، ئەو کاتە ئەرکی ئەم مامۆستایانە دیاری دەکرێت. دوای ئەوەی مامۆستاکان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەش دەکرێن، بۆمان دەردەکەوێت لە چ ناوچەیەک زیادە هەیە. ئەمە دۆخێکی ئاسایییە، چونکە پێش شۆڕشیش میلاکی وەزارەت زیاتر بوو.
 
رووداو: بڕوانامەی دەرچووانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەروەها خوێندکارانی قوتابخانەکانیان، بڕیاری دانپێدانانیان بۆ دەرچووە، بەڵام لیژنەکە کەی دەست بە کاری دانپێدانان دەکات؟
 
عەدنان بەری:  ئەمە کاری ئەو لیژنانەیە کە ئێستا لە گفتوگۆدان هەم لەگەڵ وەزارەت و هەم لەگەڵ حکومەت. لە ماوەیەکی کورتدا دۆخی ئەوانیش روون دەبێتەوە. بەگوێرەی مەرسووم و گفتوگۆ و رێککەوتنەکان، ئەو بەڵگەنامانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمی.
 
رووداو: بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027، خوێندن بە چ پڕۆگرامێک دەبێت؟
 
عەدنان بەری:  لە ئێستاوە تا ماوەیەکی کورت پڕۆگرامی خوێندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت و پڕۆگرامی عەرەبیش پڕۆگرامی حکومەت دەبێت. ئێستا لە سووریا زیاتر لە پڕۆگرامێک دەخوێندرێت. بۆ نموونە، لە حەسەکە پڕۆگرامی یونیسێف هەبوو، لە کەمپەکان دەخوێندرا، لە سەرێکانێ پڕۆگرامی ئەنجوومەنەکان هەبوو، پڕۆگرامی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەبوو و پڕۆگرامی وەزارەتیش هەبوو. واتا چوار پڕۆگرام هەبوون. ئێستا لەگەڵ دەستپێکی ساڵدا، دەبێت یەک پڕۆگرام بێت، پڕۆگرامی سووری و چوارچێوەی پڕۆگرامی کوردیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە رۆژانی داهاتوودا دیار دەبێت.
 
رووداو: بەڵام هەندێک سەرچاوە دەیانگوت بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، وەک قۆناخێکی گواستنەوە، دیسان ئەم پڕۆگرامانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەمێننەوە تا پڕۆگرامێکی نیشتمانی ئامادە دەکرێت.
 
عەدنان بەری:  بەڵێ، وایە. چونکە ئەو پڕۆگرامانەی ئێستا لەسەر ئاستی سووریا هەن پڕۆگرامی نوێ نین، پڕۆگرامە کۆنەکانی رژێمن. ئێستا دامەزراوەی گشتیی پڕۆگرامەکانی سووریا و دامەزراوەی پڕۆگرامەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوکاریی یەکدی دەکەن بۆ ئەوەی پڕۆگرامێکی گشتیی نوێ بۆ سووریا دروست بکەن، کە تایبەتمەندیی هەموو خەڵکی سووریای تێدا بێت. تا ساڵی 2027-2028 دەبێت پڕۆگرامێکی نوێ لەسەر ئاستی سووریا دەربچێت و پەروەردە بەگوێرەی ئەو پڕۆگرامە بێت.
 
رووداو: لە رۆژئاوای کوردستان داواکارییەکی گشتی هەیە کە خوێندن لە هەموو قۆناخەکاندا بە زمانی کوردی بێت، چونکە زیاتر لە دە ساڵە خوێندکاران بە زمانی دایکی خۆیان دەخوێنن. لەم کۆبوونەوانەدا هەڵوێستی دیمەشق بەرامبەر ئەم داواکارییە چییە؟
 
عەدنان بەری:  ئێستا، وەک لایەنی گشتی، هەڵوێست ئەرێنییە. واتا هیچ کێشەیەک نییە کە پڕۆگرامی کوردیی خۆمان بگوترێتەوە، بەڵام هەندێک شتی تەکنیکی هەن، وەک نموونە کاتێک خوێندکارێک پۆلی 12 تەواو دەکات و دەچێتە زانکۆ، لە دیمەشق یان پارێزگایەکی دیکەی سووریا، دەبێت عەرەبیش بزانێت، بۆیە بۆ لایەنە تەکنیکییەکە ئێستا کار دەکرێت تا چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
 
رووداو: رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە کە کاتێک پڕۆگرامی نیشتمانی ئامادە کرا، بۆ زمانی کوردیش وەربگێڕدرێت بۆ رۆژئاوای کوردستان و ئەو ناوچانەی زۆرینەی کوردن؟
 
عەدنان بەری:  ئەمەش لە ناو گفتوگۆکاندایە. وەک لە سەرەتادا گوتم، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە دەردەکەون. ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی کە چارەسەر دەکرێت. وەرگێڕانی پڕۆگرامەکانی خوێندن بۆ زمانی کوردی یەکێکە لە پێشنیازەکان.
 
رووداو: تایبەتمەندیی هەموو پێکهاتەکان، وەک کورد، عەرەب، ئێزدی، کریستیان، لە ناو پڕۆگرامی خوێندندا جێگیر دەکرێن، بەتایبەت لە لایەنی ئایینی، مێژوویی و جوگرافییەوە؟
 
عەدنان بەری: بەڵێ، لە لایەنی زانستییەوە، وەک بیرکاری، فیزیا و کیمیا، لە هەموو شوێنێک وەک یەک دەبێت. تەنیا لەلایەنی مێژوو و جوگرافیادا هەندێک گۆڕانکاری دەکرێن. وەک گوتم، ئەندامانی دامەزراوەی پڕۆگرامەکانی ئێمە تێکەڵی دامەزراوەی پڕۆگرامە گشتییەکانی سووریا دەبن و پێکەوە پڕۆگرامێک دروست دەکەن، کە تایبەتمەندیی ناوچەکە لەبەرچاو بگرێت.
 
رووداو: لە پارێزگای حەسەکە لە سنووری پەروەردەی ئێوەدا چەند خوێندکار هەن؟
 
عەدنان بەری: زیاتر لە 700 هەزار خوێندکار هەن. ئەم ژمارەیە خوێندکارانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەو خوێندکارانەش دەگرێتەوە، کە پڕۆگرامی وەزارەتیان دەخوێند. لەگەڵ دەستپێکی ساڵدا کە دەبنە یەک، ژمارە گشتییەکە دەردەکەوێت.
 
رووداو: پرۆسەیەکی دیکەیش لە پێشە، ئەویش تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 9 و 12یە. ئامادەکارییەکانتان بۆ ئەم تاقیکردنەوانە چۆنن و چەند خوێندکار ئەمساڵ بەشدار دەبن؟
 
عەدنان بەری: لە سەرەتادا هەندێک کێشەمان هەبوو بۆ سەنتەرەکانی تاقیکردنەوە. لە 14 ساڵی رابردوودا تەنیا لە قامیشلۆ و حەسەکە تاقیکردنەوە دەکرا. ئێستا سەنتەرەکانمان زیاد کرد، لە شەدادێ، دێریک، تل کۆچەر و سەرێکانێش دەکرێن. بەگشتی لە شەش شار لەسەر ئاستی پارێزگا تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێن. تا ئەمڕۆ، سەدا 95ی ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە. تەنیا شتی زۆر بچووک ماون، ئەوانیش لە ناو دوو-سێ رۆژدا تەواو دەبن. ئێمە بۆ تاقیکردنەوەکان لە هەموو لایەکەوە ئامادەین.
 
رووداو: ئەمساڵ چەند خوێندکاری پۆلی 9 و 12 بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن؟
 
عەدنان بەری: ئەوانەی وەزارەتی پەروەردە نزیکەی 28 هەزارن و ئەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش 3 هەزارن. بە گشتی دەبێتە نزیکەی 31 هەزار خوێندکار.
 
رووداو: تیمێکی پسپۆڕ لە وەزارەتی پەروەردەوە لە دیمەشقەوە دێن یان پێویستتان پێیان نییە؟

 

عەدنان بەری:  بەڵێ، بەسەر سەنتەرەکانی تاقیکردنەوەدا دەگەڕێن. هەم لە وەزارەت و هەم لە بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە نوێنەر هەن، کە چاودێریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.
 
رووداو: بارودۆخی باڵەخانەی قوتابخانەکان چۆنە، وەک ژمارە چەند قوتابخانە هەن؟
 
عەدنان بەری: بەڕاستی، لە پارێزگای حەسەکە زیاتر لە 2000 قوتابخانە هەن. سەدا 70یان لە بارودۆخێکی خراپدان. لە گوندەکاندا هێشتا قوتابخانەی قوڕمان هەیە. زۆربەیان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە. جگە لەوە، لەم دواییانەدا زۆر ئاوارە هاتنە حەسەکە و زۆر لە قوتابخانەکانمان بوونە کەمپ بۆیان. کاتێک ئەوان لە قوتابخانە دەچنە دەرەوە، کارێکی زۆرمان دەوێت تا قوتابخانەکە دەگەڕێنینەوە باری ئاسایی. لەبەر ئەوە، بارودۆخی باڵەخانەی قوتابخانەکان بەڕاستی زۆر سەختە و کاری زۆری دەوێت. داوای هاوکاریمان لە هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتی کردووە. تا دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دەبێت ئەم قوتابخانانە ئامادە بکرێن، چونکە زۆر قوتابی لەسەر زەوی دادەنیشن. ئەمەش یەکێکە لە کێشە گەورەکانی بەردەممان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروێنەی گەنم لە حەسەکە. وێنە: North Press Agency

پارێزگاری حەسەکە بۆ رووداو: پلانێکی بەرفراوانمان بۆ وەرزی دروێنە هەیە

نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، پلانەکانی حکومەتی بۆ وەرزی دروێنە ئاشکرا کرد. پلانەکە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە، میکانیزمی کڕینی گەنم و شێوازی پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران لەخۆ دەگرێ