رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، رۆژانە باری پیکابێک لە فسفۆرەکانی سەر شەقام لە فەرمانگەکەیانەوە دەردەچێت بۆ چاککردنەوەی ئەو فسفۆرانەی دەشکێندرێن. دەشڵێت، "بەشێک لە شۆفێران بۆ کورتکردنەوەی رێگەکانیان بەسەر فسفۆرەکان دەکەون و دەیانشکێنن."
رۆژی پێنجشەممە، 1-12-2022، فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی شکاندنی فسفۆرەکانی سەر شەقامەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "شکاندنی فسفۆری سەر شەقامەکان زۆر بووە و رۆژ نییە لەلای ئێمەوە تیمێک بە یەک پیکابی پڕ لە فسفۆر دەرنەچێت بۆ گۆڕینی ئەو فسفۆرانەی دەشکێندرێن کە لەلایەن بەشێک لە شۆفێرانەوە دەکرێت و زۆر جار ئەوانە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرن."
فازڵ حاجی گوتیشی، "ئێمە چەندینجار هۆشداریمان داوەتە شۆفێران و بەردەوام دەبین، هەر رێگە یان شوێنێک فسفۆری لێ دانرابێت نابێت بەسەری بکەون، کەچی بەشێک لە شۆفێرەکان بەسەر فسفۆرەکان دەکەون و دەیانشکێنن بێ گوێدانە ئەوەی پارەیەکی زۆرمان لەسەر دەکەوێت و زیانگەیاندنە بە موڵکی گشتی."
بەپێی یەکێک لە پسووڵانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر کە بۆ یەکێک لەو شۆفێرانە کراوە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت بەسەر فسفۆرێک دەکەوێت، بە بڕی 30 هەزار دینار سزادراوە.
ئەو فسفۆرانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان دایاندەنێن، زۆر جار وەکو بەربەستێکە بۆ ئەوەی شۆفێران بەسەری نەڕۆن و رێگە و سایدەکان لەیەکتر جیا دەکاتەوە، بەڵام بەشێکیان زوو زوو دەشکێندرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ