رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە 10 رۆژ لەمەوبەر، هەر بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەولێر 45 هەزار دینار دابەزیوە. گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشان لە هەولێر دەڵێ، دەروازەی هاوردەکردن بۆ نەوت کراوەتەوە و نرخی دابەزیوە.
رۆژی 9ی ئەم مانگە نرخی بەمیلێک نەوت لە شاری هەولێر بە کۆ 190 هەزار دینار بوو، بە 200 بۆ 205 هەزار دینار دەگەیشتە دەستی هاونیشتمانییان. 14ـی ئەم مانگە دابەزی بۆ 170 هەزار دینار بە کۆ و بە 180 هەزار دینار دەگەیشتە دەست خەڵک.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە کۆ نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزیوە بۆ 145 هەزار دینار و بە 10 هەزار گەیاندنەوە دەگاتە دەستی خەڵک".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر ئاماژەی بە هۆکاری دابەزینی نرخەکە کرد و گوتی، "پێشتر رێگە بە هاوردەکردنی نەدەدرا بۆ هەولێر و ئێستا دەرگای هاوردەکردنی کراوەتەوە".
هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوت لە هەولێر، دابەشکردنییەتی لە لایەن حکومەتەوە. کە بەرمیلێک نەوت بە 104 هەزار دینار و بە نرخی پاڵپشتیکراو دەدرێتە هاونیشتمانیان.
لە سلێمانی نرخی نەوت نزیکەی مانگێکە جێگیرە. عەلی فوئاد، نەوتفرۆش لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاوشێوەی چەند رۆژی رابردوو بەرمیلێک نەوت دەگەیێنینە ماڵان بە 175 هەزار دینار؛ لێرە نرخ نەگۆڕاوە".
ئەم ساڵ پێش هاتنی پاییز، بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بە 107 هەزار دینار بوو.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنی نەوت و 16-12-2025 رایگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان 120 ملیۆن و 294 هەزار و 200 لیتر نەوت بەسەر 601 هەزار و 471 خێزاندا دابەشکراوە".
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی دەوروبەر بووە، دوای ئەوان لە سەنتەری شارەکانیش دابەش دەکرێت".
هەروەها سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی ناوچەکانی سنوورەکەمان لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەر نەوتیان پێدراوە. دابەشکردن لە سەنتەری پارێزگاکان پێویستی بە فەرمان و رەزامەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە".
بەگوێرەی پارێزگاکان تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوت بەمشێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر:
هەولێر: 31 ملیۆن و 526 هەزار لیتر دابەشکراوە.
ئیدارەی سۆران: 16 ملیۆن و 290 هەزار و 400 لیتر دابەشكراوە.
پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە:
سلێمانی: 49 ملیۆن و 189 هەزار لیتر دابەش کراوە.
هەڵەبجە: 5 ملیۆن و 239 هەزار لیتر دابەش کراوە.
پارێزگای دهۆک
دهۆک: 15 ملیۆن و 731 هەزار و 200 لیتر دابەش کراوە.
ئیدارەی زاخۆ: 2 ملیۆن و 308 هەزار و 600 لیتر دابەش کراوە.
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە ناوچە شاخاوییەکانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ