رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، پاشەکشە لەو پۆستانە ناکەن کە بە شایستەی خۆیانی دەزانن. دەشڵێت: ''نیازپاکیمان پیشانداوە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگییەوە بچینە بەغدا.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025، کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، کۆمەڵێک پرسی گرنگی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و، چارەنووسی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ پارتی خستە بەر باس.
کاروان گەزنەیی رایگەیاند، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو قۆناخ کراون، ''بەشی یەکەم بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوو کە هەنگاوی باشمان بڕی، بە هیوای ئەوەی بتوانین دیدگایەکی هاوبەش بۆ حوکمڕانیکردن لە هەرێمی کوردستان بەدیبهێنین.''
بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە کە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 کرا، راگرتنێک کەوتە دانوستاندنی یەکێتی و پارتی، تاوەکو رۆژی سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەم لە پیرمام کۆبوونەوە.
گوتەبێژی یەکێتی گوتی: ''کۆمەڵێک پرس بە هەڵپەسێردراوی مابوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی سێشەممە خراپ نەبوو و زەوینەسازە بۆ قۆناخەکانی داهاتوو.''
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. کاروان گەزنەیی دەڵێت: ''تەنیا کێشەیەکمان نییە کە بڵێین پۆستێکە. یەکێتی مەبەستیەتی هاوبەشێکی راستەقینەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان بێ و بۆ ئەوەش وەرەقەیەکی دانوستاندنمان ئامادە کردووە.''
گوتەبێژی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، ''پاشەکشە لە هیچ خاڵێکی وەرەقەی خۆمان ناکەین و ئەو پۆستانەی کە بە مافی خۆمانی دەزانین وەک شایستەی هەڵبژاردن، پاشەکشەی لێ ناکەین.''
کاروان گەزنەیی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا یەکێتی و پارتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەر شانە، ''چونکە لە بەردەم پێکهێنانی دوو حکومەتداین. بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ماف و شایستە داراییەکانی خۆمان لە بەغدا وەربگرین، پێویستیمان بە یەک گوتاری، یەکدەنگی و رێککەوتن هەیە. پێویستە لەپێناو نیشتمان سازش بکەین.''
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.
''پێویستە کورد لە بەغدا یەکدەنگ بێ''
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە کە دەبێ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە یەک وەرەقەی هاوبەشی دانوستاندن بچنە بەغدا، ''بۆ ئەوەش نیازپاکیمان پیشان داوە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە بە یەکدەنگی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان وەربگرین''.
کاروان گەزنەیی ئاماژەی بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد کە تاوەکو ئێستا وەک نەریتێک پشکی کورد بووە و لەنێو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیشدا بەر یەکێتی کەوتووە و گوتی، ''هێشتا هیچ بەربژێرێکمان دیاری نەکردووە، بەڵام بەربژێرمان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری دەبێ.''
گوتەبێژی یەکێتی سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە جیهاندا کە د. بەرهەم ساڵح بەربژێر کراوە رایگەیاند، ''پیرۆزبایی لێ دەکەین. جێگەی دڵخۆشییە کە کوردێک پۆستەکەی وەرگرتووە و هیوادارین بیکاتە ئامڕازێک بۆ خزمەتکردنی وڵاتانی لێقەوماو، بە دیاریکراوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ