حوکمدراوێک لە چاکسازیی گەورانی هەولێر کتێبێک دەنووسێت

02-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێک لە گرتووخانەی گەورانی هەولێر کتێبێک دەنووسێت و چاپی دەکات. ئەو گەنجە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە. سزادراوەکە لە پێشەکیی کتێبەکەیدا دەڵێت، "ژیانێکی زۆرم لەگەڵ کۆمەڵگەکان، لەگەڵ هەموو جۆرە کەسایەتی و هەموو جۆرە ئایین و بیروباوەڕێکی جیاواز تێپەڕاند، هەر کۆمەڵگەیەک تێگە و پێگەیەکی جیاوازی هەبوو لە لایەنی رۆشنبیری و نەریتی مرۆڤایەتی، ئەوەی من لە تەمەنمدا بینیم لەسەر دوو پێگە سەرچاوە دەگرێت، تاریکی و رۆشنایی."
 
رۆژی یەکشەممە 31-12-2023 بەشدار حەسەن، پارێزەری حوکمدراو داوود سلێمان شنگالی، کە نووسەری کتێبەکەیە گوتی، "ئەو لە 20ـی ئەیلوولی 2021 دەستگیرکراوە و لە چاکسازیی گەورانی هەولێرە، بەپێی ئەوەی لە ژیاندا زۆر گەڕاوە، لە گرتووخانەشدا تێکەڵیی زۆرە، بڕیاری نووسینی ئەو کتێبەی دا، بە چاپی گەیاند و لەسەر ئەرکی خۆی بە چاپی گەیاندووە و وەزارەتی رۆشنبیریش ژمارەی سپاردنی پێداوە."
 
گوتیشی، "ئەو گەنجە کتێبێکی دیکەی لەبەردەستدایە و وەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، ئەزموونی ژیانی خۆیەتی لەگەڵ خەڵکدا."
 
داوود سلێمان شنگالی، کە کاری سەرمایەگوزاریی کردووە، لە کتێبەکەیدا، کە ناونیشانی "زانین سەرتدەخات"ە و بە شێوەزاری کوردی-سۆرانی نووسراوەتەوە، لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەڵێت، "ئەم پەرتووکە ئامۆژگاریی شەوە تاریکەکانی منن بۆ رۆژە رووناکەکانی تۆ." هەروەها کتێبەکەش پێشکێش دەکات بە "هەموو ئەو کەسانەی کە تائێستا منیان ناسیوە یان نەناسیوە."
 
لە کتێبەکەیدا نووسەر دەڵێت، "ئەوەی لە چوارچێوەی ئەم پەرتووکەدا دەکەوێتە بەرچاوی ئێوەی بەڕێز و زانیندۆست، گوڵبژێرێک و خامەیەکە لە ئەزموونی تێگەیشتنم لە ژیان و سەربووردەی تەمەنم."
 
هەروەها دەڵێت، "ئەوەی ئامانجی سەرەکیمە تەنیا خزمەتێکە بۆ مرۆڤ لەڕێگەی مرۆڤدۆستی نە هیچی تر، بەشی هەرە زۆری ئەم رستە ئامۆژگارییانە وەرگیرا و لە ئەزموونی تێگەیشتنی منە لە ژیان و بەشێکی بچووکیش وتە و میراتی ناودارانی جیهانە کە بەلامەوە گرنگ بوون و بە پێویستم زانیوە بژاردەیەک لەو رستە و وتنە بەنرخانەش لەم کتێبەدا بگونجێنم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە