رووداو دیجیتاڵ
رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."
رەمزیە ئاڵپارسلان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک (21ی شوبات) بووە میوانی بووڵتەنی (نووڕۆژ)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و باسی لە مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی، وانە بژاردەکان و ستاتۆی زمان لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد.
کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی، دانەری میتۆدی فێربوونی "هینکەر"ـە (HÎNKER) کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان و رەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا بۆ فێربوونی شێوەزاری کرمانجیی سەروو بەکاری دەهێنن.
ئاڵپارسلان دەڵێت: "هەتا زمانی کوردی نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت و تەنیا دەتوانێت خۆی لەسەر پێ بهێڵێتەوە، بەڵام ئامانجی ئێمە گەورەترە و دەمانەوێ کوردی ببێتە زمانی ژیانمان."
"ئێستا نزیکترین مەترسی لەسەر زازاکی هەیە"
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی، مەترسیی هەرە گەورەی تواندنەوە لەسەر شێوەزاری کورمانجکی (زازاکی) دەبینێت و دەڵێت: "ئێستا بەرچاوترین و نزیکترین مەترسی لەسەر زازاکییە،" هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی پەروەردە بەو زاراوەیە و نەبوونی پێگەی فەرمی گەڕاندەوە.
رەمزیە ئاڵپارسلان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، پێویستی بە ستاتۆ و پێگەی فەرمیە؛ دەشڵێت: "تەنیا بەو جۆرە دواڕۆژەکەی مسۆگەر دەبێت."
ئاڵپارسلان روونیکردەوە، هەرچەندە وانەی بژاردەی کوردی و تێکۆشانی خێزانی، زمانەکەیان تا رادەیەک پاراستووە، بەڵام تاوەکو بە فەرمی دان بە زمانەکەدا نەنرێ و نەبێتە زمانی پەروەردە، هەنگاوی جیدی بەرەو پێش ناچێت.
هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، بەگوێرەی راپرسییەکان، ئێستا شێوەزاری کورمانجکی لە ناوچە زازانشینەکاندا لەنێو گەنجان و منداڵان 50٪ کەمتر بەکاردێت و دەڵێت: "ئەم کەمبوونەوەیە لە کورمانجیشدا دەبینرێت، بەڵام مەترسییەکە لەسەر زازاکی لە ئاستێکی بەرزتردایە."
رەمزیە ئاڵپارسلان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ناوچە زازانشینەکان لەمێژە رووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوە و گۆڕینی دیمۆگرافیا بوونەتەوە، بەڵام بەهۆی رەسەنایەتیی خۆیەوە تاوەکو ئێستا بەرگەی گرتووە.
"دەبێت دەوڵەت هەنگاوی جیدی بنێت"
دوێنێ هەینی 20-2-2026 دوایین وادە بوو بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان. ئاڵپارسلان لەبارەی دانەمەزراندنی مامۆستایانی کوردییەوە گوتی: "کێشەی سەرەکی، نەبوونی جیدییەتی بەرپرسانی دەوڵەتە لەم پرسەدا" و ئاماژەی بەوە کرد، مامۆستایانی دەرچووی بەشی کوردی دانامەزرێندرێن و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کەم دەخرێنە سەر کار کە لە ئاستی پێداویستییەکاندا نییە.
ئاڵپارسلان دەڵێت، خواستی پەروەردە بە زمانی دایک لە باکووری کوردستان زۆرە، بەڵام پاراستنی زمانی کوردی نابێت تەنیا بە هەڵبژاردن و خواستەوە بەند بێت، بەڵکو دەبێت وەک مافێکی سەرەکیی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کۆتاییدا پەیامی ئاراستەی خێزانی کورد کرد و بانگەوازی لێکردن کە پێش هەموو شتێک، دەبێت پاراستنی زمانی دایک لە نێو ماڵەکانەوە دەستپێبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ