هاوسەرۆکی SZK: خوێندن بە زمانی کوردی یەکێکە لە دۆسیەکانی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەڤپەیڤینی نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ ڤیان حەسەن، هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK)
هەڤپەیڤینی نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو لەگەڵ ڤیان حەسەن، هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK)
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە یەکخستنەوەی سیستمی پەروەردە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، ئەوان داوا دەکەن دامەزراوەیەکی هاوشێوەی (ئەکادیمیای زمانی عەرەبی لە شام) بۆ زمانی کوردیش هەبێت و خاوەن هەمان مافی یاسایی بێت.
 
ڤیان حەسەن، هاوسەرۆکی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی (نووڕۆژ)ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی 14 ساڵی (شۆڕشی زمان) لە رۆژئاوای کوردستان، دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سووریا دا وەک زمانێکی فەرمی خاوەن پێگە بێت و مافی خوێندن بە زمانی دایک بناسرێت.
 
"خوێندن بە زمانی کوردی هێڵی سوورە"
 
هاوسەرۆکی SZK تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و پڕۆسەی دانوستاندنەکان لەگەڵ دیمەشق و گوتی: "مەترسییەکی گەورە لەسەر پاشەڕۆژی زمانی کوردی هەیە، ئەگەر لە دەستووری بنەڕەتی دا جێگیر نەکرێت. ئەم 14 ساڵە رەنجێکی زۆر بۆ شۆڕشی زمان دراوە، بۆ ئەوەی ئەو رەنج و دەستکەوتانە بەفیڕۆ نەچن، خوێندن بە زمانی دایک بۆ ئێمە خاڵێکی بنەڕەتییە و بە هیچ شێوەیەک لێی پاشەکشە ناکەین."
 
ڤیان حەسەن ئاشکرای کرد، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق، یەکێک لە دۆسیە هەرە گرنگەکان پرسی زمان و پەروەردەیە. هەروەها گوتیشی، شاند و لیژنەی تایبەت لە پسپۆڕان پێکهێنراون بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دەربارەی یەکخستنەوەی سیستەمی پەروەردە گفتوگۆ بکەن.
 
"بڕیارنامەی 13 گرنگە، بەڵام بەس نییە"
 
سەبارەت بە بڕیارنامەی ژمارە 13ی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا، کە زمانی کوردی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساندووە، ڤیان حەسەن گوتی: "ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی سووریادا زمانی کوردی بەو شێوەیە بناسرێت، ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە و دەتوانین لەسەری بنیاد بنێین. بەڵام ئەم بڕیارە بەس نییە. قبوڵکراو نییە دوای 14 ساڵ لە خوێندنی کوردی لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ، ئێستا تەنیا هەفتەی دوو کاتژمێر وانەی کوردی بخوێندرێت، یان تەنیا مافی چالاکیی کولتووری بە کورد بدرێت. داواکاری ئێمە ئەوەیە کوردی نەک تەنیا وەک زمانێکی نیشتمانی، بەڵکو وەک زمانێکی فەرمی لە دەستووردا جێگیر بکرێت."
 
"مافێکی هاوشێوەی ئەکادیمیای زمانی عەرەبیمان دەوێت"
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پاشەڕۆژی دامەزراوەی زمانی کوردی و ئەگەری لکاندنی بە وەزارەتی پەروەردەی سووریاوە، هاوسەرۆکی SZK  ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە داوای یەکسانی دەکەن: "چۆن لە شام ئەکادیمیای زمانی عەرەبی هەیە و خاوەن پێگەیەکی یاساییە، دەبێت سازیی زمانی کوردی یان ئەکادیمیای زمانی کوردی بە هەمان مافەوە لە سووریا بناسرێت. ناوەکە کێشە نییە، ئەوەی گرنگە ناوەڕۆک و هەبوونی یاساییەتی."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە