دزی لە مەزارگەیەکی بەناوبانگی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت

02-01-2024
نیشانەکردن مەزارگەی وەیس قەرەنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند دزێک لە کرماشان هەڵدەکوتنە سەر مەزارگەی ئیمام وەیسی قەرەنی، پارەی نێو مەزارگەکە و "چەند تابلۆیەکی کۆن" دەدزن.
 
بەپێی راگەیاندنە خۆجێیەکانی پارێزگای کرماشان، شەوی دووشەممە، چوار کەس کە چەکیان پێ بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر و دەستوپێی خزمەتگوزاری مەزارگەکەیان بەستووە، مۆبایلەکەی و کلیلی مەزارگەیان لێ سەندووە و چوونەتە نێو مەزارگەکەوە. پارەی خێراتی نێو مەزارگەکە و چەندین تابلۆی کۆن و بەهاداریشیان بردووە.
 
بەڵام مامۆستا خەلیفە جەواد شەریفی، بەڕێوەبەری مەزارگەکە گوتی: دزەکان قوفڵی مەزارگەیان شکاندووە و تەنیا پارەکەیان بردووە، هیچی دیکەیان نەبردووە و هەموو کەلوپەلەکانی نێو مەزارگەکە لە جێگەی خۆیانن.
 
بەگوتەی خەلیفە جەواد شەریفی، دزەکان دوو کەس بوون و لە خزمەتگوزاری مەزارگەکەیان داوە، لەگەڵ دووکاندارێکی مەزارگەی وەیسی قەرەنیش بە شەڕ هاتوون و لەویشیان داوە.
 
خەلیفە جەواد شەریفی دەڵێ: ئەوە یەکەمجار نییە دزی لە مەزارگەکە بکرێت، بەڵکو 12 ساڵ لەمەوبەریش رووداوێکی لەمجۆرە روویداوە.
 
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای کرماشان بڕیاریان داوە پێداویستیی پاراستن، وەک کامێرا، بۆ ئەو مەزارگەیە دابین بکەن.
 
مەزارگەی ئیمام وەیس قەرەنی لەسەر شاخێکی بەرز لەنێوان شارەکانی کرماشان و روانسەرە و دروستکردنی بیناکەی بۆ سەردەمی سەلجوقییەکان، نزیکەی 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. 
 
مامۆستا جەواد شەریفی دەڵێت، شیعە و سوننەمەزهەبەکان گێڕانەوەی جیاوازیان بۆ وەیسی قەرەنی هەیە. پەیڕەوانی شیعە پێیانوایە لە شەڕی سەفین لەگەڵ حەزرەتی عەلیدا بووە و لەو شەڕەدا لەبەرامبەر سوپای موعاویەدا کوژراوە و لە سووریا نێژراوە، بەڵام سوننەمەزهەبەکان پێیانوایە وەیسی قەرەنی دوای کوژرانی حەزرەتی عەلی، لەبەر ناڕەحەتیی زۆر، کوفەی بەجێهێشتووە و لە ناوچەی کرماشاندا گیرساوەتەوە، دوای ئەوەی گیانی لەدەستداوە لەو شوێنەدا نێژراوە، کە ئێستا مەزارگەکەی لێیە.
 
وەیس قەرەنی لەنێو پەیڕەوانی شیعە و سوننەشدا رێزی تایبەتی هەیە و ساڵانە بە هەزاران کەس لە شوێنە دوور و نزیکەکانی سەردانی مەزارگەکەی دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.