کوردستان
مەلا بەختیار و لۆگۆی "هاوپەیمانی کوردستان"ی یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
یهكێتی و گۆڕان له ههڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق به یهك لیست به ناوی لیستی "هاوپهیمانی كوردستان"ی بەشداریی دەکەن، مەلا بەختیار دەڵێت: هاوپەیمانیی یەکێتی و گۆڕان لە ناچارییە.
رۆژی یەکشەممە 02-05-2021 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک چەند دێڕێکی بەشێوەی "رەخنە" لەبارەی هاوپەیمانێتی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە.
نووسینەکەی مەلا بەختیار لە ژێر ناوی "كورتیلە رەخنەی سیاسی ژمارە(39)، هەڵبژاردن و هاوپەیمانیی یەكێتی - گۆڕان"ـە و دەڵێت "سیستەمی لیستگەرایی هەڵبژاردنی ئەمجارە، هاوسەنگییەك لەنێوان توانای بەربژێر و كاریگەری حیزبەكان لە مەحەك دەدات. زۆرن ئەوانەی پێیانوایە زۆربەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشووی لیستی كراوە دەنگی خۆیان بووە. ئەمجارەیان بۆیان دەردەكەوێ، لافەكانیان چەند بڕ دەكات!"
مەلا بەختیار لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "حیزبەكانیش، بۆیە سووربوون لەسەر سیستەمی لیستگەرایی بازنەیی، هۆكارەكەی بەدینەهێنانی درووشمەكان و دۆخی نالەباری دەسەڵاتەكان و متمانەی لاوازی جەماوەرە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و لایەنەكان، لەبەر گەندەڵی و نادادپەروەری."
مەلا بەختیار پێیوایە راگەیاندنی هاوپەیمانی لەنێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق "لەبەر ئەوە نییە هەردوولا بەهێزن. بەڵكو لەبەر مەترسی سەرەنجامی هەڵبژاردنە. دوای ئەم هەڵبژاردنە، رێگەی تەندروستی هەردوولا.. یەكگرتنیانە.. هاوپەیمانی ناچاری.. گولاجە عیلاج نییە!"
یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان له ههڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق به یهك لیست به ناوی لیستی "هاوپهیمانی كوردستان"ی بەشداریی دەکەن و بەپێی زانیارییەکان لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ