لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک لافاو چووەتە نێو چەند ماڵ و قوتابخانەیەکەوە

02-05-2024
قوتابخانەی شۆراوی سەرەتایی. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
قوتابخانەی شۆراوی سەرەتایی. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لافاو دروستبووە، دەیان ماڵ و قوتابخانەیەکی سەرەتایش ژێرئاو کەوتوون. 
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە چەند ماڵێک و قوتابخانەیەک ژێرئاو کەوتوون. 
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی رووداو لە گەڕەکی شۆراو تۆماریکردوون، لە چەند شوێنێک ئاو تا ئاستی مەترێک بەرزبووەتەوە. لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت چەند کەسێک بە دار هەوڵی کردنەوەی مەنهۆڵەکان دەدەن بۆ ئەوەی رێڕەوی ئاو بکرێتەوە. 
 
هەر لە گەڕەکی شۆراو، ئاو چووەتە نێو قوتابخانەیەکی سەرەتاییەوە و بەهۆیەوە دەوام راگیراوە. ئەو کاتەی ئاو چووەتە نێو قوتابخانەکە، قوتابی و مامۆستاکان لە دەوام بوونە و تاقیکردنەوەی تێدا کراوە. 
 
بارانەکەی ئەمڕۆی کەرکووک لە چەند گەڕەکێکی باکووری شارەکە بەخوڕ باری. پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەهۆی ئەوەی سەری مەنهۆڵەکان لە چەند گەڕەکێک داخراوە، ئاو پەنگیخواردووە. 
 
هەرچەندە تیمەکانی فریاوکەوتن و بەرگریی شارستانی بۆ کردنەوەی رێڕەوەکان چوونەتە گەڕەکەکان، هێشتا نەیانتوانیوە بەتەواوی رێڕەوەکانی ئاو بکەنەوە. 
 
تیمەکانی فریاگوزاری بە رووداویان راگەیاند، خەڵک لەسەر رێڕەوەکانی ئاو خانوویان دروستکردووە: "پڕۆژە لەبەردەم رێڕەوی ئاو دروستکراوە لەبەرئەوە لافاو دروستبووە." 
 
دانیشتووانی گەڕەکەکەش دەڵێن، ئاوەڕۆکان بچووکن و توانای فڕێدانی ئاوەکەیان نییە. 
 
 
هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی شۆراو کە ئاو چووەتە نێو ماڵی، بە رووداوی گوت، ئاستی ئاو تا نیو مەتر بەرزبووەتەوە: "هەر لەم زستانەدا ئەمە سێیەمین جارە ئەمە روودەدات. تیمێک دێت، دوو بۆریی بچووک و مەنهۆڵێک دەکەنەوە و دەڕۆن. چارەسەری نییە. ئێرە نزمترین ئاستی زەوییە، هەموو ئاوەکە روودەکاتە ئێرە. ئەو رێڕەوانەی هەشن، بەرگەی ئەم ئاوە زۆرە ناگرن."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی، ئاوەڕۆی گەڕەکەکە باش نییە، ئاوی شوێنی دیکەش دێتەوە ئێرە. پێش بارانەکە مەنهۆڵەکانیشمان کردنەوە، بەڵام سوودی نەبوو. ئاوەکە بە لێشاو دەهاتە خوارەوە.
 
دانیشتووانێکی دیکەی گەڕەکەکە ئاماژەی بەوەدا، ئاوەکە تا سەر قەنەفەکان هاتووە. کەلوپەلی ماڵەکە زۆربەی بەهۆی قوڕاوەوە تێکچووە. 
 

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە