رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان رایدەگەیێنێت، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک لەسەر رێگەی کەلار - خانەقین گەنجێکی 18 ساڵان برینداربوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، درەنگانی شەوی رابردووش بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە لە ناحیەی گردەگۆزینەی قەزای کەلار حەوت کەس بریندار بوون کە چواریان منداڵن.
رۆژی هەینی، 2-6-2023، موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان لەبارەی ئەو دوو رووداوەی ئەمڕۆ و درەنگانی شەوی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکەی سەر رێگەی خانەقین لە نزیک گوندی (سەوزبڵاخ) و بازگەی ساڵح ئاغا روویداوە، ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری (شۆفرلێت ئیکۆنێکس) پێکیاندادا و کەسێک برینداربوو، بەهۆی سەختیی برینەکەشیەوە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی قەزای خانەقین شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستدا.
ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە بەپێی گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، لەدایکبووی ساڵی 2005ـە و دانیشتوی گوندی (مێخاس)ی سەر بە خانەقینە و لەلایەن تیمی هاتووچۆوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
موقەدەم سامان عەلی، لەبارەی رووداوەکەی درەنگانی شەوی رابردووی شارۆچکەی گردەگۆزینەی قەزای کەلاریشەوە بە رووداوی گوت: بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری (BMW) حەوت کەس بریندار بوون و چوار لە بریندارەکان منداڵن.
رووداوەکە وەکو سامان عەلی باسی کرد، لەکاتێکدا روویداوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە قەزای خانەقینەوە بە ئاراستەی کەلار چووە و ئۆتۆمبێلەکەی دیکە سووڕاوەتەوە بۆ ئەوەی بە ئاراستەی کەلار بگەڕێتەوە، بۆیە بەیەکیاندا کێشاوە. شەش لە بریندارەکان لەو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە سووڕانەوەکەی کردووە؛ چوار منداڵ و دوو ئافرەتن و لە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش تەنیا شۆفێرەکەی بریندارە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بریندارەکان دوای ئەوەی گەیێندراونەتە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە و سەرجەمیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ