رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی وزە و نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس ئەمڕۆ لە ریاز کۆدەبنەوە، دوای ئەوەی سعودیە دووجار پلانی کۆبوونەوەکەی گۆڕی.
بەرپرسانی کازاخستان، رووسیا، ئیمارات، کوێت و وەزیرانی دیکەی نەوت، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-6-2024) لە ریاز کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، بدەن.
بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئاگادار، 22 بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، رەنگە پلانی کەمکردنەوەکان درێژبکەنەوە تەنانەت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025.
پێشتر پلان دانرابوو کۆبوونەوەکە لە ڤییەنا بکرێت، کە نووسینگەی سەرەکیی رێکخراوی ئۆپێکە، بەڵام هەفتەی رابردوو بڕیاردرا کۆبوونەوەکە بکرێتە ئۆنلایین. رۆژی هەینی سکرتارییەتی رێکخراوی ئۆپێک لە راگەیێندراوێکدا گوتی کۆبوونەوکە ئۆنلاین دەکرێت.
بەڵام رۆژی شەممە، وەزیری وزەی سعودیە بانگهێشتی ئەندامانی ئۆپێک پڵەسی کرد بۆ ریاز، بەوپێیەش بڕیارە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوپەیمانیێتیی ئۆپێک پڵەس رووبەڕوو و لە سعودیە بکرێت.
بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریان داوە جگە لە کەمکردنەوەی رۆژانە 3.6 ملیۆن بەرمیل نەوت وەک پشکی خۆیان لە کەمکردنەوەکان، هەروەها رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر لە سەرووی پشکی خۆیان بە شێوازی ئارەزوومەندانە کەمبکەنەوە.
هەرچەندە کەمکردنەوەی 3.6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام کەمکردنەوە خۆبەخشانەکان بەپێی رێککەوتنی پێشوو، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەیە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئۆپێک پڵەس بە ئەگەری زۆرەوە بڕیار لە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەکانیش تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەدرێت.
عێراق، سعودیە و جەزائیر لەنێوان ئەو وڵاتانەدان، کە بەڵێنیان داوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان ئارەزوومەندانە کەمبکەنەوە.
بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، عێراق بۆی هەیە تەنیا رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لەو بڕەی بەرهەمهێناوە، لەبەرئەوەش لە چەند مانگی داهاتووەوە دەبێت قەرەبووی زیادەی بەرهەمهێنانی خۆی بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ