رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و لە دیدارەکەدا باس لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرایەوە.
رۆژی چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کرد. لە دیدارەکە گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دیدارەکەدا "جەخت لە گرنگیی رێزگرتن لە سیستمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی کرایەوە."
مەسرور بارزانی "سوپاس"ـی ئانو سارێلا، باڵیۆزی فینلەندای لە عێراق کرد بۆ کارکردنی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و "هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست."
لە بەرامبەردا باڵیۆزی فینلەندا پێزانینی خۆی بۆ هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەدنییەکان نیشان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ