ئاگری جەژنی نەورۆز لە باشووری کوردستان کرایەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەرچەندە بەهۆی دۆخی ئەمنی و جەنگی ناوچەکەوە راگەیێندرا کە رێوڕەسمەکانی نەورۆز بە فەرمی ناکرێن، بەڵام هاونیشتمانییان لە شارە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ئاگری نەورۆزیان کردەوە. بەرپرسێک دەڵێ: "دۆخ نالەبارە، بەڵام کاتێک دووژمنیش لێرەبوو ئاگری نەورۆز هەر دەکرایەوە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ 20ـی ئادار، ئاگر لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجە کرایەوە؛ هەروەها لە شاری بەغدا ئاگری نەورۆز کرایەوە.
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە یادی نەورۆز بە فەرمی ناکرێتەوە، بەڵام هاووڵاتییان ئازادن [ئاگر بکەنەوە] بەشێوەیەک کە قەرەباڵخی زۆر دروست نەبێ و رێکارەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە قەزا و ناحییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە شاری هەولێریش ئاگاری نەورۆز دەکرێتەوە. بەرپرسێکی باڵا بە رووداوی گوت: "رێوڕەسمێکی فراوان و فەرمی بەڕێوەناچێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".
 
لە سنووری پارێزگای دهۆکیش جگە لە چەند شوێنێکی پارێزگاکە، لە ئاکرێ رێوڕەسمی نەورۆز بەشێوەیەکی جەماوەریی بەڕێوەچوو.
 
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دۆخی ئەمنی و بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان و گەشتیاران رامانگەیاندبوو رێوڕەسمی فەرمی ناکەین، بەڵام خەڵکێکی زۆر زۆر هاتوونەتە ئاکرێ بۆ نەورۆز".
 
قایمقامی ئاکرێ گوتی: "خەڵک خۆیان هاتوون و دەهۆڵ و زووڕنایان هێناوە و شایی و هەڵپەڕکێ دەکەن و جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن. ئێمەش ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".
 
دلاوەر بۆزۆر گوتی، هەموو رێکارێکیان بۆ رێوڕەسمی فراوانی نەورۆز ئامادە کردبوو، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە رایانگرت؛ گوتیشی: "هەشت گرووپمان هەبوون مەشخەڵ هەڵبکەن و بچنە چیا، بەڵام ئێستا تەنیا دوو گرووپمان بە مەشخەڵەوە دەچنە چیا".
 
قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر باران رێگر نەبێ، "گەورەترین مەشخەڵ ئامادەیە لە چیا هەڵبکرێ، هێندە گەورە و بەرزە پێدەچێت لە شاری هەولێریشەوە ئاگرەکەی ببینرێت".
 
 
هەر ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک و نزیک قەڵای شارەکە لە رێوڕەسمێکی فراواندا بە بەشداری هاونیشتمانییان ئاگری نەورۆز کرایەوە.
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رێوڕەسمەکەی کەرکووکەوە گوتی: "پارێزگاری کەرکووک و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان ئاگرەکەیان کردەوە".
 
گەنجێکی کورد لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "نەورۆز رۆژی کوردە. ئەمڕۆ بۆ ئێمە سێ جەژنە؛ جەژنی رەمەزان، نەورۆز و رۆژی ئازادکردنی کەرکووکیشە لە راپەڕینی ساڵی 1991".
 
لە قەزای کەلار لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، لە قەڵای شێروانەی شارەکە هاونیشتمانییان کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە.
 
هەر ئەمڕۆ لە شاری بەغدا ئاگری نەورۆز کرایەوە. هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو گوتی: "ئەم ساڵ لە لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا کوردانی فەیلی کۆدەبنەوە و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە".
 
لە شاری سۆران لە پارێزگای هەولێر ئاگری نەورۆز کرایەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرنامەیەکی باشترمان دانابوو بۆ نەورۆز، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە نەمانتوانی وەک خۆی جێبەجێی بکەین".
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "هیچ ساڵێک لە کردنەوەی ئاگر نەوەستاوین، ئەوکاتەی دووژمانیش لێرەبوون ئاگرکردنەوەی کورد نەوەستاوە، بۆیە ئەم ساڵیش چالاکی ئاگرکردنەوەمان نەوەستاند".
 
لە پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای خوورماڵ ئاگری نەورۆز کرایەوە. سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو گوتی، "بۆ یەکەم جارە ئەمڕۆ لەسەر قەڵای گوڵعەنبەر لە خورماڵ ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە".
 
یەکێک لە ئامادەکارانی نەورۆز لە خورماڵ بە رووداوی گوت، جگە لە کردنەوەی ئاگر، ئاڵایەکی گەورەی شەش بە چوار مەتر بە بەرزی 22 مەتر بەرزدەکەنەوە.
 
لە زۆرینەی شار و شارۆچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ وێڕای بارانبارین و کەشی سارد، ئاگری نەورۆز کرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە