کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر قەڵای هەولێر. وێنە: پەیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 20-03-2026 رێوڕەسمی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو. سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، "بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاو دەنێین."
لە گوتەیەکدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆزی لە سەرۆک مەسعود بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد و گوتی، پیرۆزبایی "جەژنی رەمەزان و نەورۆز لە رابەر و سەرکردەی گەورەمان جەنابی سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و جەژنتان پیرۆز بێت."
لە درێژەی گوتەکەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، "خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو بەرانبەر بە زاڵم و ستەمکار وەستاون و هیچ کاتێک خۆیان نەچەماندووە، ئێستاش ئومێدمان وایە لەژێر سێبەری و بە رابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، گەلی سەربەرزی کوردستان، هەر سەردەکەوێت و بەرانبەر بە هەموو ستەمکارێک دەوەستێت."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئومێد دەکەین ئاسۆی گەلەکەمان لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، بە هێز و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگریی گەلەکەمان، پڕشنگدارتر و رووناکتر بێت."
مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت، "زۆر زۆر سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لەم کاتەدا کە دەبینین شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەماندا هەیە، ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک بپارێزین و بەدوور بگرین، دڵنیاشم بە پشتیوانیی خوای گەورە بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاو دەنێین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ