گرێبەستەکەی BP بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک کارا دەکرێت

02-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق، گرێبەستی کاراکردنی پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و دامەزراوەکانی گاز لەگەڵ کۆمپانیای BP واژۆ کرد. جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت دەڵێت، ئەم گرێبەستە وێڕای پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمی نەوت و گاز، هەلی کاریش بۆ خەڵکی کەرکووک و پارێزگاکانی دەوروبەری دەڕەخسێنێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-10-2025، بە سەرپەرشتیی حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوور و کۆمپانیای بی پی-ی بەریتانی گرێبەستی کاراکردنی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک و نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی گازیان واژۆکرد. 
 
وەزیری نەوت رایگەیاند، گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکووک یەکێکە لە گرێبەستە گرنگەکان و ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگەکانی (باوەگوڕگوڕ و ئاڤانا، جەمبوور، بای حەسەن و خەباز)ـە، جگە لە نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای گازی باکوور، زیادکردنی بەرهەمی گاز بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
رۆژی یەکی ئابى 2024، ئەو کۆمپانیا بەریتانییە لەگەڵ حکومەتى عێراق رێککەوتنى گرێبەستەکەیان واژۆ کرد، کە ئامانج لێى پەرەپێدانى کێڵگەکانى نەوتە لە کەرکووک لەگەڵ وەبەرهێنان لە گازى هاوەڵى ئەو کێڵگانە. 
 
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "جێگیرکردنی رێژەی بەرهەمی سەرەتایی بە 328 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە دەستپێکی گرێبەستەکە دادەنرێت و هەر بڕێکی زیاتر لەوەش، بە پرۆسەی پەرەپێدان هەژمار دەکرێت."
 
حەیان عەبدولغەنی هیوای خواست لە رێگەی ئەم گرێبەستەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی خاو زیاد بکات و بەمەش رێژەی سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ بەرز ببێتەوە.

 

 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاى بی پى و کۆمپانیای نەوتی باکوور، بە سەرپەرشتیی 9 ئەندازیاری بەریتانی و نزیکەی هەزار کرێکار و کارمەندی نێوخۆیی، کار لە 73 بیری نەوتی کێڵگەکانى کەرکووک دەکرێت. 
 
حەیان عەبدولغەنی گوتی: "ئەم گرێبەستە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی کەرکووک و پارێزگاکانی دەوروبەری، جگە لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا و پیشەسازییە نێوخۆییەکانی دیکە."
 
زەید یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بی پی لە عێراق رایگەیاند، کاراکردنی گرێبەستەکە "هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوبەشیی راستەقینە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی باکوور و گازی باکوور بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک." 
 
هەروەها عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی: "کاراکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگە نەوتییەکە و دیاریکردنی بەرهەمی سەرەتایی، دەستپێکێکە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی پەرەپێدانی کێڵگەکان بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی نەوت، کە سوودی گەورەی بۆ پارێزگاکە دەبێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە