رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی لەبارەی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیری بۆتان وەڵامی رەخنەکانی دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە و دەڵێت، "ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە رەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".
رۆژی 29-11-2025، سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کرد. ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
یەکێک لەو کەسانەی رەخنەی لە پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی گرت کە بە ئاڵای کوردستانەوە چوونەتە جزیری بۆتان، باخچەلی بوو. دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، "دەوڵەتەکەمان خاوەنی دەسەڵات و توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ پاراستنی هەموو سەردانیکارێک".
گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا دەڵێت، "هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو رێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی رێککەوتنێکی پرۆتۆکۆلی بووە لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێمی کوردستان، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک رووینەداوە".
بارەگای بارزانی دەڵێت، "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە رەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".
دەقی پەیامەکەی بارەگای بارزانی:
بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات.
قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو رێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک رووینەداوە.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا.
گوتەبێژی بارەگای بارزانی
2ی کانوونی یەکەمی 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ