رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، قۆناخی یەکەمی پرۆسەی چارەسەری تەواو بووە و ئێستا چوونەتە قۆناخی دووەم، ئەویش هەموارکردنەوەی یاساییە.
گولستان کڵچ کۆچیغیت، رۆژی دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی 2025 لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەشداریی لە بەرنامەیەکی رێکخستنەکانی پارتەکەی کرد کە سەرا بوجاک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەدیش ئامادە بوون.
کۆچیغیت، باسی لە سەردانی شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری بۆ دوورگەی ئیمراڵی و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و رایگەیاند، ئیدی ئیمراڵی بووەتە شوێنی چارەسەری و ئاشتی.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە بڕیاری جەهەپە بۆ نەچوون بۆ ئیمراڵی کرد و رایگەیاند، پێویستە دژایەتیکردنی دەسەڵات نەبێتە دژایەتیی پرۆسەی ئاشتی.
رۆژی دووشەممە 24 ـی تشرینی دووەمی 2025 شاندێکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهینراوە و پێکهاتبوو لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە 27 ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیراوە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، "لە رووی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و پێشخستنی ئەرێنییانەی پرۆسەکە لە روانگەی هەرێمییەوە، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهاتوون".
شاندەکە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و کۆمیسیۆنەکە کرد.
گولستان کڵچ کۆچیغیت، ئەندامی دەم پارتی لە شاندەکەدا رایگەیاند، سەردانەکە زۆر باش، ئەرێنی و لە کەشێکی باشدابوو و گوتی: "سەبارەت بە سەردانەکە، وەکو شاند زانیاری دەدەینە کۆمیسیۆنەکە و راستەوخۆ ئاگاداری دەکەینەوە"
بریارە رۆژی پێنجشەممە چواری کانوونی یەکەمی 2025 کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان لە 19 ـیەمین کۆبوونەوەیدا ئەنجامی سەردانی شاندەکە بۆ ئیمراڵی گفتوگۆ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ