رووداو دیجیتاڵ
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە چەند شارێک گرژیی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە شاری مەلەکشایی ئیلام چوار کەس کوژراون و میدیای سوپای پاسدارانیش کۆی ژمارەی کوژراوان بە 7 کەس رادەگەیێنێت.
لە شاری مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام، خۆپێشاندانەکان شەڕ و ئاڵۆزیی تێکەوت و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە. بەگوێرەی ئامارێکی نافەرمی، چوار کەس بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن، لە ئێوارەی 28-12-2025ـەوە لە تاران دەستیپێکرد و ئێستا زۆرینەی پارێزگاکانی گرتووەتەوە، لەوانە: فارس، ئەلبۆرز، ئیسفەهان، هەمەدان، خوراسان، قوم، خوزستان، کرماشان، لوڕستان و ئیلام.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت "کۆمەڵێک کەس دەستگیرکراون کە هەوڵی تێکدان و بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانیان داوە."
لە بەرامبەردا میدیای نزیک لە سوپای پاسداران دیمەنی هەندێک کەسی بڵاوکردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات "لە نێو خۆپێشاندەراندا کەسانێک هەن چەکیان پێیە"، بەڵام خۆپێشاندەران رەتیدەکەنەوە و دەڵێن ئەوان هاووڵاتیی ئاسایین و تەنیا داوای مافی خۆیان دەکەن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخەکەوە گوتی: "ئێمە رازی نین کێشە بۆ کاسبکارەکانمان دروست ببێت و تەنانەت ئەوانەشی دەستبەسەرکراون. دەبێت بچین قسەیان لەگەڵ بکەین؛ ئەگەر قسەیەکی راستیان هەیە و ئێمە تاوانبارین، هەوڵ دەدەین هەڵەکەمان چاک بکەین."
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد کازم موەحیدی ئازاد، داواکاری گشتیی ئێران هۆشداری دا و گوتی: "ئاسایشی گشتی و ئارامیی کۆمەڵگە هێڵی سووری ئێمەیە و دەبێت رێگە نەدرێت دووژمنانی بیانی و بریکارە نێوخۆییەکان ئاسایش تێکبدەن."
بەگوێرەی میدیای نزیک لە سوپای پاسداران، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 7 کەس کوژراون و دەیان کەسیش دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ