رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، جارێکی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر، بەڵام دوو سەرچاوەی باڵا لە پارێزگای هەولێر بە رووداویان راگەیاند، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
دوای ئەوەی درەنگی شەوی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی فراوانیان کردە سەر شوێنی چەکدارانی گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە خاکی عێراق و سووریا. ئەمڕۆ شەممە گرووپێکی شیعە بەناوی "مقاوەمەی ئیسلامیی لە عێراق" رایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریریان کردووەتە ئامانج.
لەوبارەیەوە رووداو لەگەڵ دوو بەرپرسی باڵای کارگێڕیی و هاونیشتمانیانی نزیک لە فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر قسەی کرد، هەموو سەرچاوەکان رەتیدەکەنەوە هیچ هێرشێک کرابێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە پاش کەمێکی دیکە دژە تیرۆری کوردستانیش راگەیێندراوێک لەم بارەیەوە بڵاوبکاتەوە.
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەڕی نێوانیان، هەندێک گرووپی چەکداری دیکە بەشداریی خۆیان لە شەڕەکەدا راگەیاند و پاڵپشتی حەماسیان کرد، لەوانە گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا "ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی" دەکرێن.
ئەو گرووپە تاوەکو ئێستا، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە چەندین هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە و زۆرینەی هێرشەکانی لەڕێگەی درۆنەوە بووە.
یەکشەممەی رابردوو لە هێرشێکی گرووپە شیعەکاندا سێ سەربازی ئەمریکیی کوژران، شەوی رابردوو کاژێر 12:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا چەند پێگەیەکی هێزە شیعەکانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە 28 چەکداری ئەو گرووپانە لە عێراق و سووریا کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ