رووداو دیجیتاڵ
ماسی زیرەک و چێشتخانە و کافتریای (MM) لە شاری هەولێر دەڵێن، داشکاندن تاوەکو 50% بۆ هەرکەسێک دەکەن بە جلی کوردییەوە سەردانیان بکات.
حاجی شاخەوان محەممەد، خاوەنی (ماسیی زیرەک) لە شاری هەولێر، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو کات گرنگیم بە جلی کوردیی داوە. لەو چوارچێوەیەدا رایدەگەیێنم، هەرکەسێک بە جلی کوردییەوە سەردانم بکات 50% داشکاندنی بۆ دەکەم."
خاوەنی (ماسیی زیرەک) گوتی، "لای ئێمە کیلۆیەک ماسی بە ئامادەکراوی 16 هەزار دینارە. هەر کەس بە جلی کوردییەوە بێت لە هەردوو لقەکەمان هەرچەندە بخۆن کیلۆی بە هەشت هەزار دیناری لێوەردەگرین."
حاجی شاخەوان دەڵێ، بەهۆی گرنگیدانی بە جلی کوردی "تەواوی وڵاتانی ئەورووپا" بە جلی کوردییەوە گەڕاوە و ئامانجییەتی زۆرترین هاونیشتمانی جلی کوردی لەبەربکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەمڕۆوە بۆ سێ رۆژ داشکاندنیان بۆ ئەو کەسانە بەردەوام دەبێ کە جلی کوردی لەبەر دەکەن.
سەربەست محەممەد، یەکێک لە خاوەنکارانی چێشتخانە و کافتریای (MM) لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داشکاندنەکەمان بۆ خزمەتکردنی کورد و کولتووری کوردستانە."
ئەوانەی بە جلی کوردییەوە سەردانی ئەو کافتریا و چێشتخانەیە بکەن لە پارکی شانەدەر2ـی هەولێر، 25% داشكاندنیان بۆ دەکرێ، بەڵام ئەوانەی جلی کوردی و ئاڵای کوردستانیشیان پێ بێ داشکاندنەکە دەکەنە 50% بۆیان.
سەربەست محەممەد گوتی، "خەڵک رۆژانە داشکاندن بۆ هەندێک بابەت دەکەن و هیچ پەیوەندییان بە کولتوور و ژینگەی کوردەوە نییە. ئێمە دەمانەوێ بایەخی زیاتر بە جلی کوردی بدرێ، هەروەها خەڵک لە گرنگیی ئاڵای وڵاتەکەی تێبگات."
داشكاندنەکەی چێشتخانە و کافتریای (MM) دوێنێ دەستیپێکردووە و تاوەکو 30ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ