لە مەرەش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر روویدا

03-03-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەکی نوێ روویدا. ئافاد دەڵێت، گوڕی بوومەلەرزەکە 5 پلە بووە و دەزگای بوومەلەرزەزانیی قەندیللی تورکیاش گوڕی بوومەلەرزەکەی بە 5.1 پلەی رێختەر تۆمارکردووە.
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، کاژێر 05:53 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی ئاداری 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی "دوانزەی شوبات" سەر بە پارێزگای مەرەش لە قووڵایی 6.95 کیلۆمەتر تۆمارکراوە. 
 
هاوکات دەزگای بوومەلەرزەزانیی قەندیللی تورکیا رایگەیاند، بوومەلەرزەکە بە پلەی 5.1ـی رێختەر بووە و گوندی "دۆنگەل"ـی سەر بە شارۆچکەی "دوانزەی شوبات" چەقی بوومەلەرزەکە بووە و لە قووڵایی 4.0 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
 
رۆژی 6-2-2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند و کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تائێستا زیاتر لە 45 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 هەزار کەسیش برینداربوون.
 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش نزیکەی شەش هەزار کەس گیانیان لەدەستدا. دوای بوومەلەرزە وێرانکارەکەی مەرەش لە شەشی شوباتدا، پاشلەرزەکان بەردەوامن؛ ئەم بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆش بە یەکێک لە پاشلەرزەکان دادەنرێت. 
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراون کە گەورەترینیان بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تۆمارکرا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە