ئاکپارتی دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە دەڕوات کە پێشبینییان کردبوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوامە و کۆمیسیۆنی پەرلەمانیش کارەکانی تەواو کردووە. دەشڵێت: "ئەو مافانەی وەکو شیری دایک رەوان، ناکەینە بابەتی مامەڵە."
 
ئەفکان ئاڵا، بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، رۆژی پێنجشەممە 25-12-2025 لە وۆرکشۆپێکدا لە ئەنقەرە، قسەی لەبارەی پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد کرد.
 
ئاڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجیان ئەوەیە کێشەی "تیرۆر" کە نیو سەدەیە تورکیای سەرقاڵ کردووە، لە رەگەوە چارەسەر بکەن و گوتی: "پرۆسەکە بەو شێوەیەی پێشبینیمان کردبوو بەردەوامە و دەگاتە ئامانجی خۆی. تورکیا بە هەنگاوی دڵنیاییەوە لەسەر رێگەکەی بەردەوام دەبێت. بۆ ئەوەی ببینە خاوەن بڕیار و دادپەروەری زیاتر بگەیەنینە جیهان، ئەم پڕۆژەیەمان دەستپێکرد".
 
سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکان، ئەفکان ئاڵا باسی لە کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی" کرد کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە.
 
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی گوتی: "کۆمیسیۆنەکە کارەکانی تەواو کردووە و راپۆرتەکان ئامادە کراون. لە قۆناخی داهاتوودا و لە ماوەیەکی کورتدا، پەرلەمانەکەشمان هەموو کارەکانی تەواو دەکات و بەرەو ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر هەنگاو دەنێت."
 
ئەفکان ئاڵا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان چارەسەرکردنی تەواوەتیی کێشە نێوخۆییەکانە و رایگەیاند: "ئێمە ئەو بابەتانەی وەکو شیری دایک مافی رەوای هاووڵاتییانمانن، ناکەینە بابەتی مامەڵە و دانوستاندن. ئەگەر مافێک هەبێت، رادەستی دەکەین."
 
سەبارەت بە هێڵە سوورەکانیش گوتی: "یەکێتی و یەکپارچەیی وڵات و ئارامیی 86 ملیۆن کەس جێگەی گفتوگۆ نین."
 
پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زیاتر لە ساڵێكە دەستیپێکردووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەکە بە "مێژوویی" ناودەبات و دەڵێ، "هەرگیز پاشەکشە نابێتە جێی باس".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی کەشوهەوای ورمێ

ژینگەی ورمێ: هەوای ورمێ و مەهاباد ناتەندروستە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێنوێنی کواڵیتیی هەوای شارەکانی ورمێ و مەهاباد بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی "ناتەندروست"، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات وریا بن.