راپرسییەک: لە پرۆسەی چارەسەریدا ئۆجەلان زۆرترین و ئۆپۆزیسیۆن کەمترین بەرپرسیاریێتی هەڵگرتووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی راپرسییەکی مەیدانی لە باکووری کوردستان، زۆرینەی بەشداربووان پێیانوایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆرترین بەرپرسیارێتی لە پرۆسەی ئاشتی لە ئەستۆ گرتووە، لەبەرامبەردا ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە "کەمتەرخەمترین" لایەن دەبینن.
 
ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی سۆسیۆپۆلیتیک (سامەر)، رۆژی هەینی، 26-12-2025 ئەنجامی توێژینەوەیەکی فراوانی بڵاوکردەوە، کە لە مانگەکانی کانوونی دووەم، ئادار، ئایار و تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ کردوویەتی.
 
راپرسییەکە لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان و بە بەشداریی شەش هەزار و 64 کەس کراوە، تێیدا پرسیار لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، کۆمەڵگەی دیموکراتیک و رۆڵی لایەنەکان کراوە.
 
لە وەڵامی پرسیاری ''لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دا ئاکتەرەکان تاوەکو چ ئاستێک بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ کردووە؟''، ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: 42.9٪
 
پەکەکە: 40.5٪.
 
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: 25.3٪.
 
دەسەڵات (حکومەت): 24.8٪.
 
پەرلەمانی تورکیا: 22.1٪.
 
ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا: 20.3٪ 
 
زۆرینە لەگەڵ "مافی هیوا"ن
 
تەوەرێکی دیکەی راپرسییەکە تایبەت بووە بە "مافی هیوا" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە. بە گوێرەی ئەنجامەکان، 71.9٪ـی خەڵکی باکووری کوردستان لایەنگری ئەوەن دان بە ''مافی هیوا''دا بنرێت.
 
ئەمە لەکاتێکدایە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا زیاتر لە ساڵێکە دەستیپێکردووەتەوە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە 22ـی تشرینی یەکەمی پار رایگەیاندبوو، ئەگەر ئۆجەلان داوای خۆهەڵوەشاندنەوە لە پەکەکە بکات، "با مافی هیوا بۆ ئەو جێبەجێ بکرێت."
 
بەرپرسانی پەکەکە دەڵێن، ئۆجەلان ئەو بانگەوازەی کردووە و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە، بۆیە ئێستا نۆرەی دەوڵەتە هەنگاو بنێت.
 
مافی هیوا چییە؟
 
مافی هیوا، پرەنسیپێکی یاساییە کە رێگە دەدات دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دیاریکراو (زۆرجار 25 ساڵ)، پێداچوونەوە بۆ سزای زیندانیی تاهەتایی بکرێت و هەڵسەنگاندن بۆ ئازادکردنی سزادراوەکە بکرێت.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ساڵی 2014ـدا سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبێ ئەگەری ئازادکردنی، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە قەڵەم دابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئاکپارتی.

ئاکپارتی دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە دەڕوات کە پێشبینییان کردبوو

بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوامە و کۆمیسیۆنی پەرلەمانیش کارەکانی تەواو کردووە. دەشڵێت: "ئەو مافانەی وەکو شیری دایک رەوان، ناکەینە بابەتی مامەڵە."