ئەمڕۆ دوایین رۆژ بوو بۆ کۆنفرانسی گۆڕان؛ کەی دەیکەن؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆی وەکو دواکات بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکردبوو کۆنفرانسی گشتیی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە کۆنفرانس ناکات. بەرپرسێکیان دەڵێت: "سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی یەکلاکەرەوە دەکرێ".
 
دوای ماوەیەک ناکۆکیی لەنێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان و بەستنی کۆنفرانس بەجیا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دانی بەهیچیان نەنا. دواجار کۆمیسیۆن بۆ کۆنفرانسێکی یەکلاکەرەوە رۆژی 26-12-2025ی وەکو دوایین کات بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریکرد.
 
ئەمڕۆ هەینی، 26ـی 12ـی 2025، بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ هەینییە و بەهۆی سەری ساڵەوە ئەم رۆژانە دەوام نییە، بۆیە کۆمیسیۆنیش رەچاوی ئەوە دەکات و کۆنفرانسەکە دوادەخات بۆ نزیکترین وادەی دوای ئەوە".
 
رێبین ئەحمەد، لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانییە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمیسیۆن نزیکترین کات بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی گشتی و گشتگیر دیاری دەکات و کۆنفرانس بەڕێوەدەچێت".
 
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی لەشاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی هەردوو ئاراستەکەوە، بێ ئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
 
رێبەند ئەحمەد گوتی: "لەم کۆنفراسەدا کە چاوەڕوانی کۆمیسیۆن دەکەین کات و هۆڵەکە دیاری بکات، بڕیاری کۆتایی دەدرێ، زۆرینەی دەنگ کێ بەدەستیهێنا خاوەنداریی لە بزووتنەوەکە دەکات".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی دیکەی گۆڕان بە رووداوی گوت: "کۆنفرانسی داهاتوو هیچ دەرفەتی ناکۆکی و دواخستنی نەماوە، کۆمیسیۆن رایگەیاندووە بڕیاری کۆتایی دەدەن و بەگوێرەی لیستی ئەندامانی 2017 ئەندامان بۆیان هەیە بەشداری بکەن، هەر کەسێکیش پشێوی دروست بکات خاوەنداریی گۆڕان دەدۆڕێنێت، ئەو ناوانەشی تۆمارکراون ئێستا لە هەردوو ئاراستەی بزووتنەوەکەمانن".
 
رێبەند ئەحمەد لە ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان گوتی: "کۆنفرانسەکە بۆ هەموو گۆڕان دەبێت و لە یەک هۆڵدا دەبێت، ناوی 2100 ئەندامی گۆڕان لای کۆمیسیۆن تۆمارکراوە بەگوێرەی ئەو ناوانەی کە لە 2017 تۆمار کراون ئەندامەکان بەشداری دەکەن و دەتوانن ببنە ئەندامی کۆنفرانس".
 
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە، لە گردەکە دەڵێن بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
 
ئەوانەی دەتوانن بەشداری کۆنفرانسەکەی گۆڕان بکەن و لە 2017 ناویان تۆمار کراوە ئێستا بەسەر هەردوو ئاراستە دابەش بوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.
 
هەردوو لایەنە ناکۆکەکەی گۆڕان پێشتر کۆنفرانسی جیایان بەست و سەرکەوتوو نەبوون، لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتی کرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێ نەدرا.
 
بەگوێرەی دەستووری نێوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
 
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئاکپارتی.

ئاکپارتی دەڵێت، پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە دەڕوات کە پێشبینییان کردبوو

بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" بەو شێوەیەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوامە و کۆمیسیۆنی پەرلەمانیش کارەکانی تەواو کردووە. دەشڵێت: "ئەو مافانەی وەکو شیری دایک رەوان، ناکەینە بابەتی مامەڵە."