رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی دامەزراوەی خانووبەرەی ئێران رایگەیاند، لە پارێزگای کرماشان 3700 هێکتار لە رووبەری شارەکانی پارێزگاکە لە خانوو و باڵەخانەکانی کۆن پێکدێن، کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. دەشڵێت، 400 هەزار کەس لەو شوێنانە دەژین.
ئەمیرحوسێن گورگانی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی دامەزراوەی خانووبەرەی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لە باڵەخانەی پارێزگاریی کرماشان بۆ رێکخستنی پێکهاتە شارییە کۆن و ناکارامەکان لە پارێزگاکە رایگەیاند، دامەزراوەی خانووبەرە تیشک دەخاتە سەر بەشداریی گشتی و ئامادەبوونی راستەوخۆی دانیشتووانی گەڕەکەکان لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەدا و خۆشبەختانە حکومەتیش دیدێکی ئەرێنی هەیە.
ئەمیرحوسێن گورگانی گوتی، ئێستا 177 هەزار هێکتار لە رووبەری شارەکان لەسەر ئاستی وڵات لە خانوو و باڵەخانەکانی کۆن پێکدێت، کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. گوتیشی، نۆژەنکردنەوەی گەرەکە کۆن و ناوچە شارییە ناکارامەکان یەکێکە لە کارە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی وڵات، کە پێویستە بە زووترین کات هەنگاو بنرێت بۆ رێکخستنیان.
ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی دامەزراوەی خانووبەرەی ئێران ئاماژە بە دۆخی پارێزگای کرماشانیش دەکات و دەڵێت، لە پارێزگای کرماشان سێ هەزار و 700 هێکتار لە رووبەری شارەکانی پارێزگاکە لە خانوو و باڵەخانەکانی کۆن پێکدێت، کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.
ئەمیرحوسێن گورگانی دەشڵێت، 400 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە لەو شوێنانە دەژین.
گورگانی ئەوەشی خستەڕوو، بە هاوکاریی وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە، شارەوانییەکان، پارێزگارەکان و وەزارەتی ناوخۆ، دەسەڵات دراوەتە دامەزراوەی خانووبەرە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە رێکخستنی ئەم گەرەکانەدا بکات و بە پشتبەستن بە توانای گەرەکەکان، رێوشوێنی گونجاو و پێویست بگرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ