رووداو دیجیتاڵ
پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە تورکیا دەکات و رایدەگەیێنێت، "بانگەوازەکە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە."
پژاک کە بە حیزبێکی نزیک لە پەکەکە دادەنرێت لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، "بانگەوازی ئۆجەلان دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەی تایبەت بە پرسی کورد لە ناوچەکەدا هەیە و دەرفەتێکی مێژووییە بۆ حکومەتی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی."
لە راگەیێندراوی پژاک دا هەروەها هاتووە، "بە تەواوی پشتگیری لە بانگەواز و دەستپێشخەری ئۆجەلان دەکەن بۆ دەستەبەربوونی ئاشتی لە تورکیا."
ئەو حیزبە "چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیخوازانە" لە رێگەی دانوستاندن و گفتوگۆ وە بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەزانێت.
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە.
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1ی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێیدەکەن و لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ