مەسرور بارزانی: هەوڵ دەدەین پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار دابەش بکرێت

03-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای هەوڵێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی هەولێر و بەغدا، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابنرێت.
 
دەشڵێت، "لەم دوو رۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمانەی گوتووە، تێیدا سوپاسی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکات، "لە ماوەی رابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم".
 
 هەروەها سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، "سوپاسی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەرێز محەممەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانه دەکەم کە هاوکار بوون تاوەکو پێکەوە بتوانین بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین".
 
ئەمڕۆ و دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆی بەردەوام، وەزارەتی دارایی عێراق 353 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
 
تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو. بۆ مووچەی مانگی شوبات، زیاتر لە 600 ملیار دیناری ناردبوو، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان داوای 949 ملیار دیناری کردبوو.
 
دوێنێ سێشەممە، شاندێک بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن.
 
لە راگەیێندراوی بەڕێکەوتنی شاندەکەدا هاتبوو "بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.