وەزارەتی ناوخۆ فۆڕێکسی قەدەخە کرد؛ '100٪ـی پارەکە دەچێتە دەرەوەی وڵات'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
وەزارەتی ناوخۆ فۆڕێکسی قەدەخە کرد؛ '100٪ـی پارەکە دەچێتە دەرەوەی وڵات'
وەزارەتی ناوخۆ فۆڕێکسی قەدەخە کرد؛ '100٪ـی پارەکە دەچێتە دەرەوەی وڵات'
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکدا هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک USDT و فۆڕێکسی قەدەخە کرد. ئەم بڕیارە کە لە 3ی ئایاری 2026 دەرچووە، کاردانەوەی زۆری لە بازاڕدا دروست کردووە و پسپۆڕانیش هۆشداری لەبارەی جۆری جێبەجێکردنەکەی دەدەن.
 
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ چی دەڵێت؟
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوە لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نراوە. هۆکارە سەرەکییەکانی بڕیارەکە بریتین لە:
 
• نەبوونی چوارچێوەی یاسایی: هیچ یاسایەک نییە مافی هاووڵاتییان لەم جۆرە مامەڵانەدا بپارێزێت.
 
• نەبوونی مۆڵەت: هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان و عێراق مۆڵەتی فەرمیی بۆ بازرگانیی فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان نییە.
 
• داخستنی شوێنەکان: هەر کۆمپانیا یان گرووپێک لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
 
مەترسییەکان؛ بۆچی ئەم بازاڕە قەدەخە کرا؟
 
دکتۆر هەرێم رێبوار، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان لەکاتی بەشداریکردن لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستە سەر لایەنە شاراوەکانی ئەم بازاڕە. ئەو دەڵێت، کێشەکە لە دوو جۆر کۆمپانیادایە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن:
 
1. کۆمپانیاکانی (Full System): ئەمانە بە بانکە جیهانییەکانەوە بەستراونەتەوە و قازانجیان لەسەر بنەمای کۆمیسیۆنە. ئەمانە مەترسییان کەمترە.
 
2. کۆمپانیا ناوخۆییەکان (مەترسیدار): بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی ئێرە بە بانکە جیهانییەکانەوە نەبەستراونەتەوە. قازانجی ئەم کۆمپانیایانە لەسەر "زەرەری هاووڵاتییان" راوەستاوە؛ واتە ئەگەر هاووڵاتییەک زەرەر بکات، پارەکە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیاکە، ئەمەش وای کردووە جۆرێک لە قۆستنەوە و فێڵکردن لە بازاڕدا دروست بێت.
 
مەترسییەکی گەورەتر: پارە دەچێتە دەرەوە
 
دکتۆر هەرێم رێبوار، وێڕای پاڵپشتی لە رێکخستنەوەی بازاڕەکە، هۆشدارییەکی تووند دەدات. ئەو پێی وایە قەدەخەکردنی تەواوەتی رەنگە ببێتە هۆی "چوونە دەرەوەی سەرمایە" (Capital Flight).
 
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە: "ئەم کارە ئۆنلاینە، کاتێک تۆ لێرە کۆمپانیاکان دادەخەیت، خەڵکەکە ناچار دەبن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیمارات، تورکیا و ئوردن ئیش بکەن. لەو حاڵەتەدا 100٪ ی پارەکە دەچێتە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی هیچ کۆنترۆڵێکی حکومەتی لەسەر بێت. ئەگەر ستەمێکیش لە هاووڵاتیی بکرێت، چونکە لێرە قەدەخەیە، ناتوانێت هیچ سکاڵایەک تۆمار بکات." 
گوتیشی، "بازاڕی فۆڕێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان ئۆنلاینە و بە داخستنی شوێنەکان کۆتایی نایەت. حکومەتی ئەمریکاش نەیتوانیوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی (USDT) بکات، چونکە سیستمێکی لامەرکەزییە".
 
بۆشایی یاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
 
دکتۆر هەرێم رێبوار دەڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان، بەدەر لە ئێران، تاکە وڵاتانی ناوچەکەن کە تاوەکو ئێستا بازاڕی فۆڕێکسیان رێکنەخستووە. لە وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات و کوێت، ئەم کارە مۆڵەتی هەیە و رێکخراوە. پێشنیاز دەکات لەبری قەدەخەکردن، حکومەت ئەم هەنگاوانە بنێت:
 
• دیاریکردنی مەرج و زەمانەتی دارایی قورس بۆ کۆمپانیاکان.
 
• جیاکردنەوەی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان لەوانەی تەنیا بۆ زەرەری خەڵک کار دەکەن.
 
• دانانی سیستمێکی چاودێریی توند لەژێر سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە. دکتۆر هەرێمیش دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی رێکخستنی یاسایی، ئەگەر هەر هاووڵاتییەک ستەمی لێبکرێت، ناتوانێت لە دادگەکانی ناوخۆ و دەرەوەش سکاڵا بکات، چونکە کارەکە لە بنەڕەتدا بە نایاساییە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تاقیکردنەوەی پۆلی 12. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا 5 نمرە بداتە قوتابییانی پۆلی 12

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پێنج نمرە وەک (نمرەی بڕیار) بداتە سەرجەم قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی، ئەوەش بە مەبەستی سوودمەندبوون و بەدەستهێنانی مافی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوە گشتییەکان.