رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق "باش بووە؛" ئاماژە بەوەیش دەکات، یەکێتی بە "پڕۆژە و پلان"ـەوە بەشدارى لە کابینەى نوێی حکومەتی عێراق دەکات.
بێستوون فایەق، راوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە سەردانەکەی عەلی زەیدی و شاندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قسەی کرد.
بێستوون فایەق گوتی، سەردانەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بووە و گوتی: "یەکێتی وەک هێزێکی کاریگەری کوردی و عێراقی، بە پڕۆژە و پلانی کوردستانی و عێراقییانەوە بەشداری لەم کابینەیەدا دەکات."
راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتی باسی لەوە کرد، حیزبەکەی پاکێجێکی "چەند لاپەڕەیی و چەند خاڵی" ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، کە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لەگەڵ بەربژێری راسپێردراو گفتوگۆی لەسەر دەکرێ.
بە گوتەی بێستوون فایەق، پاکێجەکەی یەکێتی سێ تەوەرى سەرەکی لەخۆدەگرێ:
یەکەم: ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق.
دووەم: پشکی کورد و بەدیاریکراوی پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی نوێ.
سێیەم: بابەتی خاک و ئەو بابەتە دەستوورییانەی کە چەندین ساڵە لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کێشەیان لەسەرە.
بێستوون فایەق گوتی، پلانی یەکەمی بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی "تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانەیە" و گوتیشی: "ئەمجارە یەکێتی بە جیدییەتێکی زیاتر دەچێتە گفتوگۆکانەوە بۆ ئەوەی کێشەکان سەرهەڵنەدەنەوە و لاپەڕەیەکی جیاوازتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبدرێتەوە."
سەبارەت بە رێککەوتنیان لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بێستوون فایەق رایگەیاند: "ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە. ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێوان یەکێتی و نەوەی نوێ هەیە، چۆن لە کوردستان هەیە، بێگومان لە بەغداش بەرکارە."
بێستوون فایەق گوتی، بەشێک لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ نەوەی نوێ جێبەجێ کراوە کە بریتی بووە لە دەنگدانی نەوەی نوێ بە بەربژێری یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. لەسەر ئەو بنەمایەش "بە یەک پاکێج یان بە یەک هاوپەیمانی دەچینە دانوستاندنەکانی دروستکردنی حکومەت و ئەو کاتە چۆنیەتیی دابەشکردنی وەزارەتەکان کێشەیەک نابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ