فراکسیۆنی پارتی: ناردنی مووچە نە خێرە نە سەدەقە تاوەکو موزایەدەی پێوە بکرێت

03-06-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پارتی داوای "یەکدەنگ"ـی لە پارت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 03-06-2025، فراکسیۆنی پارتی راگەیێندراوێکی وەکو وەڵام بۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو بڵاوکردەوە و تیایدا باسی راگرتنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەکات.
 
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە "بڕیارێکی سیاسی، نادەستووری و تەواو سیاسی" ناودەبات. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی:
 
وەڵامێك بۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو
  
لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە.
 
بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە.
 
هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان. 
 
لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە.
 
لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت.
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحسون قرمزیگوڵ، هونەرمەندی ناوداری کورد

مەحسون قرمزیگوڵ پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات

مەحسون قرمزیگوڵ، هونەرمەندی ناوداری کورد پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەران بۆ ساڵی 2025 لەلایەن فیفاوە.