رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر ئاماری کار و چالاکییەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، لەو ماوەیەدا سێ هەزار و 375 تاوانی جۆراوجۆر لە هەولێر ئەنجامدراون و تائێستا دوو هەزار و 961 تاوانیان ئاشکراکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3-7-2022، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکان، چوار هەزار و 777 تۆمەتباریان لە هەموو تاوانە جیاجیاکانی باندی دزی، کوشتن، ساختەکاری، ماددەی هۆشبەر و تەقەکردن دەستگیرکراون. گوتیشی؛ تۆمەتبار هەبووە ساڵانی پێشووتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بەڵام دەستگیرنەکراوە و لە ماوەی ئەم شەش مانگە ئێمە دەستگیرمان کردوون.
بە گوتەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بێت، لە هەولێر و دەوروبەری 22 تاوانی کوشتن تۆمارکراوە، 18 تاوان ئاشکراکراوە و 41 تاوانبار کە تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە دەستگیرکراون. هەروەها 24 رووداوی تەقەکردن تۆمارکراوە و هەر 24 کەسەکە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە.
لەبارەی تاوانەکانی رێگریکردن چوار تاوان تۆمارکراوە و سێیان ئاشکراکراون و تۆمەتباران دەستگیرکراون و دراونەتە دادگە. لەبارەی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: 43 تاوان تۆمارکراون و 36 تاوانی ئاشکرا کراون و هەر 36 ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و تۆمەتباران دراونەتە دادگە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو کەسانەی کە لەناو سەنتەری شاری هەولێر سواڵ دەکەن گوتی: "298 سواڵکەرمان لە ناو شاری هەولێر دەستگیرکردووە کە سیمای شاریان تێکدابوو و سۆزی خەڵکیان رادەکێشا و خۆیان دەکردە پەککەوتە بۆ ورژاندنی سۆزی خەڵک."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، 500 کارتۆن دەرمانی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و لە نێوبراون. هەروەها 379 شوێن کە زێدەڕۆیان لەسەر مۆڵکی گشتی کردبوو تێکدراون. 25 ئۆتۆمبێل کە بە گوێرەی رێنوێنییەکانی هاتووچۆ مامەڵەیان نەکردووە و خەڵکیان هەراسانکردبوو دەستی بەسەردا گیراوە و رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر کراوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاساییان لەگەڵ بگیرێتەبەر.
هۆگر عەزیز گوتیشی، 67 ماتۆرسکیلی بێ تابلۆ و نایاسایی راگیراون. 518 شوێن کە پێکهاتبوون لە نۆرینگە، مەساج، کافتریا، مارکێت، گۆشتفرۆش، جوانکاریی ئافرەتان، شوێنی لەشجوانی، کۆگەی دەرمان، دیسکۆ و هۆتێل بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنوێنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی داخراون. 47 چەکی بێمۆڵەت، 245 کەلوپەلی قەدەخەکرا و دەستیان بەسەردا گیراوە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، چوار هەزار و 56 سەرپێچیکار کە رێنوێنییەکانی حکومەت و پارێزگای هەولێریان جێبەجێنەکردووە دەستگیرکراون و رادەستی دادگە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ