رووداو دیجیتاڵ
شۆفێری ئەو ئۆتۆمبیلەی رۆژی 30-06-2023 لە ئامەدی باکووری کوردستان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو کە تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، رۆژی یەکشەممە 02-07-2023 دەستبەسەر کرا.
رووداوەکە لە رێگەی سەرەکیی فرات لە شارۆچکەی پایاسی سەر بە پارێزگای ئامەد روویدا.
دوای ئەوەی هەواڵ لەبارەی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی شەش کەسی دیکە بڵاوکرایەوە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.
بەگوێرەی ئەنجامی لیكۆڵینەوەکە، (ب. پ) کە شۆفێریی کردووە، سەرپێچیی کردووە و بووەتە هۆکاری رووداوەکە. هەربۆیە دەستگیر کرا و رەوانەی دادگە کرا. بە بڕیاری دادوەری ئێشکگر دەستبەسەر کرا و چاوەڕێی رۆژی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگەیی دەکەن.
لە رووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێک کە (ب. پ) شۆفێرەکەی بوو، سێ کەسی پیادەی کرد بەژێرەوە و دواتر خۆی بە شۆستەدا کێشا و سێ کەسی دیکەشی بریندار کرد کە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی تورکیا کە رۆژی یەکشەممە 02-07-2023 بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژانی پشووی جەژندا 17774 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە؛ لانیکەم 88 کەس گیانیان لەدەستداوە و 535 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ