پەرلەمانتارێک: لەمەودوا 30 رۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت

03-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان رێنماییەکانی تایبەت بە یاسای بودجە دەردەکەن و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی یاسای بودجەی عێراق دابەشدەکرێت. دەشڵێت: "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کێشەی مووچەیان نامێنێت و دەبێت 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت."
 
رۆژی دووشەممە، 3-7-2023، د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی یاسای بودجەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یاسای بودجە دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، چاوەڕوانی ئەوەیە رێنمایی وەزارەتی دارایی و پلاندانانی بۆ دەربچێت بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت."
 
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. د. بڕیار گوتی: "ئێمە چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەبین، ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت دەبێت لەپێشترێتی بۆ مووچەی فەرمانبەران بێت و دەبێت هەموو 30 رۆژ جارێک مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران دابەشبکرێت."
 
سەبارەت بە هاوتاکردنی وادەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: " حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی خۆی بۆ دابەشکردنی مووچە دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە دوانەکەوێت لە دابەشکردنی مووچە، نابێت خاوە خاوی تێدا بکات، چونکە هیچ کێشەیەک بۆ مووچە نەماوە و دەبێت مانگانە دابەشبکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت رێککردنەوە بکات و مووچەیەک زووتر دابەشبکات بۆ ئەوەی مووچەکە ببێتە مانگانە."
 
لەدوای ساڵی 2014ەوە کێشە بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان دروست بوو بەهۆی بڕینی بودجە و هەروەها شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە، ماوەی نۆ ساڵ دەبێت هەرێمی کوردستان بەبێ یاسای بودجەیە و کێشەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانیش بەردەوامە، چاوەڕواندەکرێت بۆ لەمەودوا ئەو کێشەیە نەمێنێت.
 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان نزیکەی 16 تریلیۆن دینارە. ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانکراوە 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینارە. بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر مانگەکانی ساڵدا دەردەکەوێت هەموو مانگێک ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت 774 ملیار و 959 ملیۆن دینار دەبێت.
 
فەیسەڵ نایلی، ئەندامی لیژنەی دارایی، لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بە رووداوی گوت: "کە رێنماییەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەرچوون، ئیدی جێبەجێکردنی بودجە دەستپێدەکات، واتە خەرجکردنی پارە دەستپێدەکات و دوای ئەوە پڕۆژەکان دەست پێدەکەن.
 
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رەشنووسی بودجە بەمشێوەیەیە: 
 
- مووچەی فەرمانبەران؛ 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینار
- چاودێریی کۆمەڵایەتی؛ 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار
- مووچەی پێشمەرگە؛ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار
 
ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان دەکرێت، دەگاتە 10 تریلیۆن و 873 ملیار و 817 ملیۆن دینار، بەو پێیە ئەگەر دابەشی مانگەکانی بکەین، مانگانە دەکاتە 906 ملیار دینار.
 
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، رۆژی 12-06-2023 پەرلەمانتارانی عێراق دەنگی بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و رەوانەی بەردەستی سەرۆککۆماری عێراق کرا.
 
رۆژی 21-06-2023 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی پەسند کرد و رایگەیاند، "پەسندکردنی بودجە، خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆئەوەی حکومەت دەست بە بەرنامەکەی بکات."
 
قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی ئەنەکەسە

ئەنەکەسە لە عەفرین: چۆڵنەکردنی خانووی کورد لەلایەن عەرەبەکانەوە گەڕانەوەی 400 خێزان دوادەخات

وێڕای رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا و بڕیاردان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، ئەندامێکی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگەخۆشنەکراوە بۆ گەڕانەوەی هەموو هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان